خولی نایابی تۆپی پێی یانەكانی كوردستان هەنگاو بەرەو كۆتایی دەنێت، ئێستا تەنیا 4 هەفتە لە یارییكانی ماون بكرێن و ركابەریی لەسەر گرتنی پلە باشەكان و نازناوی پاڵەوان لە لووتكەدایە.
بەپێی بەرنامەی دانراوی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، سبەی سێشەممە یارییەكانی هەفتەی 27 ی خولەکە دەكرێن و چەند یارییەكی گرنگی تیادا دەكرێت.
سیروانی نوێی یەكەمی ریزبەندیی و هەندرێنی دووەمی ریزبەندیی ئەم هەفتەیە دوو یاریی قورسیان هەیە، ئەنجامی ئەو دوو یارییە رەنگە گۆڕانكاریی لە پلەكانی ریزبەندی دووەم تا چوارەمدا درووستبكات تەنیا لە پلەی یەكەمیدا نەبێت، چونكە سیروانی یەكەم 5 خاڵ لەپێش هەندرێنی دووەمەوەیە.
هەندرێنی دووەمی خولەكەش بە 42 خاڵ، دەچێتە چەمچەماڵ و لەگەڵ یانەی چەمچەماڵی چوارەم یاریی دەكات، یارییەكە بۆ هەردووكیان زۆر گرنگە، هەندرێن چاوی لە بردنەوەیە بۆئەوەی زیاتر لە سیروان دوور نەكەوێتەوە و نەكەوێتە دواوە، چەمچەماڵیش لەهەوڵی ئەوەدایە لە شوێنە باشەكانی ریزبەندیی دانەبڕێت و كۆی ئەو 36 خاڵەی كە هەیەتی كەمتر نەبن و بگرە بیكات بە 39 خاڵ و گوشاری زیاتر لە سەید سادقی سێیەم درووستبكات كە ئەم 39 خاڵی هەیە و سێیەمی ریزبەندییە.
سیروانی یەكەمیش بە 47 خاڵ، دەیەوێت زیاتر لە هەندرێن دووربكەوێتەوە و هەر نەبێت جیاوازی 5 خاڵ وەك خۆی بهێڵێتەوە، ئەگەر هەندرێنیش نەیتوانی بردنەوە لە یاریگای چەمچەماڵ دەستەبەر بكات، ئەوا 5 خاڵەكە ببێت بە 6 یان 9 خاڵ، ئەمەش ئەركێكی قورسە بە یارییەكی سەخت دەبێت لەم جەولەیەی یارییەكاندا كاتێك میوانداریی لە سەید سادقی سێیەم دەكات.
سەید سادقیش هەمان هیوای سیروانی هەیە، چونكە ئەمیش 39 خاڵی هەیەو تەنیا 3 خاڵ لە چەمچەماڵی سێیەمەوە دوورەو نایەوێت 3 خاڵەكە بۆ 4 یان 6 خاڵ زیاد بكات.
یارییەكان
*سیروانی نوێ×سەید سادق.
چەمچەماڵ×هەندرێن.
*نەورۆز×شەقڵاوە.
*سۆران×برایەتی.
*ئارارت×هەولێر.
*دەربەندیخان×زاخۆ.
*پ.هەولێر×دهۆك.
ریزبەندیی یەكەم تا پێنجەمی خولەكەش بەمشێوەیەیە:
-1سیروانی نوێ(24 یاری) (47 خاڵ).
-2 هەندرێن(24 یاری)
(42 خاڵ).
-3سەید سادق (24 یاری) (39 خاڵ).
-4 چەمچەماڵ (24 یاری) (36 خاڵ).
-5 نەورۆز (25 یاری)
(36 خاڵ).