رێنماییەکانی سەرپەرشتیارێک

10:24 - 2022-11-07
کەلتور
605 جار خوێندراوەتەوە

 سەلام شێخ کەریم

قوتابخانەی سلێمانی یەکەم لەدوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانی لەساڵی 1923 کراوەتەوە دواتر ناوی گۆڕاوە بۆ قوتابخانەی (فەیسەڵیە).
بەڵام لەبەر بچوکی ئەو قوتابخانەیە و زۆر بوونی قوتابی وا پێویستی کردووە قوتابخانەیەکی تر  بکرێتەوە لەشاردا لەسەر داواکاری (مفتش معارف) لەو کاتەدا قوتابخانەی (سلێمانی دووەم)، کراوەتەوە لە ( 1/9/1925) دا و جێگاکەی لەمەیدانی ماستەکەی ئێستادا بووە بەدیاریکراوی جێگای ئاشی عەبدولکەریمی ئێستا.
شاعیر «عەبدوڵڵا زێوەر» یەکەم بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە بووە. لەو کاتەدا بەبەرێوبەری قوتابخانە وتراوە مامۆستای یەکەم. 
ژمارەی قوتابیانی قوتابخانەی(سلێمانی دووەم) لە ساڵی خوێندنی (1926)دا تەنها (51) قوتابی کوڕبووە. لەساڵی(1928) دا ژمارەی قوتابیەکان بوون بە (66) قوتابی ژمارەی قوتابیان لەساڵی (1925) هەتا ساڵی (1934) تەنها (124) قوتابی بووە.
 قوتابییەکان موسڵمان و مەسیحی و جولەکە بوون، مامۆستاکانیش بەهەمان شێوە. زمانی خوێندن بە عەرەبی و کوردی بووە.                                                                      خوێندن لەم قوتابخانەیەدا بەردەوام بووە هەتا ساڵی 1934، ساڵی  1935 ناوی قوتابخانەکە گۆڕاوە بۆ  مەکتەبی ئەیوبیی سەرەتایی. لە شوێنی خۆی گواستراوەتەوە بۆ گەرەکی هۆلێ بۆ ماڵی (حاجی سەعید ساڵح ئەفەندی) نزیک بازاڕی سەعید تەها کۆیی. 
دوای ئەوە گواستراوەتەوە بۆ ماڵی (حاجی محەمەد لاوە) لەخوار  ئوتێل سلێمانی پاڵاس (حەسیب ساڵحی  ئێستا لەو کاتەدا  لە عیراقدا  بۆ بەڕێوەبردنی کاری پەروەردە (المعارف). 
عیراق دابەشکراوە بەسەر (3)ناوچەی خوێندندا.  
موسڵ (دائرە معارف) هەبووە سەرپەرشتی (هەولێر، کەرکوک، سلێمانی) کردووە.  
 بەڵام قوتابخانەو ئیش و کار و مووچە و سەرپەرشتیکردنی (التفتیش) بەکەرکوکەوە بەستراوە. 
 موفەتیشەکان لەکەرکوکەوە هاتوون و سەردانی ئەم قوتابخانانەی سلێمانیان کردووە.      
لەبەرواری (29 و 30 ئەیلول ساڵ 1925 مستەفا مەزهەر وەک (مفتش) سەردانی ئەم قوتابخانەیە دەکات. 
 ئەم رێنماییانەی بۆ بەرێوەبەر (المعلم الاول) و مامۆستاکان و کارگوزارەکەیان دەنووسێت:  
1-
داوا لە (المعلم الاول) بەڕێوەبەر دەکەم بەزوترین کات ئەو ڕەحلە شکاوانە چاک بکاتەوە. 
2-پێویستە وانەکان بەپێی پرۆگرامی دیاریکراو بوترێتەوە وهیچ زانیارییەک لە دەرەوەی ئەو پرۆگرامە نەوترێتەوە. 
3-گرنگی دان و بەدواداچوونی رۆژانە بۆ پاک و خاوێنی. 
4-پێویستە لەسەر مامۆستای چاودێر، چاودێری قوتابیان بکات لەکاتی پشوی نێوان وانەکاندا. 
5-داواکارم لە بەرێوەبەر لەگەڵ خاوەن موڵکی قوتابخانەکە قسە بکات بۆ دەرکردنی ئەو ماڵەی کە لە بینایی قوتابخانەکەدان.    
6-داواکارم لەبەرێوەبەر هەوڵبدات ژمارەی قوتابیان زیاد بکات. 
7-داواکارم ئەو تۆمارانەی کە پێویستە بۆ قوتابخانە رێکی بخات.
لەکۆتایدا نووسیویەتی لەهەر دوو بەرواری سەرەوەدا  29و 30 ی ئەیلولی 1925 ئامادەبووم لەم قوتابخانەیە و مامۆستایانم دیدەنی کردووە و هانمداون بۆ کۆششکردن لە کارەکەیاندا، داواکارم لە مامۆستایان بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێنمایانەی سەرەوە کۆششی زیاتر بکەن و وانەکان بەپێی پڕۆگرامی دیاریکراو بڵێنەوە لەسەر بنەمای نوێی وانە وتنەوە.
لەکۆتاییدا بە واژوی (مفتش معارف منطقـه‌ کرکوک) مستەفا مەزهەر لە رێکەوتی 30/9/1925  واژو کراوە.  

سەرچاوەکان: 
1. سجل زیارات المشرفین 
(1925 –1949)  
2.  قوتابخانەی ئەیوبیە
(1925 - 2020)  

بابەتە پەیوەندیدارەکان