چاوەڕوانییەکان لە لووتکەی عەرەب لە جەزائیر

09:54 - 2022-11-01
ڕاپۆرت
473 جار خوێندراوەتەوە
کۆبوونەوەی سەرانی عەرەب

ئا: عەبدوڵڵا سدیق

وابڕیارە ئەمڕۆ لە جەزائیری پایتەختی جەزائیر،  31 یەمین کۆبوونەوەی لوتکەی سەرانی عەرەب دەست پێبکات. ئەم کۆبوونەوەیەش نزیکەی سێ ساڵ دواخرا، ئەمەش بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کۆمەڵێک کێشەی ترەوە، هەروەها جەزائیریش ئامادەنەبوو کۆبوونەوەیەک بکرێت کە تاڕادەیەک سەرکەوتوو نەبێت، هەروەکو میدیای رەسمی وڵاتەکە دەڵێت.   دواجار کۆبوونەوەکە کراو کۆمەڵێک سەرۆک و شاو شازادەی عەرەبی بەشدار بوون، هەندێکیشیان ئامادە نابن، بەشێک لەو سەرۆک و شازادانەش یەکەمجاریانە  بەشداری کۆبوونەوەکە ببن، سەرۆکایەتی شاندی عیراقیش لە لایەن د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراقەوە دەکرێت.
 لەلایەکی تریشەوە هەر لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، کۆمەڵێک کێشە و ئاڵۆزی  لە نێوان وڵاتانی عەرەبی پەیدا بوو، بەتایبەتی لە نێوان مەغریب و جەزائیر، کە خەریک بوو ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکە، هەرچەندە زوو کێشەکە چارەسەر کرا. لە هەمانکاتیشدا سەرانی عەرەب، لە بەردەم کۆمەڵێک کێشەی گەورەدان کە رووبەڕووی جیهانی عەرەبی دەبێتەوە، چارەسەرکردنیان ئاسان نییە.  هەرلەبەرئەمەیە زۆرێک لە  چاودێرانی سیاسیی عەرەبی، زۆر گەشبین نین بەم لووتکەیە، چونکە  کێشەکان زۆرن و چارەسەرکردنیشیان کارێکی ئاسان نییە.

سەرانی بەشدار بوو
لەم کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک سەرۆک کۆمار و شاو شازادەی عەرەبی ئامادە بوون، هەندێکیشیان بۆ یەکەمجارە سەرۆکایەتی وڵاتەکانیان  دەکەن و لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارن لەوانە: 
عەبدول مەجید تەبون. سەرۆکی جەزائیر، کە ساڵی 2019 ەوە وەکو سەرۆک کۆمار هەڵبژێراوە و سەرۆکایەتی لوتکەکەش دەکات. یەکەمجاریشە وەکو سەرۆکی جەزائیر بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات.
لەتیف رەشید: سەرۆک کۆماری عیراق. یەکەمجارە وەکو سەرۆک کۆماری عیراق بەشداری دەکات.
قەیس سەعید: سەرۆکی تونس. ئەمیش یەکەمجارە بەشداری دەکات، لە ساڵی 2019 دا وەکو سەرۆکی تونس هەڵبژێراوە.
میر حسێن کوڕی شا عەبدوڵڵا، جێنشینی شای ئەردەن، سەرۆکایەتی شاندی ئەردەن دەکات.
شێخ مەشعەل ئەحمەد جابر سەباح، جێنشێنی میری کوێت، سەرۆکایەتی شاندی کوێت دەکات.
عەبدولفەتاح بورهان. سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی سودان.
رەشاد علیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی یەمەنی، کە هەمووی شەش مانگە ئەم پۆستەی وەرگرتووە و یەکەمجاریشە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات.
موحەمەد مەنفی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی لیبیا، کە ساڵی پار پۆستی سەرۆکایەتی وەرگرتووە و یەکەمجاریشە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات.
لوبنان لەلایەن نەجیب میقاتییەوە سەرۆکایەتی شاندەکەی دەکرێت، چونکە سەرۆک میشێل عون ، خوولی سەرۆکایەتییەکەی تەواوبووە و نوێنەرایەتی حکومەتی کاتی لوبنان دەکات. ئەمیش یەکەمجارە بەشداری دەکات
هەروەها هەریەک لە عادل عەبدولرەحمان عەسومیی سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی کە ساڵی 2020 هەڵبژێرا، حسێن ئیبراهیم تەها ئەمینداری گشتی کۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی، کە ساڵی پار هەڵبژێرا، ئەم دووانەش یەکەمجاریانە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.  

گرنگترین بابەتەکانی ئەم کۆبوونەوەیە
وا بڕیارە لەم کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک کێشە و دۆسێی گرنگ باس بکرێت و پاشان بڕیاری لەسەر بدرێت، هەندێکیان تازەن وەکو جەنگی ئۆکرانیا و روسیا، قەیرانی وزە، دەستێوەردانی تورکیا و ئێران لە وڵاتانی عەرەبی، هەندێکیشیان کۆنن وەکو کێشەی فەلەستین. گرنگترینیان:
کێشەی فەلەسەتینی.
کێشەی سوریا و لیبیا  و یەمەن.
جەنگی ئۆکرانیا و روسیا و دەرهاویشتە و کاریگەکەرییەکانی بەسەر جیهانی عەرەبییەوە.
دۆسێی تیرۆر و کاریگەری بەسەر جیهانی عەرەبیی و ناوچەکەوە.
ئاسایشی خۆراکی عەرەبی.
قەیرانی وزە.
دەستێوەردانی تورکیا و ئێران لە وڵاتانی عەرەبی.
چاکسازی لە کۆمکاری عەرەبی.

یەکەمین لوتکەی ئەلکترۆنی
ئەوەی مایەی سەرنجە و تاڕادەیەکیش نوێیە، ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی دەبێت، کە کاغەزی تێدا بەکارنایەت بۆ نووسینەوەی پرۆتۆکەڵەکان و پشت بە سیستمی ئەلکترۆنی دەبەسترێت. ئەمەش لە رووی ئامادەکارییەوە، شتێکی نوێیە لەم کۆبوونەوەیەدا، چونکە پێشتر سیستمی ئەلکترۆنی بەکارنەهاتووە لە کۆبوونەوەکاندا. وەکو چاودێرانی سیاسیش دەڵێن، ئەمە سەرەتایەکی باشە بۆ چاکسازی لە کۆمکاری عەرەبی، کە جەزائیر زۆر بە توندی داکۆکی لەم بابەتە دەکات.

جیاوازیی و کێشەی نێوان وڵاتان
ئەوەی مایەی سەرنجە هێشتا کۆبوونەوەکە  دەستی پێ نەکردبوو، کێشە کەوتە نێوان هەندێک وڵاتی عەرەبییەوە و تەنانەت هەندێک میدیای عەرەبیش باسیان لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی کۆبوونەوەکە دەکرد، بەتاییبەتی کێشەی نێوان مەغریب و جەزائیر. هەر لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبییدا کە رۆژێک پێشتر کرا، لە چارەکی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، چوار جار وەزیری دەرەوەی مەغریب، ناڕەزایی دەربڕیوە. هەروەها لەسەر زۆر دۆسێ و بابەت، کۆبوونەوەی سەرانی عەرەب، کێشە و جیاوازی لە نێوان وڵاتانی عەرەب هەبووە. 

کێشەی مەغریب و جەزائیر
ماوەی چەندین ساڵە کێشە و ململانێی توند لە نێوان مەغریب و جەزائیردا هەیە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەشدا کاتێک کەناڵێکی جەزائیری نەخشەی وڵاتانی عەرەبی بڵاوکردەوە کە تێیدا ناوچەی سەحرای خۆرئاوای، بە بەشێک لە مەغریب دانەنابوو، ئەمەش ناڕەزایی توندی لە لایەن مەغریبەوە لێکەوتووە، تەنانەت دەیانویست  لە کۆبوونەوەکە بکشێنەوە، هەرچەندە زوو کەناڵەکە و حکومەتی جەزائیریش روونکردنەوەیان بڵاوکردەوەو رایانگەیاند: کە هەڵەیەکی تەکنیکی بووە. کۆمکاری عەرەبیش روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە:  کە بۆ رووماڵکردنی کۆبوونەوەکە پەیوەندییان بە هیچ کەناڵێکی رەسمیی و نارەسمیی جەزائیرەوە نییە. 

جەزائیر و کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی
جێگەی ئاماژەیە ئەمە یەکەمجار نییە کە لە جەزائیر  کۆبوونەوەی سەرانی عەرەب دەکرێت، بگرە ئەمە سێهەمجار لەم وڵاتەدا ئەم کۆبوونەوەیە دەکرێت، یەکەمجار لە ساڵی 1973 بوو، ئەمەش  لە پاش جەنگی وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیل بوو لەو ساڵەدا.  دووەمیشیان لە ساڵی 1988 لە کاتی سەرهەڵدانی راپەڕینی گەلی فەلەستینی بوو کە بە « شۆڕشی بەرد» ناسراوە. سێهەمیشیان لە ساڵی  2005 لە پاش تیرۆرکردنی رەفیق حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان بوو.  هەربۆیە چەندینجار جەزائیر ئامادە نەبوو کۆبوونەوەکە بکرێت، هەتاوەکو تاڕادەیەک سەرکەوتوو نەبێت. 

دوو کورد سەرۆکایەتی عیراق دەکەن
جێگەی ئاماژەیە لەم کۆبوونەوەیەدا دوو کورد سەرۆکایەتی شاندی عیراقی دەکەن، ئەوانیش: د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق. لە هەمانکاتیشدا ئەم کۆبوونەوەیە لە پاش دامەزراندنی حکومەتی نوێی عیراق دەکرت، کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکی پێچوو.

کۆبوونەوەیەکی ئاساییە
زۆربەی میدیاکاران و چاودێرانی سیاسی عەرەبی ئەم کۆبوونەوەیە، بە رووداوێکی ئاسایی دەبینن و زۆر گەشبین نین بەوەی کە ئەم کۆبوونەوەیە بتوانێت کێشە زۆرەکانی جیهانی عەرەبی چارەسەر بکات، چونکە ئەمڕۆ بەشێکی زۆری وڵاتانی عەرەبی ب ەدەست جەنگی ناوخۆ و دەستێوەردانی دەرەکییەوە دەناڵێنن، هەروەها بەشێکی تریشیان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و سوتەمەنییەوە، تووشی قەیرانی دارایی گەورە بوونەوە. لە هەمووشی ترسناکتر، بەهێزبوونی رەوتە ئیسلامییە توندڕەوەکانن، کە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بە دەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنن.

سەرچاوەکان:  سکای نیوز، bbc. arabic

#لووتکەی عەرەب لە جەزائیر

بابەتە پەیوەندیدارەکان