یونادم یوسف كەننا: شێوازی هەڵبژاردنی كۆتاكانمان لە هەرێمی كوردستان بە دڵ نییە و قبووڵمان نییە

10:10 - 2022-11-05
ڕاپۆرت
448 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

یونادم یوسف كەننا سكرتێری گشتیی بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشووری و سەرۆكی هاوپەیمانیی رافیدەین، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، دەڵێت: «شێوازی هەڵبژاردنی كۆتاكانمان لە هەرێمی كوردستان بە دڵ نییە و قبووڵمان نییە».

«میللەتی ئێمە نوێنەری راستەقینەی خۆی هەڵنابژێرێت»
سكرتێری گشتیی بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشووری، لە لێدوانەكەیدا بۆ كوردستانی نوێ، دەڵێت: میللەتی ئێمە نوێنەری راستەقینەی خۆی هەڵنابژێرێت، لە هەرێمی كوردستان چەندینجارە هەر برادەران لە هەولێر كۆتاكانمان بۆ خۆیان و ئەو كەسانەی كە لە خۆیان نزیكن، دەبەن، ئەمەش كێشەیە و قبووڵمان نییە، دەبێت میللەت خۆی نوێنەری راستەقینەی خۆی هەڵبژێرێت، «خەڵكی ئاكرێ مافیان نییە دەنگ بە كاندیدێك لە دهۆك بدەن، خەڵكی دهۆكیش مافیان نییە دەنگ بە كاندیدێك لە زاخۆ بدات، بۆچی دەنگدەرێك كاندیدێك نەناسێت لە هەڵەبجە یان لە زاخۆ، بەڵام دەنگی پێبدات و هەڵیبژێرێت تا ببێتە نوێنەری كلدۆئاشووری، ئەمە ناڕەوایە».

«دەمانەوێت لیستی تایبەت بە دەنگدەرانی كۆتاكان هەبێت»
لەلایەكی دیكەوە، یونادم یوسف كەننا لە لێدوانێكدا كە ژمارەیەك لە كەناڵەكانی راگەیاندن بڵاویانكردۆتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ئێمە لەگەڵ مانەوەی ئەو شێوازەی هەڵبژاردنی كۆتاكان نین لە پەرلەمانی كوردستان، دەمانەوێت لیستی تایبەت بە دەنگدەرانی كۆتاكان هەبێت، تەنها خۆمان دەنگ بە نوێنەری خۆمان بدەین، هاوشێوەی هەڵبژاردنی ساڵی 1992، ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، كورسیی كۆتا نەمێنێت باشترە. راشیگەیاندووە: كاك مەسعود بارزانی دەڵێت: «كەس لەسەرووی یاساوە نییە». بەڵام زیاتر لە 40 گوندی ئێمە لە سنووری دهۆك لەلایەن خەڵكی دەستڕۆیشتوو بە پاڵپشتیی حزب و حكومەت لە دهۆك زێدەڕۆییان لەسەر كراوە، پێویستە سەروەریی یاسا بە حەقیقی ببینین. دەشڵێت: سەردەمی مەلا مستەفا، مافی پێكهاتەی مەسیحی زۆر باشتر پارێزراو بوو، بوونی مەسیحی لە سەركردایەتیی پارتی هیچ لە دۆخی ئێمە ناگۆڕێت، دەبێت رێز لە پێكهاتەی مەسیحی بگیرێت.

یەكێتی پشتیوانیداواكارییە رەواكانیانە

شایانی باسە، رۆژی 7/9/2022، وەفدێكی هاوبەشی پێنج حزبی كلدۆئاشووری، سەردانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا یەكێتی پشتیوانی بۆ داوا رەواكانی هاونیشتمانیانی كلدۆئاشووری لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كۆتای پێكهاتەكان، دەربڕی.
لە كۆبوونەوەكەدا، وەفدی میوان ئاماژەیان بە پڕۆژەیەكی تایبەتی هەر پێنج حزبەكە كرد بۆ هەمواری یاساكە و جیاكردنەوەی لیستی دەنگدەرانی كلدۆئاشووری بە جۆرێك كۆتای كەمینەكان گوزارشتی لێ بكات.

«پێویستە كورسیی كۆتاكان تایبەت بێت بە پێكهاتەكان»
پێشتریش پێنج حزبی كلدۆئاشووری لە راگەیەندراوێكدا گرنگترین داواكارییەكانی خۆیان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن خستبووەڕوو، ئاماژەیان بەوە دابوو كە پێویستە كورسیی كۆتاكان تایبەت بێت بە پێكهاتەكان و لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیی دیكەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان نەقۆزرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان