كێشەی كۆچەران روو لە زیادبوونە

09:39 - 2022-11-07
ڕاپۆرت
308 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی، ئازاد ئیبراهیم


پرسی كۆچەران و تێپەڕاندنی سنوورەكان بۆ گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوروپا، بۆتە پرسێكی گرنگ و هەستیار. سەرەڕای مەرگی بە كۆمەڵی ئەو كۆچەرانە لە ئاوەكانی دەریای ناوەڕاست و زۆرێكی دیكەی ئاوەكانی جیهاندا، كەچی كۆچەران ژیانی وڵاتەكانی خۆیان رەتدەكەنەوە و بە خەونی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، بەردەوامن لە كۆچكردن.

ئاماری كۆچەران
وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند: لە ماوەی یەك هەفتەدا دوو هەزار و 106 كۆچەری نایاسایی دیپۆرتی وڵاتەكانیان كراونەتەوە و رێگاكانی پەڕینەوەش لەبەردەم كۆچەراندا توند دەكەن.
فەرمانگەی كۆچی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی توركیاش رایگەیاندووە: لە 28ی تشرینی یەكەم تا 3ی تشرینی دووەمی 2022، 979 كۆچەری ئەفغانی و 116 كۆچەری پاكستانی، 1011 كۆچەری وڵاتانی دیكەیان دیپۆرتی وڵاتانی خۆیان كردۆتەوە.

لیبیا مەترسی رادەگەیەنێت
دەسەڵاتدارانی لیبیا لەبارەی زۆربوونی ژمارەی كۆچەران و تاوانی كوشتنی كۆچەران بەدەستی قاچاخچییەكان، مەترسی رادەگەیەنێت و پێیانوایە كۆچكردن رۆژ لەدوای رۆژ لە زیادبووندایە.
پاسەوانەكانی كەناراوەكانی ئەوروپا، پشكنینیان لە دەریای ناوەڕاستدا چڕكردۆتەوە و لە ماوەی یەك هەفتەدا پاسەوانەكان 500 كۆچەریان گەڕاندۆتەوە بۆ كەمپەكانی تەرابلوس. وەك پاسەوانەكان ئاماژەیان بۆ كردووە زۆربەی ئەو كۆچەرانە خەڵكی (چاد،  سودان، میسر، نەیجەر و تونس) بوون.
بۆ بەرگرتنیش لە دیاردەی كۆچ و دەستگیركردنی باندەكانی قاچاخچێتیش، ئیتالیا و لیبیا ژمارەیەك دیدار و كۆبوونەوەیان كردووە و هەردوولا هاوڕان لەسەر كەمكردنەوەی كۆچ و بەرگری لە شەپۆلی كۆچەران.

رێوشوێنی نوێ بۆ كۆچی سەلامەت
پێشتریش رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و نوێنەری چەندین وڵاتی دیكەی جیهان یەكەمین كۆڕبەندیان لەبارەی كۆچی سەلامەتەوە بەست. ئەم كۆڕبەندە بەشێوەیەكی گشتی باسی لەو رێوشوێنانە دەكرد كە پێویستە بۆ كۆچەران بگیرێتەبەر و دووربن لەهەر مامەڵە و بازرگانییەك بە گیانی كۆچەرەكانەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان