كچێكی سلێمانی دەبێتە یەكەم فڕۆكەوانی عیراق و هەرێمی كوردستان

09:48 - 2022-11-08
ڕاپۆرت
609 جار خوێندراوەتەوە
رەنوو شاهۆ محەمەد جاف، یەکەم کچە فڕۆکەوان لە هەرێم و عیراق

راپۆرتی/ جەمال سەرگەتی 

رەنوو شاهۆ محەمەد جاف، تەمەنی 28 ساڵە، وەك یەكەم كچی فڕۆكەوان لە سلێمانی دەستی بە كاركردن كردووە، چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، ئێستا لەناو تیمی بەرێوەبەرایەتی  فڕۆكەوانی سلێمانی دایە.

رۆژانە بە ئاسمانی سلێمانیدا گوزەر دەکات
رەنوو ئەندازیاری فڕۆكەوانی تەواوكردووە، لەناو تیمی بەرێوەبەرایەتی فڕۆكەوانی سلێمانیش مۆڵەتی فڕۆكەوانی وەرگرتووە، ئێستا توانای فڕینی هەلیكۆپتەری هەیە، رۆژانەش بەئاسمانی سلێمانیدا گوزەردەكات.
رەنوو شاهۆ، دەڵێت: من سەرەتا بەشی ئەندازیاری فڕۆكەوانیم تەواو كردبوو، حەز و خولیایەكی زۆرم هەبوو  ببمە فڕۆكەوان، زانیم دەتوانم ئەو خەونەم بهێنمەدی، بۆیە هەلێكی باش هاتە پێشەوە و توانیم درێژە بە خوێندنەكەم بدەم و بەشی فڕۆكەوانیش تەواو بكەم.

یەکەم کچە فڕۆکەوان
وتیشی، من ئێستا فڕۆكەوانی هەلیكۆپتەرم، بە دوو جۆر هەلیكۆپتەر دەتوانم بفڕم، ئەوانیش هەلیكۆپتەری سنگڵ ئینجن و هەلیكۆپتەری توێن ئینجن، چەندین فڕینی تەنیام کردووە، ئێستاش یەكەم خانم و كچی عیراق و هەرێمی كوردستانم فڕۆكەوانی هەلیكۆپتەر بم.
رەنوو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بۆ داهاتوو درێژە بە كارەكەم دەدەم و پڕۆڤەی زیاتر دەكەم، تاكو باشتر بم وەك هەر یەكێك لە ئەندامانی تیمەکە، منیش ببمە فڕۆكەوانێكی زۆر باش و وەك ئەوان ئەركم پێ بسپێردرێت.
ئەو كچە فڕۆكەوانە ئەوەشی وت، هەموو ئەو مەرجانەی بوون بە فڕۆكەوان لە جیهاندا هەیە من هەموو ئەو مەرجانەم تێدایە بۆیە توانیم سەركەوتن بەدەستبهێنم، هەموو بەشەكانم تەواو كردووە و توانیومە سەركەوتن بەدەستبهێنم و ببمە فڕۆكەوانێكی زۆر باش.

كۆڵم نەدا
رەنوو باسی لە وەشكرد، ئەو كاتەی پێان وتم تۆ سەركەوتووبویت، من لەناو هەلیكۆپتەرەكەم فڕینی تەنهام هەبوو، پاش ئەوەی فڕیم و نیشتمەوە، لەڕێی ئامێری بێ‌ تەلەوە پێیان وتم تۆ سەركەوتووبوویت، تۆ بوویتە یەكەم فڕۆكەوانی كچ لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان، زۆر دڵخۆش بووم، ئەو كاتە خۆشترین كاتی من بوو لە ژیانمدا پێیان وتم، سەركەوتوبوویت، ئیتر لەوكاتەوە زانیم ئەو هەموو كاتەی خۆم ماندوو كردووە پڕۆڤەم كردووە، بەفیڕۆنەچووە، توانیم سەركەوتن بەدەستبهێنم و كۆڵم نەدا ئەو خەونەی هەم بووە كردوومەتە راستی.
رەنوو شاهۆ، ئەوەش دەڵێت، بواری فڕۆكەوانی بوارێكی قورسە كۆمەڵێك مەرجی تایبەتی خۆی هەیە كە پێویستە ئەو كەسەی خواستی بۆ دەكات، ئەو مەرجانەی تێدابێت، هیواشی خواست ئەو كەسانەی خولیای بوون بە فڕۆكەوانی دەخوازن، ئەوانیش وەك ئەو ببنە فڕۆكەوان

پاڵپشتییەکی زۆر کرام 
رەنوو وتیشی، من كە گەیشتوومەتە ئەم ئاستە، پاڵپشتییەكی  زۆر كراوم، لە لایەن بەرێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی فڕۆكەوانی سلێمانی و هەروەها خێزانەكەم هاوكارییەكی زۆریان كردووم، بە تایبەت تر، پاڵپشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەش بۆ من زۆر گرنگ بوو پاڵپشتی ئەوان منی گەیاند بە خەونەکەم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان