ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی كرد

07:57 - 2022-11-08
کوردستان
484 جار خوێندراوەتەوە

كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ 8/11/2022 بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هۆڵی مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەسەر هەڵوێستە نەگۆڕەكانی یەكێتی لەسەر پڕۆسەی سیاسی عیراق دوای پێكهێنانی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی حوكمڕانی و ئیستحقاقە نەتەوەیی و دیموكراتییەكانی گەلی كوردستان.
سەرۆك بافڵ لە كۆبوونەوەكەدا دەستخۆشی لە یەك دەستی و یەك ئیرادەیی سەركردایەتی یەكێتی كرد كە بووە مایەی سەرخستنی بەرنامەی تیمی یەكێتی لە بەغدا و جێگیركردنی داخوازییەكانی كورد، بەتایبەتی كە شوێن دەستی یەكێتی بە كارنامەی حكومەتی دەوڵەتمەدار محەمەد شیاع سودانییەوە دیارە.
جەختیشی كردەوە كە سیاسەتی یەكێتی سیاسەتێكی دروستە بەوەی بەغدا سەنگەری یەكەمی پاراستنی عیراقێكی دیموكرات و فیدڕاڵ و تەوافقییە، هەر ئەوەش بنچینەی پڕۆسەی سیاسی عیراقە. گوتیشی: هەر ئەوە ئیرادەی یەكێتییە و دڵنیابن ئەو ئیرادەیە سەردەخەین.
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەروا لەسەر رەوشی سیاسی كوردستانیش هەڵوەستەی كرد كە یەكێتی لەگەڵ راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی كوردستانە بە جۆرێك تاكڕەویی و مۆنۆپۆڵی حوكمداریی نەمێنێت و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و هەموو شار و ناوچەكان بێت، نەك جیاكاری و جیاوازی بكرێت. هەربۆیە یەكێتی بڕیاری راگرتنی ئەم ئاڕاستە حوكمڕانییەی داوە كە زیان بە گەلەكەمان دەگەیەنێت، نەك تەنها بە پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی.
ئەنجومەنی سەركردایەتی لەسەر كۆبوونەوەكانی وەفدی یەكێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان قسەی كرد كە بۆ بەرچاوڕوونی و راوێژیی پێویست بوو لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەكانمان تا لە هەڵوێستە دروست و نیشتمانییەكانی یەكێتی ئاگادار بن.

بەشێكی تری كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ تەرخانكرابوو بۆ گفتوگۆ لەسەر كاروباری ناوخۆیی حزب و ئۆرگانەكان.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان