كۆنفرانسەکانی دیداری یەكێتی لە هەولێر و گەرمیان

12:12 - 2022-04-04
کوردستان
404 جار خوێندراوەتەوە

كۆنفرانسەکانی ئامادەكاریی دیداری یەكێتی لە هەولێر و گەرمیان بەڕێوەچوو
هەنگاوەكانی سازكردنی دیداری یەكێتی لە مانگی ئایاری داهاتوودا بەردەوامە و رۆژی پێنجشەممە لە هەولێر و رۆژی شەممە لە گەرمیان، كۆنفرانسی ئامادەكاریی دیدارەكە بەڕێوەچوو.

دیاریكردنی ستراتیژی یەكێتی
لە كۆنفرانسەكەی هەولێردا، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند، ئەم دیدارە دیدگای یەكێتی بۆ ئێستا و داهاتوو دیاریدەكات، لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا بەرنامەكە وابوو ساڵانە یەكێتی كۆنفرانس ببەسێت بۆ پێداچوونەوە سیاسەتەكانی و ئەدای كاركردنی ساڵانەی دیاری بكات، بەڵام بە هۆی گۆڕانكاریەكان و  دۆخی كۆرۆنا نەتوانرا بكرێت، ئەم دیدارەش دیداری یەكێتیانە بۆ دیاریكردنی ستراتیژی یەكێتی بۆ داخوازییەكانی یەكێتییەكان.
وتیشی، ئەمساڵ ساڵی هەڵبژاردنە، یەكێتی لە سەرەتای دروستبوونیەوە بڕوای بە ئازادی و پرۆسەی دیموكراسی هەبووە، جەنابی مام جەلال و هەڤاڵانی داكۆكیكەری سەرسەختی ئەو ئازادی و دیموكراسییە بوون، بۆیە بە گرنگی دەزانین هەر چوار ساڵ جارێك لە هەرێم هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام مەرجی سەرەكی یەكێتی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە، ئەوەش پێویستی بە سازانی نیشتمانییە، یەكێتیش هەر لەسەر ئەو بنەمایە بەشداری لە حكومەتی ئێستادا كردووە.
ئاماژەشیكرد، ناكرێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هێزێك خۆی بەسەر هێزەكانی تردا بسەپێنێت، چونكە یاسای هەڵبژاردن بۆ جارێك و دووجار نییە، بەڵكو دەبێت بەپێی قۆناغەكە گۆڕانكاری تێدا بكرێت، داوا لە هەموو هێزە سیاسییەكانی هەرێم دەكەین ئەو پرسانەی نیشتمانین پێویستیان بە سازان هەیە.

دەرفەتێكی باش بۆ یەكێتییەكان
هەر لە بارەی كۆنفرانسەكانی دیداری یەكێتییەوە، ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی وتی، هەموو كۆڕ و كۆبوونەوەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گرنگی خۆی هەیە بە تایبەت ئەو كۆڕ و كۆبوونەوانەی كە هەم تێكەڵەیەكن لە ویستی جەماوەری و هەم تێكەڵەیەكیش دەبن لە ویستی حزبی.
راشیگەیاند: دیداری یەكێتی دەرفەتێكی باشە بۆ یەكێتییەكان كە بیرو بۆچوونەكانی خۆیان لەسەر ئەو سێكتەرانەی لە دیدارەكەدا دیاریكراوە روون بكەنەوە، هەم بەشداریش بن لە داڕشتنەوەی سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا. دەرفەتێكی باشیشە بۆ سەركردایەتی یەكێتی كە گوێ لەو بیروبۆچونانە بگرێت كە رەنگە بەشێوەیەكی شێنەیی لە كاتی كار و تێكۆشانی سیاسیدا دەرفەت نەبووبێت پێیان بگەین، ئێستا هەموو هەڤاڵانی یەكێتی لە هەر پلەو پایەیەكی حزبیدابن، كە بەشداری دەكەن لەم دیدارەدا دەبێتە نیمچە كۆنگرەیەك بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە تەنیا لە كۆنگرەدا سەركردایەتییەكان دەگۆڕێن، بەڵام لەم دیدارەدا هەڤاڵان بەشێنەیی تر لە هەموو ئاستەكاندا بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر پەرەپێدانی تواناو دیدگای یەكێتی دەخەنەڕوو و كاری لەسەر دەكەن، هیواداریشن ئەو دیدگایانەی هەڤاڵان لە ئایندەدا ببێتە بنەمای سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. 
ئاماژەی بەوەشدا، راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جگەلەوەی روماڵی دیداری یەكێتی دەكات، بەشێكیشە لەو بابەتانەی كە یەكێتییەكان قسەی تەواوی لەسەر دەكەن و لەسەر كەمتەرلاخەمییەكان و چۆنێتی چارەسكردنیان و هەروەها قسەی هەڤاڵان لەسەر چۆنێتی گەشەپێدان و بەروپێشبردنی راگەیاندنی یەكێتی وەردەگیرێن، كە چی بكەین بۆ یەكێتی كە راگەیاندنێكی بەهێز و بەرپرسیارانەمان هەبێت هەم لە خزمەتی خەڵكی كوردستان و هەمیش لە خزمەتی بیروبۆچوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت، كە لە قۆناغی داهاتوودا وەزیفەیەتی بگەڕێتەوە ناو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بۆیە پێویستە هەڤاڵان هەرچی بیروبۆچوونێكیان هەیە لەسەر راگەیاندنی یەكێتی لەم دیدارەدا باسی بكەن.

سیاسەت و دنیابینیی نوێ
لە کۆنفرانسەکەی گەرمیاندا، میقداد بەهادین لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان لە وتەیەكدا، وێڕای بەخێرهاتنی میوانان و دەربڕینی پێزانین بۆ پێشوازیی گەرم و چڕی ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتی لە دیدارەكە، رایگەیاند: ئەمڕۆژە بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژێكی مێژووییە، لێرەوە بناغە بۆ سیاسەت و دنیابینیی نوێی یەكێتی بۆ هەموو پرس و كایەكان دادەنرێت. باسیشی لە گرنگیی بەشداریی فراوانی هەموو یەكێتییەكان كرد لە دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەت و بڕیاری سیاسیی حزبەكەدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان