سازمانی ئینقلابی و كوردستان

10:12 - 2022-11-01
کەلتور
505 جار خوێندراوەتەوە
ماو تسی تۆنگ

ئا: نیما سەرتیپ 

ساڵی 1964 لێكترازانێك لەناو حزبی» تودە» ی ئێران روویدا و رێكخراوێك بەناوی «سازمانی ئینقلابی حزبی تودەی ئێران لە دەرەوەی ئێران» دروست بوو كە زۆربەی ئەندام و لایەنگرانی حزبی تودەی ئێران كە دانیشتووی خۆرئاوای ئەوروپا بوون، پەیوەندییان بەو رێكخراوەوە کرد. (سازمان، واتە رێكخراو، ئینقلابی بەواتای شۆڕشگێڕ، لە زمانی فارسیدا ئینقلاب بە واتای شۆڕش دێت، بە پێچەوانەی زمانی عەرەبی كە ئینقلاب بە واتای كودەتا دێت). هۆكاری ئەو جیابوونەوەیەش ئەوە بوو كە دامەزرێنەرانی سازمانی ئینقلابی رەخنەیان لەوە هەبوو كە حزبی تودە سەر بە سۆڤییەتە و هەروەها سەركردەكانی تودە لەبری ئەوەی لە ناوخۆی وڵاتدا بن، لە دەرەوە گیرساونەتەوە. ئەوان رایان وابوو هێزێك كە خۆی بە رێبەری چینی كرێكار بزانێت، دەبێت لەناو خەڵك و خاكی خۆیدا بێت.

لە چ کاتێکدا دامەزرا؟
دروستبوونی سازمانی ئینقلابی هاوكات بوو لەگەڵ دابەشبوونی بزووتنەوەی كۆمۆنیستی بەسەر دوو بەرەی ناکۆکدا کە یەکێکیان یەكێتیی سۆڤیەت و ئەوی دیکەیان چین رابەرایەتییان دەکرد. سەرەتا سازمانی ئینقلابی مەیلیان بۆ كوبا و رێبازەكەی كاسترۆ هەبوو و بۆ ئەو مەبەستەش دوو دەستە لە ئەندام و لایەنگرانی سازمانی ئینقلابی بۆ پەروەردەكردن رەوانەی كوبا كران، بەڵام دواجار ئەو سازمانە مەیلیان گۆڕا و روویان لە چین و ماو تسیتۆنگ كرد. 
سازمانی ئینقلابی لە ساڵانی 1967-1968 پەیوەندییان لەگەڵ بزووتنەوەی چەكدارانەی كوردستانی ئێراندا دروستکرد و پاشان لە رێگەی باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و دواتریش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بە تایبەتی سەرۆک مام جەلال-ەوە پەیوەندییان بە بزووتنەوەی كوردایەتییەوە لە باشووری كوردستان كرد.
كتێبی سازمانی ئینقلابی و كوردستان، لەلایەن حەسەنی قازی-ەوە ئامادەكراوە و چەندین بابەتی ئەو كتێبەكە لەلایەن حەسەنی قازییەوە لە فارسییەوە كراوە بە كوردی كە تێیدا روانگە و بۆچوونی چەند سەركردەیەكی سازمانی ئینقلابی كە دواتر حزبی رەنجبەرانیان دامەزراند سەبارەت بە بزووتنەوەی كورد لە رۆژهەڵات و باشووری كوردستان خراوەتەڕوو.

بڕیار دەدات كە گەڕایەوە بۆ ئەوروپا
كورش لاشایی (کە لە باشووری كوردستان بە دكتۆر جەلال ناسرابوو)، یەكێك بوو لە دامەزرێنەران و سەركردە دیارەكانی سازمانی ئینقلابی،  لە ئەڵمانیا چاوی بە د.كەمال فوئاد دەكەوێت و بەمشێوەیە پەیوەندیی بە بزووتنەوەی كوردەوە دەکات لە باشووری كوردستان، دواتر لە بەغدا چاوی بە مام جەلال دەكەوێت و بە یارمەتیی مام جەلال، لاشایی دەچێتە رۆژهەڵاتی كوردستان و نزیكەی دوو مانگ لەگەڵ پێشمەرگەكانی كۆمیتەی شۆڕشگێڕی حزبی دیموكراتی كوردستاندا بە رێبەرایەتی سمایلی شەریف زادە، سولەیمانی موعینی، مەلا ئاوارە و حەمەدەمینی سیراجی دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەدا هەستێكی خۆشەویستی دڵپاكانە لە ئاست تێكۆشەران، بە تایبەتی شەریف زادە و مەلا ئاوارە لەلای كورش لاشایی دروستدەبێت و بڕیار دەدات كە گەڕایەوە بۆ ئەوروپا، سەركردایەتی سازمانی ئینقلابی هانبدات بێنە كوردستان و پەیوەست بن بە بزووتنەوەی چەكدارانەی كوردستانەوە لە دژی رژێمی شا. بەڵام كە دەگاتە بەغدا، هەواڵی شەهیدبوونی سمایل شەریف زادە و هاوڕێكانی دەبیستێت، لەبەرئەوەی كە ناتوانن لەناو رۆژهەڵاتی كوردستاندا دامەزرێن، لە بەكرەجۆ و سلێمانی و هەڵەبجە درێژە بە خەبات دەدەن. لاشایی دەڵێت: كە لەگەڵ مام جەلال دانیشتم، پێموت: كۆمۆنیستم و هەندێك لە مێژووی سازمانی ئینقلابی و رێبازی رێكخراوەكەم بۆ شیكردووە، هەڵبەت ئەو ئاگاداربوو لە جیاوازییەكانی نێوان چین و سۆڤییەت و ئەوەی پێمدەوت، هێندە بۆی تازە نەبوو. ل. 15 

دڵیان بە حزبی تودە خۆش نەبوو
لاشایی باس لە سمایلی شەریف زادە و مەلا ئاوارە دەكات و دەڵێت: تەواو كۆمۆنیست و شۆڕشگێڕی چەپ بوون، شەریف زادە بەدەم رێگاوە كتێبی دەخوێندنەوە و دەویست زۆرتر بخوێنێتەوە و زۆرتر شت بزانێت، مەلا ئاوارەش پوختەتر و مەندتر بوو لەچاو ئەوانی دیكە، مەلا ئاوارە شیعریشی دەنووسی و نازناوی « ئاوارە» بوو. سمایلی شەریف زادە و هاوڕێكانی دڵیان بە حزبی تودە خۆش نەبوو. ل21
سەبارەت بە شەریف زادە و سولەیمانی موعینی، لاشایی دەڵێت:» شەریف زادە و موعینی لایەنی رووناكبیریان هەبوو و ئەوەش سەرچاوەی لە شەوق و هەڵپەی ئەوان بۆ زانین و فێربوونی مەسەلەی سیاسی و تیۆری بوو. هەم تایبەتمەندیی رووناكبیریان هەبوو، لەگەڵ خەڵك و بۆ خەڵك بوون.» ل 33

خوسرەو  سەفایی ناسراو بە كاك قوباد 
خوسرەو سەفایی یەكێكە لە سەركردەكانی سازمانی ئینقلابی، بۆ ماوەیەك لەگەڵ هاوڕێكانی پەیوەندییان بە بزووتنەوەكەی سمایل شەریف زادەوە کرد و پاش شەهیدبوونی سمایل شەریف زادە و هاوڕێكانی، گەڕایەوە بۆ ئەوروپا و پاشانیش لە ساڵی 1972 گەڕایەوە بۆ ئێران بە مەبەستی درێژەدان بە خەبات، بەڵام ساڵی 1976 لەلایەن دەزگای ساواكەوە دەستگیركرا و دواتر لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانی لەدەستدا. ل 561 
سەفایی كاتێك كە دێت بۆ باشووری كوردستان نازناوی « قوباد» بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت و بە وتەی موحسین ریزوانی كە یەكێكە لە سەركردەكانی سازمانی ئینقلابی، مام جەلال خوسرەو سەفایی زۆر خۆشەویستووە و ئەو خۆشەویستییە وای كردووە كە ناوی كوڕەكەی بنێت قوباد.
موحسین ریزوانی ناسراو بە كاك عەلی یەكێكی دیكە بوو لە سەركردەكانی سازمانی ئینقلابی سەبارەت بە مام جەلال دەڵێت: مام جەلال كەسێكی لێهاتوو بوو، لەیەك كاتدا دەیتوانی پەیوەندیی دۆستایەتی لەگەڵ دوو لایەنی دوژمن و یەك نەویستدا هەبێت، تایبەتمەندییەك كە لە هیچ كام لە رێبەرانی كورددا نەبووە و ئێستاش نییە. مام جەلال مرۆڤێكی بەهۆش و بە زەكاوەت بوو، كتێبی زۆر دەخوێندەوە.
فاروق مەلا مستەفا سەبارەت بە سازمانی ئینقلابی دەڵێت: بەهۆی مام جەلال-ەوە منیش بوومە دۆستی سازمانی ئینقلابی كە دكتۆر جەلال و دكتۆر ئیبراهیم و ئیسماعیل لە سەركردە سەرەكییەكانیان بوو. رۆژنامەكەیان ناوی ستارە سورخ ( ئەستێرەی سوور) بوو. 
سازمانی ئینقلابی زۆر دۆستی مام جەلال بوون و زۆریان خۆشدەویست و سوپاسیان دەكرد. 

روانگەی نەوشیروان مستەفا سەبارەت بە سازمانی ئینقلابی
 نەوشیروان مستەفا لەبارەی بیروباوەری ماو تسیتۆنگ لە كوردستانی عیراق دەڵێت: «بیر و باوەڕی ماو تسیتۆنگ لەلایەن تاقمێك لە كادرانی سازمانی ئینقلابی حزبی تودەی ئێران لە دەرەوەی وڵات» كە ئەوسا لە كوردستان بوون بڵاوكردەوە، ئێمەش و دوایی كۆمەڵەش لە ژێر تەئسیری ئەوان ئەم بیرو باوڕانەمان وەرگرت. مەبەستی سەرەكیمان ئەوەبوو رێبازێكی سیاسی جیاواز و سەربەخۆ لە هەردوو حزبی شیوعی (لوجنەی مەركەزی و قیادەی مەركەزی) و هەر دوو پارتی (جەلالی و مەلایی بدۆزینەوە). من خۆم ئەگەرچی رێزێكی زۆرم بۆ ماو تسیتۆنگ هەبوو، وەكو بیركەرەوەیەكی شۆڕشگێڕ و سەركردەیەكی مێژوویی گەلی چین، بەڵام لە سەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەوە رەئیم وابوو بیروباوەڕی ماو « تەبەنی» نەكرێت، كە چوومە ئەوروپاش هەندێ قەناعەت و باوەڕم زۆرتر گۆڕان»). ل 356 

فوئاد قەرەداغی-ش تێڕوانینی خۆی هەیە
فوئاد قەرەداغی وەك ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و یەكەم كۆمیتەی سەركردایەتیی و جێگری یەكەمی سكرتێری كۆمەڵە سەبارەت بە سازمانی ئینقلابی دەڵێت: «لە كۆتایی شەستەكانی سەدەی رابردوو، رێكخراوێك لە حزبی تودەی ئێران بە ناوی «سازمانی ئینقلابی حزبی تودە لە دەرەوەی وڵات» هاتنە سلێمانی. سەبارەت بە كاریگەری سازمانی ئینقلابی لەسەر ئاراستەكردنی ئێمە بەرەو رێبازی ماو تسیتۆنگ راستییەكە نكۆڵی لێناكرێت و ئەو ماوەیەی كە كورشی لاشایی ( دكتۆر جەلال) لە سلێمانی بوو كاریگەرییەكی رۆشنبیریی لەسەرمان هەبوو، هەروەها كەسی دیكەی سازمانی ئینقلابی بە ناوەكانی خوسرەوی سەفایی ناسراو بە قوباد و ئیرەجی كەشكولی ناسراو بە ئیسماعیل، كاریگەرییان هەبوو.
ژمارەیەك لە سەركردەكانی سازمانی ئینقلابی، كورش لاشایی (دكتۆر جەلال)، دكتۆر سیاوەش پارسا نەژاد (دكتۆر جەواد)، دكتۆر عەلی سادقی (كاك ئیبراهیم، خوسرەو سەفایی (كاك قوباد)، عەتا كەشكۆڵی ( كاك موراد)، ئیرەج كەشكۆڵی (كاك ئیسماعیل)، سیامەك موئەییەدزادە (كاك سەفا)، موحسین خاتەمی (كاك كەمال) و ژمارەیەكی دیكە روویان لە باشووری كوردستان كرد و بەوتەی عارف كەریم، برادەرانی سازمانی ئینقیلابی كە هەڵگری بیروباوەڕی ماركسیزم لینینیزم و بیروباوەڕی ماو تسیتۆنگ بوون و كاریگەرییەكی گەورەیان هەبوو لەسەر بزووتنەوەی چەپی نوێ، ئەوان كە هاتن بۆ كوردستان و لە دەوری مام جەلال و سەركردەكانی تر كۆبوونەوە و توانیان رێڕەوی سیاسی لە كوردستان بگۆڕن بە قازانجی چەپ» ل388 
کتێبی سازمانی ئینقلابی و كوردستان لە راستیدا وەرگێڕانی ژمارەیەك بابەتی تایبەتی تودە، بڵاوكراوەی سازمانی ئینقلابی و كورتە نووسینی ژمارەیەك لە رووناكبیر و تیكۆشەری كوردستانە سەبارەت بە ئەزموونی خۆیان لەگەڵ ئەو تیكۆشەرە ئێرانیانەیە و دوو نووسین لەلایەن لاشایی و كتێبەكانی حەمید شەوكەتە. 
هەروەها لەو كتێبەدا ژمارەیەك بەڵگە و وێنە سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان سازمانی ئینقلابی و بزووتنەوەی كورد خراونەتەڕوو. 
پێویستە بوترێت ئەم نووسینە تەنها چەند سەرنج و تێبینیەكە و دەكرێت بە تێروتەسەلی لەسەری بنووسرێت.
 
سەرچاوە/ كتێبی « سازمانی ئینقلابی و كوردستان، لە ئامادەكردنی و وەرگێڕانی حەسەن قازی 

بابەتە پەیوەندیدارەکان