تیشکۆ
*لە مێژووی مۆندیالدا 63 یاری لە كاتی زیادكراودا كۆتایی هاتووە، یەكەم یاریش كە چووەتە كاتی زیادكراو، مۆندیالی 1934 بووە لە نێوان نەمسا و فەرەنسا كە نەمسا 3-1 براوەبووە و لەكاتی ئاساییدا هەردوو هەڵبژاردە 1-1 یەكسانبوون.
*لە مێژووی مۆندیالدا ئەو یارییە کۆتاییانەی چوونەتە كاتی زیادكراو و لە كاتی یاساییدا یەكسانبون ئەم یارییانە بوون:
1-یاریی كۆتایی مۆندیالی 1934، لەنێوان ئیتاڵیا و چیكۆسلۆڤاكیادا، یارییەكە لە كاتی یاساییدا 1-1 بوون، دواتر لە كاتی زیادكراودا ئیتاڵیا 2-1 لە چیكۆسلۆڤاكیای بردۆتەوە.
2- یاریی كۆتایی مۆندالی 1966، لەنێوان ئینگلتەرا و ئەڵمانیادا، كاتی یاسایی هەردوو هەڵبژاردە 2-2 یەكسانبوون، دواتر لە كاتی زیاد كراودا ئینگلیز 4-2 یارییەكەی بردەوە.
3- یاریی كۆتایی مۆندیالی 1978، ئەرجەنتین و هۆڵەندا لەكاتی یاساییدا 1-1 یەكسان بوون، دواتر لە كاتی زیادكراودا ئەرجەنتین 3-1 یارییەكەی بردەوە.
4- یاریی كۆتایی مۆندیالی 1994، بەرازیل و ئیتاڵیا 0-0 بوون، لە كاتی یاسایی و كاتی زیاد كراویشدا هەر بەو ئەنجامە ماوەتەوە، دواتر بە پەنالتی بەرازیل 3-2 یارییەكەی بردۆتەوه.
5-یاریی كۆتایی مۆندیالی 2006، ئیتاڵیا و فەرەنسا 0-0 بوون لە كاتی یاسایی و كاتی زیادكراویشدا هەر ئەو ئەنجامە ماوەتەوە، دواتر بە پەنالتی ئیتالیا 5-3 یارییەكەی بردۆتەوە،
6- مۆندیالی 2010، ئسپانیا و هۆڵەندا بەبێ گۆڵ لە کاتی یاساییدا یەکسان بوون، بەڵام لە دەقیقەی 117 داو بەو گۆڵەی ئەندرێس ئینێستا کردی ئسپانیا یارییەکەی بردەوەو بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا بوو بەخاوەنی جامی مۆندیال.
7- مۆندیالی 2014، ئەڵمانیا و ئەرجەنتین لەكاتی یاساییدا 0-0 یەكسان بوون، دواتر لەكاتی زیاد كراودا بە گۆڵەكەی گۆتزە کە لە دەقیقەی 113 دا کردی، ئەڵمانیا یارییەكەیان بردەوە.
دیارترین یاریش كە چوەتە كاتی زیادكراو، یاری پێش كۆتایی مۆندیالی 1970 – مەكسیك بووە لەنێوان ئیتاڵیا و ئەڵمانیادا كە ئیتاڵیا 4-3 براوەبوو، تەنها لە كاتی زیادكراودا 5 گۆڵ تۆماركراوە، هەر لە قۆناغی پێش كۆتایی بەڵام لە مۆندیالی 1982-ئیسپانیا لەنێوان ئەڵمانیا و فەرەنسادا كە جەنگێكی گەورەی لەنێوان هەردوو هەڵبژاردە بەخۆوە بینی و لە كۆتاییدا ئەڵمانیا بە لێدانی پەناڵتی یەكلایی كەرەوە براوەبوو.
*سێیەم مۆندیال كە ساڵی 1938 لە فەرەنسا بەڕێوەچوو، چەندین رووداوی سەیرو سەمەرەی بەخۆیەوە بینی، یەكێك لەوانە یاری نێوان بەرازیل و چیكۆسلاڤاكیا بوو لە قۆناغی چارەكی كۆتاییدا و شەڕی سەر جادەی بەخۆیەوە بینی و دواتریش بە شەڕی بۆردۆ ناسرا.
هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی یاریزانانی هەردوو هەڵبژاردە زۆر بەتوندی یارییان دەكرد، بەهۆی ئەمەشەوە دەستی گۆڵچی چیكۆسلۆڤاكیا شكاو دواتریش قاچی هێرشبەرێكی ئەو وڵاتە شكا، كۆستالیكی یاریزانی هەمان هەڵبژاردەش توشی پێكانێكی قورس بوو، لە بەرازیلیش هەریەكە لە لیۆنیداس و بیراسیۆ بە قورسی توشی پێكان بوون، لەم یارییەشدا زیزیە لە بەرازیل بەكارتی سوور كرایە دەرەوەوە و لە چیكۆسلۆڤاكیاش ریها بە هاوڕێیەتی ماشادۆس لە بەرازیل بەیەكەوە لەدەقیقەی 89 كارتی سووریان وەرگرت.
دوای ئەو شەڕە قورسە یارییەكە بەیەكسانبوون كۆتایی هات بۆیە یارییەكە دووبارە كرایەوە و بەرازیل براوەبوو بەمەش سەركەوت بۆ قۆناغی پێش كۆتایی و دواجاریش سێیەم بوو.
*شەشەم پاڵەوانێتی مۆندیال كە ساڵی 1958 لە سوید بەڕێوەچوو رووداوێكی مێژوویی بەخۆیەوە بینی كە زۆرینەی عاشقانی تۆپی پێ لە یادیان ناچێت، ئەمەش كاتێك هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ یەكەم جار لەمێژووی خۆیدا جامی مۆندیالی بردەوە، ئەو نازناوە یەكەم نازناوی مۆندیال بوو بیباتەوە، دواتر 4 جاری تر لە ساڵانی 1962 و 1970 و 1994 و 2002 نازناوەكەی بردەوە.
*خراپترین پاڵەوانێتی مۆندیال كە تا ئەمڕۆش جێكەی پرسیارە، مۆندیالی 1978 بوە كە لە ئەرجەنتین بەڕێوەچوو، ئەمەش بەهۆی ئەو رووداوانەی پێش پاڵەوانێتیەكەو لە كاتی پاڵەوانێتیەكەو دوای پاڵەوانێتیەكەش روویاندا.
ئەوەش بەهۆی ئەوەوە كە ئەم پاڵەوانێتییە بە ئاشكرابە سیاسەتەوە بەسترایەوە، ئەو كات ئەرجەنتین لەژێر فەرمانڕەوایی خۆرخی ڤیدیلای جەنەراڵی سەربازیدا بوو، ئەو مۆندیالەش دوای 2 ساڵ لە كودەتا سەربازییەكەی ئەو جەنەراڵە بەڕێوەچوو، ڤیدیلا بەوە ناسرابوو ئۆپۆزسیۆنەكانی دەكردە زیندانەوە و منداڵەكانیشی دەڕفاندن، ئەمە بووە هۆی ئەوەی یۆهان كرۆیفی ئەفسانەی تۆپی پێی هۆڵەندا بەشداری مۆندیال نەكات، چونكە هەڕەشەی ئەوەی لێكرابوو خۆی و خێزانەكەی دەڕفێنرێن ئەگەر بێنە ئەرجەنتین، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كرۆیف پێشتر رەخنەی لەو رەفتارانە گرتبوو.
ئەو كات یارییەكانی دوا جەولەی قۆناغی كۆمەڵەكان لەیەك كاتدا بەڕێوە نەدەچوون، ئەوەی جێگەی سەرەنجیش بوو ئەرجەنتین بە 6 گۆڵی بێ بەرامبەر لە پیرۆی بردەوە، بەمەش توانی بگاتە یاری كۆتایی، ئەم یاریە هەرای زۆری نایەوە و تۆمەتی ئەوەی درایە پاڵ یاری بە ئەنجامی یارییەكە كرابێت، تۆمەتی ئەوە خرایە پاڵ ئەرجەنتین كە پارەی وەكو بەرتیل دابێت بە پیرۆ لەگەڵ بەردانی زیندانیانی پیرۆ كە لە ئەرجەنتین لە زینداندا بوون بۆ ئەوەی یارییەكەیان پێ ببەخشن، دواتریش بڵاوكرایەوە ئەرجەنتین رێژەیەكی زۆری گەنمی ناردوە بۆ پیرۆ.
یاری كۆتاییش بووە جێگەی پرسیارێكی گەورە كاتێك یاریزانانی هۆڵەندا هەڕەشەی ئەوەیان كرد كە لە یاریگا دەچنە دەرەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی یاریزانانی ئەرجەنتین بە ئەنقەست دەستپێكی یارییەكەیان دوادەخست بۆ ئەوەی ورەی هۆڵەندیەكان بڕوخێنن، ئەمە بووە هۆی ئەوەی رۆژنامەكانی هۆڵەندا هێرشی توند بكەنە سەر ئەو وڵاتە دوای ئەوەی یارییەكەیان دۆڕاند.
لەو یارییەشدا ماریۆ كیمبس ئاستی بەرزی پێشكەش كردو 2 گۆڵی تۆماركردو یارییەكەش بە 3 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك كۆتایی هات و ئەرجەنتین بۆ جاری یەكەم نازناوی پاڵەوانی مۆندیالی بردەوە.
*هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ یەكەم جار ساڵی 1958 نازناوی پاڵەوانی مۆندیال و جامی بردەوە، لەو مۆندیالەدا پێلێ بەشداری كرد و توانی لە تەمەنی 17 ساڵی 6 گۆڵ بكات و ببێتە بچوكترین گۆڵكەری مۆندیال.