تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژماره‌ جوان بۆتە مۆدێل

09:51 - 2022-11-13
ڕاپۆرت
614 جار خوێندراوەتەوە
#پڕۆسەی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل

‌راپۆرتی/ ره‌وه‌ست نه‌وزاد

چه‌ند مانگێكه‌ بە بڕیاری‌ حكومه‌تی عیراق تابلۆی‌ نوێی ئۆتۆمبێل هاتۆته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی هاتوچۆی‌ شاره‌كانی كوردستان، خه‌ڵكێكی زۆر به‌مه‌به‌ستی گۆڕینیان سه‌ردانی ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ ده‌كه‌ن، قەرەباڵغیەکی زۆر بۆ ژماره‌ی جوان و ژماره‌ی بچووك دروستبووە، حكومه‌تی هه‌رێمیش له ‌به‌رامبه‌ر پێدانی ئه‌و ژماره‌ نوێیە داهاتێكی زۆر به‌ده‌ستدەهێنێت.
مه‌حمود عه‌بدولڕه‌زاق گه‌نجێكی شاری هه‌ولێره‌، به‌مه‌به‌ستی گۆڕینی تابلۆی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی رووی كردبووه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی هاتوچۆی‌ هه‌ولێر وتی: به‌نیازم تابلۆیه‌كی جوانی چوار ژماره‌یی بۆ ئۆتۆمبێله‌كه‌م بكڕم، نرخه‌كه‌ی 2 ملیۆن دیناره‌ و له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ دیاریكراوه‌، سه‌ره‌ڕای‌ راده‌ستكردنی تابلۆكه‌ی خۆم، پێویستە بڕێک پارە بده‌م  بۆ پیته‌ ئینگلیزیه‌كه‌ش، یه‌كه‌م پیتی ناوی خۆمی له‌سه‌ر ده‌نووسم. 
ئێستا هاووڵاتیه‌كی زۆر لە هه‌ولێر به‌ مه‌به‌ستی زووتر ده‌ستكه‌وتنی‌ ژماره‌ی جوان سه‌ردانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی هاتوچۆی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ن، به‌شێكی هاووڵاتیان پێیانوایه‌ ژماره‌ی جوانی تابلۆی‌ ئۆتۆمبێل ئه‌وه‌ ناهێنێت ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌ی پێبدرێت و ئه‌و هه‌موو ماندوو بوون و سه‌ره‌گرتن و كاته‌ی بۆ به‌فیڕۆبده‌یت، به‌ڵام هه‌ندێك هاووڵاتی ئاماژه‌ به‌ سوودی ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و ژماره‌ جوانانه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ ئێستا له‌ به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌ ده‌یكڕن و له‌ داهاتوودا ده‌توانن له‌ به‌رامبه‌ر پاره‌یه‌كی زیاتر بیفرۆشنه‌وه‌ و قازانجی لێبكه‌ن.

تابلۆ بۆ ناسینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌
كاروان سه‌عید گه‌نجێكی تر بوو بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل هاتبوو، وتی: گۆڕینی تابلۆی‌ ئۆتۆمبێل شتێكی ئاساییه‌ و ئه‌گه‌ر شێوازه‌كه‌ی بگۆڕدرێت بۆ شێوه‌ی جوانتر شتێكی باشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ناهێنێت بۆ ژماره‌ی جوان ئه‌و هه‌موو ماندوبوونه‌ی بۆ بكێشن و ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ی پێبدرێت، به‌ڕای من ئۆتۆمبێله‌كه‌ت شێوه‌ی جوان و تازه‌ بێت نه‌وه‌ك ژماره‌ی‌ تابلۆ جوان بێت یان ژماره‌كه‌ به‌ پیتی ژماره‌ی ناوی سه‌ره‌تای‌ كه‌سه‌كه‌ ده‌ستپێبكات یان هه‌ندێك كه‌س ده‌چن ژماره‌ی ساڵی‌ له‌دایكبوونیان یان ژماره‌ی مۆبایلیان ده‌كه‌نه‌ ژماره‌ی تابلۆی‌ ئۆتۆمبێلەکانیان، هه‌مووی كاری‌ زیاده‌ و بێسوودن.
كاروان باسی له‌وه‌ش كرد، له‌ هه‌موو وڵاتانی جیهان له‌ شارێكدا چه‌ند كه‌سێكی کەم حه‌ز به‌ هه‌ڵواسینی تابلۆی‌ جوان ده‌كه‌ن، به‌ڵام لای ئێمه‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی میلله‌ت ئاره‌زووی ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن له‌كاتێكدا ژماره‌ی ئۆتۆمبێل ته‌نها بۆ ناسینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌ له‌ كاتی رووداو یان كارێكی تاوانكاری‌.

