كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
ئه‌مه ناونیشانی ئه‌و كتێبه‌یه كه به‌م دواییانه مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به زمانی عه‌ره‌بی به چاپی گه‌یاندووه، كتێبه‌كه له دوو توێی 332 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره مامناوه‌نددا چاپ كراوه‌و محه‌مه‌د عوسمان لێپرسراوی (مركز المرصد) ئاماده‌ی كردووه، كتێبه‌كه چه‌رده‌یه‌ك له وتار‌و چاوپێكه‌وتنه‌كانی مام جه‌لال له‌خۆ ده‌گرێت، به تایبه‌ت ئه‌و وتار‌و چاوپێكه‌وتنانه‌یه كه له‌سه‌ر ئاستی جیهان و ناوچه‌كه‌و عیراقیش گرنگ بوون و ده‌نگدانه‌وه‌یان هه‌بووه.
به‌بیرتان دێنمه‌وه كه عیراق له به‌ره‌به‌یانی مێژووه‌وه خاوه‌نی داهێنان و شارستانییه، ئه‌وه بوو نووسینی داهێناو یه‌كه‌م یاسای داڕشت و گه‌وره‌ترین شارستانیشی دامه‌زراند كه كاریگه‌رییه‌كانی سه‌رتاپای جیهانی گرته‌وه‌و بوو به خاڵی وه‌رچه‌رخان له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، ئه‌مڕۆش عیراق جارێكی دیكه دێته‌وه مه‌یدان و ده‌بێته هاوبه‌ش له سیستمی نێوده‌وڵه‌تیدا..
مام جه‌لال باسی زۆر بڕیاری گرنگی خۆی ده‌كات، له‌وانه‌ش بڕیاری دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه به‌شێكی بچووكه له وتاره به‌ناوبانگه‌كه‌ی مام جه‌لال، كه رۆژی 15ی سێپته‌مبه‌ری ساڵی 2005، مام جه‌لال وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عیراق له باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێشكه‌شی كرد‌و به‌شێك له‌م كتێبه‌ی پێكهێناوه.
زۆرن ئه‌و وتارانه كه مام جه‌لال پێشكه‌شی كردوون، چ ئه‌وانه‌ی به زمانی عه‌ره‌بی بوون و چ ئه‌وانه‌ش كه به زمانی كوردی بوون، له هه‌ریه‌ك له‌و وتارانه‌دا مام جه‌لال وه‌ك نه‌ریتی هه‌میشه‌یی خۆی ئاماده‌بوانی سه‌رسام كردووه به ره‌وانبێژی و رسته‌سازی و زمانپاراوی و ده‌ربڕینی ساز‌و سازگارو ره‌وان و بێ گرێوگۆڵ، هه‌میشه له وتاره‌كانیشدا پسپۆڕانه‌و بێ زیاده‌ڕۆیی و پێچ و په‌نا مه‌به‌سته‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌یاند، ئه‌م كتێبه‌ش چه‌ندین نموونه‌ی له‌و وتارانه‌ی مام جه‌لالی له‌خۆ گرتووه، بۆ نموونه له وتارێكیدا زۆر زانستیانه‌و ئه‌كادیمیانه پێناسه‌ی تایه‌فه‌و تایه‌فه‌گه‌ری ده‌كات، ره‌نگه ئه‌و كات و به ئێسته‌شه‌وه زۆر كه‌س جیاوازی له نێوان تایه‌فه‌و تایه‌فه‌گه‌ری نه‌كات، به‌ڵام مام جه‌لال لێهاتوانه پێناسه‌یان ده‌كات و به وردی روونیان ده‌كاته‌وه، وه‌ك ده‌ڵێ:
جیاوازییه‌كی گه‌وره هه‌یه له نێوان تایه‌فه و تایه‌فه‌گه‌ریدا، تایه‌فه راستییه‌كی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه و هه‌یه و له ئارادایه، ئه‌ویش به‌هۆی بوونی هه‌ردوو مه‌زهه‌بی شیعه‌ی جه‌عفه‌ری و سوننه به هه‌موو مه‌زهه‌به‌كانییه‌وه، ئه‌مه راستییه‌و خه‌یاڵ نییه، واقیعێكی زیندووه‌و ناكرێ له ژێر ناوی عیراقیبوون و عروبه و هه‌ر بیرێكی سیاسی‌دا نكۆڵی لێ بكه‌ین، یان خۆمانی لێ گێل بكه‌ین. به‌ڵام تایه‌فه‌گه‌ری خولیایه‌كی ده‌مارگیرانه‌یه بۆ تایه‌فه‌و جیاكاری له‌گه‌ڵ تایه‌فه‌كانی دیكه‌دا و به‌گه‌وره‌زانینی تایه‌فه‌یه‌ك به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ تایه‌فه‌یه‌كی دیكه‌دا، سیاسه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌وی دی و بێبه‌ش كردنی ئه‌وی دییه له مافه گشتییه‌كان..
ئه‌مه به‌شێك بوو له لێكدانه‌وه‌كانی مام جه‌لال بۆ تایه‌فه‌و تایه‌فه‌گه‌ری وه‌ك دیارده‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌م وتاره‌ش له دوو توێی ئه‌م كتێبه‌دا به‌رچاوی خوێنه‌ر ده‌كه‌وێت.
تایه‌فه راستییه‌كی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه به‌هۆی بوونی هه‌ردوو مه‌زهه‌بی شیعه‌ی جه‌عفه‌ری و سوننه به هه‌موو مه‌زهه‌به‌كانییه‌وه، واقیعێكی زیندووه و ناكرێ له ژێر هیچ دۆخێک‌دا نكۆڵی لێ بكه‌ین، به‌ڵام تایه‌فه‌گه‌ری خولیایه‌كی ده‌مارگیرانه‌یه بۆ تایه‌فه و سیاسه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌وی دی و بێبه‌شكردنی ئه‌وی دییه له مافه گشتییه‌كان
له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م كتێبه‌دا مام جه‌لال له چاوپێكه‌وتنێكدا به‌سه‌رهاتی خۆی ده‌گێڕێته‌وه كه چۆن تێكه‌ڵی سیاسه‌ت بووه‌و سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی كاری سیاسی چۆن به چ شێوازێك بووه، هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ روونكردنه‌وه‌ی ته‌واوی بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه، وه‌ك خۆی له‌و چاپێكه‌وتنه‌دا ده‌ڵێ: له ناوه‌ڕاستی چله‌كاندا شه‌پۆلێكی رزگاری و شۆڕشگێڕانه هه‌بوو، ئه‌ویش به‌هۆی بوونی سوپای سووری سۆڤێت له كوردستانی ئێران و كاریگه‌ری كوردستانی ئێرانیش له‌سه‌ر كوردستان عیراقه‌وه، هه‌روه‌ها به‌هۆی شۆڕشی بارزانییه‌وه به سه‌ركردایه‌تی ژه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانییه‌وه، ئه‌م شه‌پۆلی رزگاری و شۆڕشگێرانه‌یه، رۆشنبیرانی به‌لای خۆیدا راكێشا‌و منیش كه ئه‌و كات خوێنكارێكی چالاك بووم له‌وێوه ده‌ستم پێكرد..
له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م كتێبه‌دا مام جه‌لال باس له دروست كردنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كات، ئه‌م به‌شه چاوپێكه‌وتنێكی كه‌ناڵی ئاسمانی (العراقیه)یه له‌گه‌ڵ مام جه‌لالداو له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی (رجل القرار)دا كه ته‌رخان كراوه بۆ گرنگترین ئه‌و بڕیارانه‌ی مام جه‌لال له ژیانی سیاسی‌دا داویه‌تی، له‌و به‌رنامه‌یه‌دا مام جه‌لال باسی زۆر بڕیاری گرنگی خۆی ده‌كات، له‌وانه‌ش بڕیاری دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و له‌و باره‌یه‌شه‌وه ده‌ڵێ:
من ئه‌ندام بووم له پارتی دیموكراتی كوردستاندا، ساڵی 1975 سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری دا كۆتایی به شۆڕش بهێنێت و حزبیش هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، من یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره‌دا نه‌بووم و له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم كه هێشتا پێویستییه‌كانی به‌رگری كردنمان ماوه‌و ئه‌و كه‌شه تازه‌یه‌ش كه ره‌خساوه، دوای ئه‌وه‌ی شای ئێران و سه‌دام حسێن له‌سه‌ر هاوكاری یه‌كتر رێكه‌وتن، روویه‌كی گه‌ش ده‌به‌خشێت به بزوتنه‌وه‌ی پێشكه‌وتنخوازی كوردی، به جۆرێك كه چیتر تۆمه‌تبار ناكرێت به‌وه‌ی په‌یوه‌سته به ئێرانه‌وه‌و به‌وه‌ش ده‌بێته بزوتنه‌وه‌یه‌كی كوردی پێشكه‌وتنخوازو هاوكار ده‌بێت بۆ هێزه پێشكه‌وتنخوازه‌كانی دیكه له بری حكومه‌ته دواكه‌وتووه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه كه چوار كه‌س بووین ئه‌وه‌مان ره‌ت كرده‌وه‌و لیژنه‌یه‌كمان پێكهێنا بۆ دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، سوپاس بۆ خوا ئێستاش له ژیاندا ماون، كه یه‌كێك له‌وانه دكتۆر فوئاد مه‌عسومه، كه ئێستا سه‌رۆكی كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانییه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و هه‌روه‌ها مامۆستا عادل موراد بوو كه ئێستا باڵیۆزمانه له رۆمانیا، له‌گه‌ڵ عه‌بدولره‌زاق فه‌یلی، كه وه‌زیر بوو له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دواتریش لیژنه‌كه فراوان كرا‌و له عیراق و ده‌ره‌وه‌ی عیراقیش ئه‌ندامی بۆ زیاد كرا وه‌ك، دكتۆر كه‌مال فوئاد، نه‌وشیروان مسته‌فا، دكتۆر عومه‌ر شێخ موس و دكتۆر كه‌مال خۆشناو.
بڕیاری دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ڵامێك بوو بۆ كۆتاییهێنان به شۆڕشی كوردی، وه‌ڵامێك بوو بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، وتمان ده‌مانه‌وێ درێژه به خه‌بات بده‌ین به‌ڵام به شێوازێكی نوێ.
ناوی كتێب: مێژوویه‌ك، كه كورت ناكرێته‌وه
ئاماده‌كردنی: محه‌مه‌د عوسمان لێپرسراوی، مركز المرصد
پێداچوونەوەی: عەبدوڵڵا عەلی سەعید
دیزاین: هه‌رێم عوسمان
چاپخانه‌ی كارۆ
ژماره‌ی سپاردن (1867) بۆ ساڵی 2022