هەر سێ یانەكەی كوردستان لە یاریگای خۆیاندا یاریی دەكەن

12:36 - 2022-04-04
وەرزش
174 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە خولی نایابی تۆپی پێی یانەكانی عیراق دەستپێدەكاتەوە، پاش ئەوەی بەهۆی یارییەكانی پاڵاوتنی هەڵبژاردەكانی ئاسیاوە بۆ گەیشتن بە مۆندیالی قەتەر بۆ ماوەیەك راگیرابوو.
ئەمڕۆ دووشەممە 4/4 یارییەكانی هەفتەی 26 دەستپێدەكەن و دوو یاریی بەمشێوەیە دەكرێن:
*نەفت × نەجەف-لەیاریگای نەفت.
*نەفتی وەسەت × شورتە-لە یاریگای نێودەوڵەتی نەجەف.
سبەی سێشەممەش نەورۆز لەیاریگای سلێمانی میوانداریی لە یانەی سامەڕا دەكات، یارییەكە بۆ نەورۆز گرنگە و دەبێت بە هەر نرخێك بێت یارییەكە بباتەوە و ئەنجامی یاریگای خۆی لەكیس نەدا تا زیاتر لە ناوچەی سوری ریزبەندی دوور بكەوێتەوە، یارییەكەش سەعات 3:30 عەسر دەستپێدەكات.
رۆژی چوار شەممەش یانەی زاخۆ میوانداریی لە یانەی دیوانیە دەكات و یانەیەكی تری كوردستانی بەشدار لەم خولەدا یانەی هەولێرە، ئەمیش رۆژی پێنجشەممە بەهەمان شێوە لەیاریگای خۆیدا میوانداریی لە یانەی كارەبا دەكات.
لەم خولەدا یانەی شورتە لەكۆی 25 یاریی كەكردوونی 21 یاریی بردۆتەوە لە 4 یارییشدا یەكسان بووەو هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە و بە 67 خاڵ یەكەمی ریزبەندییە و 17 خاڵ لەپێش تەلەبەی دووەمەوەیە.
هەرسێ یانە بەشدارەكەی كوردستانیش كۆی خاڵ و پلەی ریزبەندییان بەمشێوەیەی لای خوارەوەیە:
*زاخۆ (هەشتەم) (37 خاڵ) .
*هەولێر (13یەم)            (29 خاڵ). 
*نەورۆز (15 یەم) (27 خاڵ).
شایانی باسە 20 یانەی عیراق لەم خولەدا بەشدارن، كەرخ و دیوانیە و مینا و سامەڕا 17 یەم تا 20-ەمینی ریزبەندین و دەكەونە ناوچەی سوری ریزبەندییەوە، 18 یەم تا 20 –ەم بۆ خولی پلە یەكی یانەكانی عیراق دادەبەزن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان