لە دوای زاڵبوونی چین بەسەر جیهاندا، چ سیستمێکمان دەبێت؟

11:21 - 2022-11-09
ڕاپۆرت
505 جار خوێندراوەتەوە
ئەلکساندەر نازارۆڤ*

لە عەرەبییەوە:  هیوا محەمەد

ناتوانین سەبارەت بە سەرکەوتن یان شکستی سۆشیالیستی لە چین و سۆڤیەت بدوێین، لەکاتێکدا سۆشیالیستی لە چین لە دوای دینگ شیاو بینگ زۆر گریمانییە، بەو مانایەی نزیک بوو لە سەرمایەدارییەوە لە کەرتی گشتی گەورە کە حکومەت راستەوخۆ دەستی بەسەردا گرتووە، لەگەڵ کەرتی تایبەتی باوەڕپێکراو کە ئەویش بە جۆرێک لە جۆرەکان لەژێر دەستی حکومەتدایە.

کەرتی گشتی 
کەرتی گشتی هەمووی لە ژێر دەستی حکومەتدا نییە، بەڵکو کۆمەڵێک خوێندکاری دەرچووی یەکێتی رێکخراوەکانی لاوانی کۆمۆنیستی دەستیان بەسەردا گرتووە کە تاماوەیەک لەمەوپێش، سەرۆکی پێشوو هو جیناتاو و سەرۆکی وەزیران لی کە چیانگ سەرپەرشتییان دەکرد. 
لەهەمانکاتدا ئەمە کاریگەری لەسەر ململانێکان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات دەبێت، بۆ نموونە جاک ما رووبەڕووی گرفت بۆوە و ژمارەیەک کۆمپانیای چینی تایبەت بە هێز لە بۆرسە خۆرئاواییەکان چەند ساڵێک لەمەو پێش، لەلایەن حکومەتەوە دوورخرانەوە. 
لە کۆنگری ئەم دواییەی حزبدا دۆڕانی ئەو کۆمەڵەیەمان بینی، کە دەبێتە هۆی هێنانەکایەی هەندێک گۆڕانکاریی لە هەڵوێستی گەورەترین کۆمپانیا چینییەکان، لەوانەی بێگومان دەمێننەوە، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی زیاتری دەوڵەتدا. بە هەرحاڵ بە دوور دەزانرێت کە سیستمی چینی ببێت بە سۆشیالیستی.

داڕمانی سۆشیالیستی لە یەکێتیی سۆڤیەت و سەرکەوتنی لە چین
دەگەڕێینەوە بۆ داڕمانی سۆشیالیستی لە یەکێتیی سۆڤیەت و سەرکەوتنی لە چین. بە رای بەندە کۆمۆنیستی تیورێکی یۆتۆبییە، حاڵی وەک حاڵی سۆشیالیستییە، پشتبەستە بە دەستەواژە ئەکادیمییەکان نەک بە مانا ئەوروپییەکەی  بۆ دەوڵەتی خۆشگوزەرانی Welfare State هەروەها پشت بەست بە  مانا کلاسیکییەکە لەسەر بنچینەی مۆڵکدارێتی و ئامڕازی بەرهەم هێنان.
هەریەک لە یەکێتیی سۆڤیەت و چین قۆناغێکی سەرکەوتوویان لە گەشەی خێرای ئابووری بەخۆوە بینی، کە هاوکات بوو لەگەڵ شێوەی سۆشیالیستی حکومەت، بەڵام ئەمە پشتبەست نەبوو بە سۆشیالیستی، بەڵکو بە خستنەگەڕی سەرمایەی دیموگرافی و کۆمەڵایەتی بوو.

سەردەمی ستالین
زۆربەی خەڵکی سۆڤیەت لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوودا گوندنشین بوون، دانیشتوانی روسیا بە خێرایی هەڵدەکشان، ستالین جووتیارەکانی هێنا و زۆرێک لە هەژارانی خزاندە ناو سەربازگەکانی کارکردنەوە و زۆرێکیان گواسترانەوە بۆ شارەکان، بە مەش دەستی کاری هەرزانیان لە کارخانەکاندا هێنایەکایەوە، لە ئەنجامی ئەمەش ستالین توانی بگاتە پیشەسازیی و سەربکەوێت بەسەر ئەڵمانیادا و هێزێکی پیشەسازیی گەورەی بنیاتنا.

گەشەی دیموگرافی لە روسیا
لەساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوەوە، ژمارەی دانیشتوانی شارنشینی 50 ٪ ی تێپەڕاند، گەشەی دانیشتوان دابەزی و لە دوای داڕمانی یەکێتیی سۆڤیەت ژمارەی دانیشتوان بەرەو کەمبوونەوە چوو، گەشەی دیموگرافی لە روسیا کە کۆتاییەکانی سەدەی  نۆزدە دەستیپێکردبوو بە کۆتایی سەدەی بیست کۆتاییهات.
تواناکانی گەشەی ئابووری فراوان بەکارهێندرا، ئێستا روسیا لە گەشەدایە، لە رێگەی زیادبوونی پلە بە پلە لە ئاستی ژیان و بەرهەمی کار، ئەمەش گەشەیەکی لەسەرخۆیە. 

گەشەی ئابووری چین
هەمان شتمان لە چینیش بینی، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو تا ساڵی 2015، گەشەیەکی خێرامان بە ئابووری چینەوە بینی بە هۆی هێزی جووتیارەکان و گواستنەوەیان بۆ شارەکان و کارپێکردنیان بەرامبەر هەقدەستێکی کەم کە دە هێندە کەمتر بوو لە هاوتا خۆرئاواییەکانیان. لە هەمانکاتدا ژینگە تێکچوو، ژمارەی دانیشتوانی چین گەشەی کرد، سەرپەرشتیکردنی رەوتی  پیشەسازییش بە هەر نرخێک بوو جێبەجێکرا.

قۆناغی پاشەکشە لە چین 
ئێستا گەشەی فراوانی چینی پێدەنێتە دوا قۆناغەکانییەوە، خێرایی گەشەکردن کەم دەبێتەوە، گەشەی دانیشتوان دەوەستێت، لە ساڵانی داهاتووە وە بەرەو دابەزین دەچێت.
خۆشگوزەرانیی خەڵکی ئاسایی چین گەشەی کرد، بە جۆرێک لە 10 ساڵ بۆ 20 ساڵی ئایندەدا چین لە لووتکەی بە هێزیدا دەبێت، دوای ئەوەش دروست وەک یەکێتیی سۆڤیەتی بەسەر دێت و بەهێزییەکەی وردە وردە لەدەست دەدات.

هیندستان زلهێزیی نوێی جیهان
لە ساڵەکانی پەنجاکان و شەستەکانی ئەم سەدەیەدا، بەڕێوەبردنی جیهان دەکەوێتە ژێر دەستی هیندستانەوە و لە کۆتایی ئەم سەدەیەشدا هیندستان رێگە خۆش دەکات بۆ وڵاتێکی تر کە نازانین تا ئێستا کامەیە، رەنگە ئەندۆنیسیا بێت، یان نەیجیریا، یان ئیمارەتێکی ئیسلامی لە خەڵکی عەرەب و ئەفریقییەکان لەسەر خاکی فەرەنسا پێکبهێندرێت، یان هەموو ئەوروپای خۆرئاوایی دوای داڕمانی خۆرئاوا و هەڵگیرسانی برسێتی جیهانی و داڕشتنەوەی نیشتەجێبوونی سەدان ملیۆن لە عەرەب و ئەفریقییەکان لە ئەوروپا وەک ئەنجامێکی نوێی کۆچی گەورەی گەلان.

مێژوو دەورانی هەیە 
بە کورتی شتێکی نوێ لەژێر رووناکی مانگدا نییە، مێژوو دەورانی هەیە، دەوڵەتێک لەدایک دەبێت و گەشە دەکات و دواتر بەرە و نەمان دەچێت، ئەمە پەیوەندی بە سۆشیالیستییەوە نییە.

دەرەنجام 
پێشم وایە هەموان ناچار دەبین بۆ ماوەیەک لەژێر سۆشیالیستیی گریمانییەدا بژین، واتا لە ژێر سیستمێکی سیاسیی ئابووریی کە یەکسانیی باش لە ئاستی ژیاندا بەدیبێنێت و کەرتی گشتیی گەورە دەسەڵاتی بەسەردا بگیرێت، لە پاڵیشیدا هەندێک کۆت و بەند لەسەر مافە سیاسییەکان هەبێت.
ئەم ئیرادەیە کاردانەوەی داکۆکیکەرانە و ئامڕازێک بۆ پارێزگاریی لە سەقامگیری کۆمەڵگەکان لە قەیرانە جیهانییەکانی ئێستا دەبێت، بەڵام دوای ئەمە و لەگەڵ باش بوونی دۆخی ئابووری، هەموان دەگەڕێینەوە بۆ سەرمایەداری، بۆ ئەوەی خولی مێژوو سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە.

سەرچاوە: سایتی RT ی عەرەبی

*شرۆڤەکارێکی سیاسیی روسییە 

بابەتە پەیوەندیدارەکان