راستی رووداوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

09:51 - 2022-11-07
ڕاپۆرت
500 جار خوێندراوەتەوە
#هەندێک لە پەیجەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان نابنە سەرچاوەی هەواڵی راست و دروست

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد


ژنێک دزی لە مۆڵێک دەکات و  دواتر  پشێوی دروست دەکات و لە بەردەم مۆڵەكەش جامی ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی تاكسی دەشکێنێت. بەڵام  لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە جۆرێکی تر هەواڵەکە بڵاوبۆوە بە جۆرێک ژنێكی بە تەمەن لەلایەن سێ كارمەندی مۆڵێكەوە لە گەڕەكی رەحیماوا هێرشی كراوەتە سەر و بەجۆرەها شێوە دەستدرێژی كراوەتەسەر. یان دەوترێت بێتاوانە و نەخۆشی دەروونی هەیە، بە ناحەق لێیدەدرێت. 
ژنەكەش هیچ جۆرە سكاڵایەتی تۆمارنەكردوە و شوێنی نیشتەجێبوونی بزرە و پۆلیسی كەركوكیش بەدوایدا دەگەڕێت.
رووداوەکان رۆژانە لەلایەن پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە  چەندین چیرۆکی لێ دروست دەکرێت، راستی رووداوەکە دواتر دەردەکەوێت و هەندێکجار هەر بە ونی دەمێنێتەوە،  زۆر جار بۆ کۆکردنەوەی لایک و زیادکردنی ڤیو لێکدانەوەی ناڕاست  بۆ رووداوەكان  دەکرێت و  چەواشەكاری تێدا دەکرێت. 

سكاڵا تۆمار نەكراوە
بۆ راستی رووداوەکە، عامر شوانی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك، وتی: دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، سێ كارمەندی مۆڵێك لە گەڕەكی رەحیماوای شاری كەركوك هێرش دەكەنە سەر ژنێك و لێیدەدەن، دەستبەجێ بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی پۆلیسی شارەكە لیژنەیەك لەچەند ئەفسەرێك پێكهێنراو سەردانی مۆڵەكەمان كرد، دوای لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان و بینینی كامێرای چاودێری مۆڵەكە ئەو راستییەمان بۆ دەركەوت كە ژنەكە كەلوپەلی نێو مۆڵەكە دەدزێت ‌و دوای ئاشكرابوونی دەستدەكات بەشێواندن ‌و تێكدانی كەلوپەلی نێو مۆڵەكە.
وتیشی: لەسەر رووداوەكە هیچ كەسێك دەستگیر نەكراوە، چونكە لایەنی بەرامبەر كە ژنەكەیە خۆی ونكردووە و سكاڵای تۆمار نەكردووە، بۆیە داوا لە گشت كەس و ئەو لایەنانە دەكەین پێش رووداوەكان نەكەون و سۆز و عاتیفەیان بۆ كەس نەجوڵێت، چونكە رووداوەكە بەو شێوەیە نەبوو كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە باسی لێوەدەكراو بەشێكی زۆری ئەو گرتە ڤیدیۆیانە شێواندنی تێدا كراوە و ئەو ژنە لە بنەڕەتدا دز بووە، بۆیە ئێمە لە رووی یاساییەوە ناتوانین هیچی بۆ بكەین.

تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و چەواشەكاری
سەبارەت بە خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، پارێزەر كەنعان چیمەنی، وتی: تائێستا هیچ بڕگە و مادەیەكی یاسایی بۆ ئەو كەسانە دەستنیشان كراوە كە بەشێوەیەكی خراپ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكاردەهێنن، چونكە هێشتا لەلایەن حكومەتەوە كۆنتڕۆڵ نەكراوە تا مادەیەكی یاسایی تایبەتی بۆ دیاری بكرێت، بەڵام دەتوانرێت بە مادەی 432، هەر كەسێك بە مۆبایل هەڕەشە لە كەسی بەرامبەر بكات سزای مادی ‌و یاسایی دەیگرێتەوە، لە 250 هەزارەوە تا یەك ملیۆن دەبێت، یان بۆ ماوەی دووساڵ بەند دەكرێت.
وتیشی: 80 %ی سكاڵاكان هەڕەشەیە و لە رێگەی ئامێرە ئەلیكترۆنیەكانەوە دەکرێت، خۆشبەختانە ئێستا لیژنەیەكی پسپۆڕ لە هێزە ئەمنییەكان و ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشان كراون بۆ ئەو كەیسانە و توانراوە زۆربەی ئەو كەسانەی دەستگیر بكەن کە هەڕەشەیان كردووە، یان ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانیان خراپ بەكارهێناوە، یان هەڕەشەیان لە ژن كردووە بە بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ بۆ ئەو مەبەستەش تاوانبارێكی زۆریش بە سزای خۆیان گەیشتوون.
هەر سەبارەت بەم بابەتە، هێمن كامیل، ماستەر لە توێژەری كۆمەڵایەتی ‌و مامۆستا لەیەكێك لە پەیمانگەكانی كەركوك وتی: بەرهەمی تەكنەلۆژیا رۆژ لە دوای رۆژ پێشكەوتن بەخۆیەوە دەبینێت بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشەوە، ئەمڕۆ بە ئاسانی بەردەستە و بەكاردەهێنرێت، ئەمەش وایكردووە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەبێت، باشی و خراپی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەكەوێتە سەر هۆشیاری مرۆڤەكان،  هەڵبژاردنی راست و دروستی بابەتەکان و هەواڵەکان و رووداوەکان بەندە بە مرۆڤەکان خۆیانەوە،  لە كاتی بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی یان هەر جۆرە رووداوێك مرۆڤەكان پێویستە هۆشیارتربن ‌و بڕیاری پێشوەختە نەدەن، بەڵام زۆری مرۆڤەكانی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان مرۆڤە سادەكانن، ئەو كەسانە لۆجیك و مەنتق و عەقڵ بەكارناهێنن لەكاتی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەك ‌و پێش رووداوەكان دەكەون ‌و بەسۆز و عاتیفە بڕیار دەدەن، تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان زیاتر كاریگەری خراپی بەسەر ئەو كەسانەوە دەبێت سادەتر بیر دەكەنەوە و رەنگدانەوەی خراپ بەسەریانەوە جێدەهێڵێت، بۆ نموونە زۆرجار دەبینیت هەڵوێست‌ و بڕیارەكانیان دەرئەنجامی ئەو كاریگەربوونەیە بەو رووداوانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرێنەوە، كە لەوانەیە پێچەوانەكەی راست بێت، كاتێك رووداوێك روودەدات پێش كەناڵەكانی راگەیاندن بەبێ فلتەر هەواڵەكە بەدەست خەڵك دەگات، بەڵام دواتر لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە زانیارییە راستەکەمان پێدەگات.

سنوورێک هەبێت بۆ بڵاوکردنەوە
وتیشی: تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان سەدان زانیاری بەسوودی بە كۆمەڵگە گەیاندووە، بۆ نموونە لە بواری پزیشكی، مێژوویی، جوگرافی.. بوارەكانی دیكە، بۆیە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دوو لایەنی هەیە، بەڵام ئێمەی مرۆڤ تا وردتربین لە بەكارهێنانیان ‌و عەقڵانی تر بیربكەینەوە كەمتر دەكەوینە ژێر كاریگەرییە خراپەكانیەوە و دەتوانین دیوە باشەكەی بەكاربهێنین.
باسی لەوەشكرد كۆنترۆڵكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ئاسان نییە، بەڵام لە هەندێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكان تا رادەیەك كۆنترۆڵكراوە، بۆ نموونە كاتێك نووسینێك یان بابەتێك بڵاودەكەیتەوە كاریگەری لەسەر دابونەریتی گشتی هەبێت، یان ببێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵات راستەوخۆ لە رێگەی نامەیەكەوە ئاگادار دەكرێتەوە كە تۆ ئازاد نیت لە بڵاوكردنەوەی، منیش لەگەڵ ئەوەدام مرۆڤەكان ئازاد بن، بەڵام لەبەرامبەریشدا سنوورێک بۆ بڵاوکردنەوە لەپێناو راست و دروستی بابەتەکان هەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان