بەگرنگییەوە لە كۆتاییهێنان بە بڕیاری تاكڕەوی لە هەرێمی كوردستان دەڕوانرێت و پشتگیری لە بڕیارەكەی یەكێتی دەكرێت

لایەنە كوردستانییەكان لە دژایەتیی ״تاكڕەوی״دا لەگەڵ یەكێتی-ن

10:04 - 2022-11-03
ڕاپۆرت
478 جار خوێندراوەتەوە

«یەكێتی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەكاندا، نەك هەر پەنجەی خستووەتە سەر بڕیارە تاكڕەوییەكانی حكومەت، بەڵكو چارەسەرەكانیشی لای خۆی گەڵاڵە كردووە و بەجدی كاریان لەسەر دەكات»

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئاشكرا لەسەر تاكڕەوی و خۆسەپێنی و شێوازی چەوتی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، هاتۆتە دەنگ، هاوتەریبیش سەردانی هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی كردووە كە «چیتر یەكێتی قبووڵی ناكات و دەستكراوە دەبێت لە بەردەم ئەگەر و پێشهاتەكاندا». بە وتەی ئەندامێكی تیمە باڵاكەی یەكێتی: «لایەنەكانی دیكەش هاوڕای رەتكردنەوەی تاكڕەوین».

«نیگەرانییەكانی یەكێتی» لەسەر مێزی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەم قسەی لەسەر كراوە و هەمیش بڕیار لەسەر دروستكردنی لیژنەیەكی باڵا دراوە تا سەردانی هێزە سیاسییەكان بكات، كە پێكهاتووە لە هەڤاڵان ئاسۆ مامەند سەرۆكی تیمی وتووێژكار و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ و دكتۆر میران و سالار سەرحەد.

هەڵوێستی یەكێتی دەخرێتەڕوو
تیمە باڵاكەی یەكێتی تێڕوانین و هۆكاری نیگەرانی و هەڵوێستی یەكێتی بە ئاشكرا باسكردووە و هەروەها سەردانی مەكتەب و ئۆرگانەكانی یەكێتی دەكەن و بەرچاوڕوونی لەسەر «هەڵوێست و بڕیاری یەكێتی» دەخەنەڕوو.
تیمەكە لە نوێترین كۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەندامانی مەكتەب و راگەیاندنكار و رۆژنامەنووسانی مەكتەبی راگەیاندن، وردەكاریی گرنگیان خستەڕوو، لەوبارەیەوە ئاسۆ مامەند سەرۆكی تیمی وتووێژكار رایگەیاند: «یەكێتی رازی نابێت بەو حوكمڕانییەی ئێستای كوردستان، لەكاتێكدا حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم و دامەزراوەكانی دیكە بەپێی هەڵبژاردن و بەشداریی هەموانە».

چی دی یەكێتی ئەو دۆخە قبووڵ ناكات
ئاسۆ مامەند وتیشی: «یەكێتی لەبەر بەرپرسیارێتیی سیاسی و هەڵسەنگاندنی قۆناغەكان، دانی بەخۆیدا گرتووە، بەڵام لەمەودوا ئەو دۆخە قبووڵ ناكات و بۆ هەر ئەگەرێكیش ئامادەیە و ئۆباڵی پێشهات و لێكەوتەكانی ئەم بارودۆخە لەئەستۆ ناگرێت».

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهۆكاری رەچاوكردنی پێكەوەیی سیاسی و پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و بەرژەوەندییە باڵاكان، زۆرجار بێدەنگی هەڵبژاردووە، بەڵام بە وتەی تیمی وتووێژكاری یەكێتی «خاڵی كۆتایی لەبەردەم بێدەنگیدا دادەنێت».

لایەنەكان پشتگیریی بڕیارەكەی یەكێتی دەكەن
لایەنەكان بەگرنگییەوە لە كۆتاییهێنان بە بڕیاری تاكڕەوی لە هەرێمی كوردستان دەڕوانن و پشتگیریی بڕیارەكەی یەكێتی دەكەن، كە لە قۆناغی یەكەمدا تیمە باڵاكە سەردانی (بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، پارتی سۆسیال دیموكرات، حزبی شیوعی كوردستان و حزبی زەحمە‌تكێشانی كوردستان)ی كرد.

لایەنەكانیش لە حوكمڕانی ئێستای حكومەت نیگەرانن
سالار سەرحەد ئەندامی تیمی وتووێژكاری یەكێتی لەگەڵ لایەنەكان، بە PUKMEDIAی راگەیاند: «لەكاتی سەردانمان بۆ لای لایەنەكان، ئەوانیش هەمان نیگەرانیی ئێمەیان لەسەر حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان هەیە و پشتیوانیی بڕیارەكەیان كردووین». وتیشی: «یەكێتی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەكان، نەك هەر پەنجەی خستۆتەسەر بڕیارە تاكڕەوییەكانی حكومەت، بەڵكو چارەسەرەكانیشی لای خۆی گەڵاڵە كردووە و بەجدی كاریان لەسەر دەكات».

یەكێتی وتووێژەكانی دەباتە قۆناغێكی نوێوە
بەپێی زانیارییەكانی PUKMEDIA تیمە باڵاكە قۆناغی وتووێژەكانی دەباتە قۆناغێكی دیكەوە و هەروەها وردەكاری و هەڵوێستەكانی یەكێتی و هێزە سیاسییەكان بۆ مەكتەب و ئۆرگانەكان و پاشانیش بۆ چینوتوێژەكانی كۆمەڵگە دەخەنەڕوو.

یەكێتی، بەهۆكاری رەچاوكردنی پێكەوەیی سیاسی و پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و بەرژەوەندییە باڵاكان، زۆرجار بێدەنگی هەڵبژاردووە، بەڵام بە وتەی تیمی وتووێژكاری یەكێتی «خاڵی كۆتایی لەبەردەم بێدەنگیدا دادەنێت»

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان