راپۆرتی/ جه‌مال سه‌رگه‌تی
له‌گه‌ڵ هاتنی پایز و نزیكبوونه‌وه‌ی وه‌رزی زستان، گوندنشینان ئاماده‌كاری بۆ وه‌رزی زستان و سه‌رماوسۆڵه ده‌كه‌ن، ئه‌وان هه‌ر له ئێستاوه خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه خۆماڵیه زستانه‌یه‌كانن و هه‌روه‌ها سه‌رقاڵی بڕینه‌وه‌ی گه‌ڵا و لق و پۆپه‌كانی دارەكانن، تاوه‌كو كۆی بكه‌نه‌وه له وه‌رزی زستان بیده‌نه ئاژه‌ڵه‌كانیان.
زستانێكی سه‌خت به‌رێ ده‌كه‌ن
گوندی گوڵان له دۆڵی شاوڕێ له قه‌زای رانیه، یه‌كێكه له گونده‌كانی ئه‌و سنوورە و زیاتر له 30 ماڵی تێدایه، ساڵانه دانیشتووانی ئه‌و گونده زستانێكی سه‌خت به‌رێ ده‌كه‌ن، دانیشتووانی ئه‌و گونده زیاتر به‌كاری ئاژه‌ڵدارییه‌وه خه‌ریكن، ئێستاش خه‌ڵكی گوندی گوڵان، به هه‌ره‌وه‌زی سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی گه‌ڵای دار و لق و پۆپی داره‌كانن و هه‌ر رۆژێك بۆ ماڵێك به هه‌ره‌وه‌زی كارده‌كه‌ن.
هه‌موو به‌یانیه‌كی زوو پیاوان و گه‌نجانی گوندی گوڵان ده‌چنه شاخ و گرده‌كانی ده‌وروبه‌ری گونده‌كه و گه‌ڵا و لق و پۆپی داره‌كان لێ ده‌كه‌نه‌وه زستانان ده‌یده‌نه ئاژه‌ڵه‌كانیان.
ئاسۆ ئه‌حمه‌د گه‌نجێكی دانیشتوی گوندی گوڵانه، ئه‌و له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ وه‌زری زستان، دەڵێت: زستانی ئه‌م ناوچه‌یه زۆر سه‌خته و ساڵانه به‌فرێكی زۆر ده‌بارێ، ئه‌وه‌ش وایكردووه ئێمه‌ی دانیشتووانی گوند له‌گه‌ڵ هاتنی پایز و نزیكبوونه‌وه‌ی وه‌رزی زستان ئاماده‌كاری بۆ ئه‌و وه‌رزه بكه‌ین و به‌رووبوم و هه‌روه‌ها خواردن بۆ ئاژه‌ڵه‌كانمان كۆبكه‌ینه‌وه، ساڵی رابردووش زیاتر له 1 مه‌تر و 50 سم به‌فر له‌م گونده باری، بۆ ماوه‌ی 1 هه‌فته رێگەی هاتوچۆ لە گونده‌كه نه‌ما .
دروستكردنی دێ
وتیشی، ئێستا رۆژانه پیاوان و گه‌نجانی گونده‌كه كۆده‌بینه‌وه دێینه سه‌ر شاخ و دۆڵه‌كانی ده‌وروبه‌ری گونده‌كه به شێوه‌ی هه‌ره‌وه‌زی گه‌ڵای دار و لق و پۆپه‌كانیان لێ ده‌كه‌ینه‌وه و كۆی ده‌كه‌ینه‌وه دواتر ده‌یبه‌ینه‌وه به شێوه‌ی قۆری دای ده‌نێین، وه‌ك خۆشمان پێی ده‌ڵێن دروستكردنی دێ، ئێمه چه‌ند كه‌سێكین، ژماره‌مان زیاتر له 15 نه‌فه‌ره و زۆربه‌شمان كه‌سوكاری یه‌كترین، كاره‌كه‌شمان دابه‌شكردووه به شێوه‌یه‌ك چه‌ند كه‌سێك داره‌كان و گه‌ڵاكان لێ ده‌كه‌نه‌وه، چه‌ند كه‌سێكیش كۆی ده‌كه‌نه‌وه و ده‌یخه‌ننه ناو ئۆتۆمبێله‌وه، له‌ناو گوندیش چه‌ند كه‌سێك دای ده‌گرێت و به‌شێوه‌ی قۆری داده‌نرێت، هه‌ڵ ده‌گیرێت بۆ زستان و ده‌یده‌ینه ئاژه‌ڵه‌كان.
به هه‌ره‌وه‌زی ئەم كاره ده‌كه‌ن
ئاسۆ ئه‌حمه‌د و خزم و هاورێكانی پاش كاركردن له‌بنی شاخێكدا كۆبوونه‌وه، دوای ئیسراحه‌ت و خواردنه‌وه‌ی چایه‌ك باسی له‌وه‌ش كرد، هه‌موو سالێك له‌م كاتانه‌دا پیاوان و گه‌نجانی گونده‌كه به‌شێوه‌ی هه‌ره‌وه‌زه ئه‌م كاره ده‌كه‌ن، ساڵانی رابردوو كه ده‌كاته سه‌رده‌می باوباپیرانمان، ئه‌وانیش هه‌ر كردوویانه و ئێمه‌ش له‌وانمانه‌وه وه‌رگرتووه، ئه‌مه‌ش ئاسانكارییه‌كی باشه و هه‌روه‌ها سوودی هه‌یه بۆ داره‌كان و كه لق و پۆپی داره‌كان لێ ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ساڵانی داهاتوو ئه‌و دارانه به‌شێوه‌یه‌كی باشتر و جوانتر، دروست ده‌بنه‌وه.
شوان ئه‌حمه‌د، یه‌كێکی تره له‌و كه‌سانه‌ی به هه‌ره‌وه‌زی كاری ده‌كرد، وتی، ساڵانی رابردوو هه‌روه‌زی زۆر هه‌بوو، تاوه‌كو ئێستا یه‌ك له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌م گونده كاری هه‌ره‌وه‌زییه، هه‌ر رۆژێك بۆ ماڵێك كار ده‌كرێت و گه‌ڵا و لق و پۆپی داره‌كانی بۆ كۆ ده‌كرێته‌وه، ئێمه به‌یانیان زوو دێینه سه‌ر كاركردن تاوه‌كو ئێواره كار ده‌كه‌ین.
وتیشی، ساڵانی رابردوو هه‌ر كه‌سێك كاری هه‌بوایه، به گونده‌كه‌دا ده‌گه‌ڕا ده‌یگوت، خه‌ڵكینه سبه‌ینێ زباره دێمه، ئیتر بۆ به‌یانی خه‌ڵكێكی زۆر كۆ ده‌بویه‌وه، ئێستاش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌یه، كه‌سێك ده‌گه‌ڕێت و ده‌ڵێت سبه‌ینێ زباره دێمه، دواتر هه‌موومان كۆده‌بینه‌وه هاوكاری یه‌كتر ده‌كه‌ین.
خواردنه كورده‌وارییه زستانه‌ییه‌كان ئاماده ده‌كه‌ین
عائیشه عومه‌ر، ژنێكی دانیشتووی گوندی گوڵانه، ئه‌و له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی خۆیان بۆ وه‌رزی زستان وتی، ئێمه‌ی ژنان له رووی خواردن بۆ ماڵ و گمنداڵانمان ئاماده‌كاری ده‌كه‌ین بۆ زستان و خواردنه كورده‌وارییه زستانه‌ییه‌كان ئاماده ده‌كه‌ین، وه‌ك ترخێنه و دۆینه و بامێی وشكراو گوێز مێوژ و چه‌ندین جۆری تری خواردن، هه‌روه‌ها پیاوه‌كانیشمان ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن خواردن و ئالیكیان بۆ ئاژه‌ڵه‌كان ئاماده ده‌كه‌ن، ئه‌وان ده‌چنه ده‌ره‌وه و ئێمه‌ش له‌ماڵه‌وه كار ده‌كه‌ین.
وتیشی، ئێمه‌ی ژنانیش گه‌ر ماڵێك پێویستی به هاوكاری بێت هاوشێوه‌ی پیاوان ده‌چین و هاوكاری یه‌كتر ده‌كه‌ین و به هه‌ره‌وه‌زی كاره‌كان راده‌په‌رێنین، ژنانی گوند زۆر ماندوو ده‌بن، به‌ڵام ژیان لێره زۆر خۆشه و سه‌رجه‌می خه‌ڵكی گونده‌كه خزم و دۆستی یه‌كترین بۆیه وایكردووه كاره‌كانمان ئاسانتر بێت رۆژانه، هه‌تاوه‌كو بتوانین هاوكاری یه‌كتر ده‌بین.