ئەمریکا لە بەردەم هەڵبژاردنێکی گرنگدا

09:12 - 2022-11-03
ڕاپۆرت
359 جار خوێندراوەتەوە
هەڵبژاردن لە ئەمریکا

ئا: عەبدوڵڵا سدیق

ئەمریکا لەبەردەم هەڵبژاردنێکی ئێجگار گرنگدایە، کە چارەنووسی جۆ بایدن-ی سەرۆکی ئەمریکا دیاریی دەکات. هەندێک چاودێری سیاسیش بە یەکلاکەرەوەی دادەنێن. 
وا بڕیارە لە 8 /11 هەڵبژاردنی کۆنگرێس و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران و بەشێک لە حاکمی ویلایەتەکان بکرێت، کە لە ئەمریکادا بە هەڵبژاردنی « نیوە» ناودەبرێت، ئەم هەڵبژاردنە رۆڵێکی ئێجگار گرنگی هەیە لە ئەمریکا، چونکە هەموو بڕیارەکانی حکومەت، دەبێت رەزامەندیی ئەم دوو ئەنجومەنەی لەسەر بێت، ئینجا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەکاتێکدا ئەگەر کۆمارییەکان بیبەنەوە، ئەوا  جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە. 

هەڵبژاردنی نیوە
هەڵبژاردنی نیوە Midterm Elections بریتییە لە هەڵبژاردنێک کە هەموو دوو ساڵ جارێک دەکرێت، ئەمەش بۆ هەڵبژاردنی 435 ئەندام کۆنگرێس،  هەروەها هەڵبژاردنی سێ یەکی ئەندامانی ئەنجومەنی  پیران  کە ژمارەیان دەگاتە 35 ئەندام کە کۆی گشتیان دەگاتە 100 ئەندام. جێگەی ئاماژەیە65 ئەندامەکەی تری ئەنجومەنی پیران شەش ساڵ جارێک هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێت. لە هەمانکاتیشدا هەڵبژاردن بۆ 36 حاکمی ویلایەتەکان دەکرێت، کە کۆی گشتیان دەگاتە 50 ویلایەت، جگە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان. 

راپرسی بۆ یاسایەکی گرنگ
لە هەمانکاتیشدا لەم هەڵبژاردنەدا راپرسی لەسەر کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ دەکرێت لەوانە: بڕیاردان لەسەر « لەباربردنی منداڵ» کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاریدا  یاسای فیدڕاڵی بۆ لەباربردن هەڵوەشاندەوە، بڕیارە نوێکەی دادگا، ئازادیی داوە بە ویلایەتەکان، کە خۆیان یاسای تایبەت بە خۆیان بدەن، ئەمەش لە هەندێک ویلایەت راپڕسی بۆ دەکرێت.  هەموو ئەمانە وایکردووە، کە ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگ و پڕ بایەخ بێت بۆ دەسەڵاتی ئەمریکا. 

یەکێک لە ویلایەتە گرنگەکان
یەکێک لەو ویلایەتانەی کە  چاوی میدیاکانی لەسەرە، ویلایەتی پەنسلڤانیایە کە یەکێکە لە ویلایەتە گرنگ و پڕ بایەخەکانی ئەمریکا. پێشتر ئەم ویلایەتە نازناوی «پۆڵا» ی هەبوو، ئەمەش لەبەرئەوەی  لەم ویلایەتدا پیشەشازیی ئاسن و پۆڵا زۆر بەهێز بوو، هەروەها پیشەشازیی خەڵوزی بەردینیش بە هەمانشێوە بوو، بەڵام بەهۆی بەهێزبوونی چین لە بواری پیشەشازیی ئاسن  و پۆڵا  و خەڵوزی بەردیندا، بەشێکی زۆری کارگەکان داخراون، چونکە نەیانتوانی کێبڕکێی بەرهەمی چینی بکەن، ئەمەش بووە هۆی بێکاربوونی زۆرێک لە کرێکاران و کارمەندانی ئەم دوو کەرتە گرنگەی ویلایەتەکە. هەرئەمەش وایکردووە کە زیاتر وتاری پۆپۆلیستی بەسەر ئەم ویلایەتەدا زاڵ بێت، هەردوو پارتەکەش ئەم جۆرە وتارانە بەکاردەهێنن. 

جەنگی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لەسەر ویلایەتەکە
هەردوو پارتەکەی ئەمریکا «کۆمارییەکان و دیموکراتەکان» گرنگی زۆر بەم ویلایەتە دەدەن و ململانێی توند لە نێوانیاندا هەیە. ساڵی 2016 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا توانی زۆرینەی دەنگی ئەم ویلایەتە بۆ خۆی بەرێت، بەڵام دواتر جۆ بایدن ساڵی 2020 توانی ئەم ویلایەتە بگەڕێنێتەوە بۆ باوەشی دیموکراتەکان.  ئێستاش هەردوو  پارتەکە لە جەنگێکی توندان بۆ وەرگرتنی کورسی ئەنجومەنی پیران لەم ویلایەتەدا.  کاندیدی کۆمارییەکان پزیشکێکی بە رەچەڵەک تورکە ناوی «محەمەد ئوز». لە بەرامبەردا کاندیدی دیموکراتەکانی  جۆن فیتەرمانە. 
 محەمەد ئوز، پزیشکێکی ناسراوی ویلایەتەکەیە و کەسایەتییەکی میدیاکار و بازرگان و دەوڵەمەندە. محەمەد ئوز لەساڵی 1960 لە شاری کلیفلاند لە ویلایەتی  ئۆهایۆ لەدایک بووە. باوکی لە هەرێمی قۆنیای تورکیاوە هاتووە و لەساڵی 1950 ەوە بنەماڵەکەیان تورکیایان بەجێهێشتووە و هاتوون بۆ ئەمریکا. لە هەشتاکانی سەدەی پێشوودا ماوەی دوو ساڵ لە سوپای تورکیادا کاریکردووە و دواتریش ماوەی شەش هەفتەش لە ژێر مەشقی تایبەتی سوپای تورکیادا بووە، کە تایبەتە بە هاووڵاتیانی دەرەوەی تورکیا. میدیاکانی ئەمریکا بە گومانەوە لە بارەی کەسایەتی و بۆچوونە سیاسییەکان و سەرچاوەی داهاتەکەی دەڕوانن. 
ئوز پێشتر میدیاکارێکی ناسراو بووە، پاشان بۆتە راوێژکاری سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، ساڵی 2020 لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، هانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای دا، کە دەرزیی «هیدروکسی  کلوروکین»  تایبەت بە نەخۆشی مەلاریا، بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاربهێنێت. بەڵام دواتر دەزگای «خۆراک و دەرمانی» ی ئەمریکا ئەم دەرمانەی رەتکردەوە. پاشان دەرکەوت کە محەمەد ئوز شەریکە لەو دوو کۆمپانیایەی کە ئەم دەرزییە بەرهەم دەهێنن و بڕی 630 هەزار دۆلار لە پشکەکانی ئەم دوو کۆمپانیایەی کڕیوە. 
لە لایەکی ترەوە ئوز  داکۆکی لە هەڵگرتنی چەک و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس و بەرگریی لە ئۆکرانیا دەکات و دژی روسیایە. 

خۆرهەڵاتییەکان لە ئەنجومەنی پیران و کۆنگرێس
لە ئەمریکا رەوەندێکی گەورەی خۆرهەڵاتی هەیە کە لە وڵاتانی لوبنان و سوریا و فەلەستین و عیراق  و میسرەوە کۆچیان بۆ ئەو وڵاتە کردووە، بەتایبەتی مەسیحییەکانی خۆرهەڵات، کە پێشەنگی رەوەندی خۆرهەڵاتی بوون لە ئەمریکا. ئەم رەوەندەش لەناو کۆمەڵگەی ئەمریکادا رۆڵی باشیان هەبووە و هەندێکیان توانیویانە بگەنە ئاستی باڵای دەسەڵات.  
هەروەها ژمارەیەکی زۆریشیان توانیویانە بگەنە ناو هەردوو ئەنجومەنی  نوێنەران و پیران و دەنگی هاووڵاتییانیش بەدەستبهێنن. بەتایبەتی لە سەدەی بیستەمدا. لەمەشدا مەسیحییەکانی لوبنان لە پێشەنگی هەموواندا بوون.  لە ساڵی 1959ەوە هەتا ئەمڕۆ، 20 ئەندامی بە رەچەڵەک خۆرهەڵاتی توانیویانە بگەنە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران بەتایبەتی لوبنانی و فەلەستینی و ئاشورییەکان.  
بۆ یەکەمجار لەساڵی 1959  جۆرج قاسم کە بە رەچەڵەک خەڵکی لوبنان بوو، توانی بگاتە کۆنگرێسی ئەمریکا، ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ ئەندامانی تر. پاشان لەساڵی 1967دا ئیبراهیم خازن کە بە رەچەڵەک لوبنانی بوو، لەسەر لیستی دیموکراتەکان توانی بگاتە کۆنگرێس. لەساڵی 1973 جیمس ئەبو رزق کە ئەمیش خەڵکی لوبنان بوو، توانی لەسەر لیستی دیموکراتەکان بگاتە ئەنجومەنی پیران. لە ساڵی 1977 دا ئادەم بنیامین کە بە رەچەڵەک ئاشووری بوو، توانی بگاتە ئەنجومەنی پیران. دواجاریش لە ساڵی 2017 دا چاڕڵی کریست  بە رەچەڵەک لوبنانی، توانی بگاتە ئەنجومەنی پیران.

دەرەنجام
بە دڵنییایەوە ئەم هەڵبژاردنە تەواو یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دوو ساڵی داهاتووی سەرۆک جۆ بایدن لە کۆشكی سپی، ئەگەر دیموکراتەکان توانییان سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەوا بایدن دەتوانێت تەواوی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بەبێ رێگریی و کۆسپێکی ئەوتۆ جێبەجێ بکات، بەڵام ئەگەر کۆمارییەکان لە کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیراندا زۆرینە بەدەستبهێنن، ئەوا دوو ساڵی داهاتوو دوو ساڵی زەحمەت دەبێت بۆ سەرۆک بایدن.

سەرچاوەکان: رۆژنامەی الشرق الاوسط 
                             رۆژنامەی ئەهرام

بابەتە پەیوەندیدارەکان