تابلۆ نوێیەکە
تابلۆ تازه‌كه‌ی ئۆتۆمبێل به‌ شێوه‌یه‌كی جوان و سه‌رده‌میانه‌ دروستكراوه‌، هاوشێوه‌ی تابلۆی‌ ئۆتۆمبێلی‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانه‌، یەكه‌مجاره‌ عیراق ده‌ستبه‌رداری نووسینی زمانی عه‌ره‌بی ده‌بێت و به‌ زمانی ئینگلیزی ژماره‌ و پیته‌كانی له‌سه‌ر هه‌ڵكه‌ندراوه‌ و شێوه‌كه‌ی له‌ شێوه‌ی چوارگۆشه‌یی بۆ لاكێشه‌یی گۆڕاوه‌ و له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی بیانی ئامێره‌كانی بۆ شاره‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان دابینكراوه‌.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌بدولقادر عه‌زیز به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی هاتوچۆی‌ هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: ماوه‌یه‌كه‌ ده‌ستمانكردووه‌ به‌ گۆڕینی تابلۆی‌ ئۆتۆمبێل به‌ تابلۆی‌ تازه‌، پێشتر له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆی‌ فیدراڵی عیراق رێكه‌وتوین ده‌ست به‌ گۆڕینیان بكه‌ین و ژماره‌كانیش گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردا بێنین، پڕۆسه‌كه‌ش زۆر به‌ڕێكوپێكی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانیان به‌سه‌رچووه‌ ده‌توانن بێن له‌ كاتی نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌كانیان ژماره‌كانیشیان بگۆڕن.
ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد نزیكه‌ی مانگێكه‌ ده‌ستیان به‌ پڕۆسه‌ی گۆڕینی تابلۆی‌ ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگریش كردووه‌ له‌ هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێم، وتیشی، به‌ڵام هێشتا تابلۆی‌ تاكسی نه‌گرتۆته‌وه‌ و تائێستاش هیچ كێشه‌یه‌كمان بۆ دروست نه‌بووه‌.
سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیانه‌ی ئه‌و جۆره‌ تابلۆ نوێیه‌ له‌پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری‌ عیراق ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ و ته‌نها له‌ هه‌رێم دەکرێت، به‌ڕێوبه‌ری گشتی هاتوچۆی‌ هه‌رێم وتی: گۆڕینی تابلۆکان ئه‌وانیش دەگرێتەوە، هه‌مان شێوه‌ و جۆره‌ و هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌زنجیره‌ ژماره‌ی خۆی‌ دراوه‌تێ ، ته‌نهاجیاوازی‌ تابلۆكه‌ی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ تابلۆی‌ ئه‌وان ته‌نها ده‌نووسرێت (عیراق)، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ (كوردستان) و (عیراق) ده‌نووسرێت و كۆده‌كانی‌ پارێزگاكانیش بریتین له‌ ژماره‌ (22) بۆ هه‌ولێر و ژماره‌ (21) بۆ سلێمانی و ژماره‌ (24) بۆ دهۆك و ژماره‌ (23) ش بۆ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، به‌ڵام لە هه‌ڵه‌بجه‌ تائێستا ده‌ست به‌پڕۆسه‌ی تابلۆ گۆڕینه‌كه‌ نه‌كراوه‌ ته‌نها كۆده‌كه‌مان بۆیان دیاریكردووه‌، هه‌ركاتێك ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدرێت ئه‌وانیش ده‌ست به‌كاری‌ خۆیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام تائێستا دیار نییه‌ چ كاتێكه‌.
سه‌باره‌ت به‌پێدان و فرۆشتنی ژماره‌ی جوانی یه‌ك ژماره‌یی و دوو ژماره‌یی و سێ ژماره‌یی، عه‌بدولقادر عه‌زیز رایگه‌یاند: بۆ ئه‌و ژمارانه‌ لیژنه‌یه‌كمان پێكهێناوه‌ كه‌ به‌شێوه‌ی زیادكردنی ئاشكرا ده‌فرۆشرێن، به‌ڵام لیژنه‌یه‌كی خه‌مڵاندنمان پێكهێناوه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئه‌و كاته‌ی كاره‌كانیان ته‌واو بوو ئه‌وانیش ده‌ست به‌ پڕۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ئێستا كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان کردووە و تائێستا نرخه‌كانیان دیاری نه‌كراوه‌، دواتر بۆ هاووڵاتیان رایده‌گه‌یه‌نین، وتیشی هاووڵاتیان ده‌توانن هاوشێوه‌ی‌ ساڵی‌ له‌ دایكبوونی خۆیان داوای‌ بكه‌ن، بۆ نموونه‌ ژماره‌ 2000 كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر پێدانی رسومات وه‌ریده‌گرێت.

قەرەباڵغیەکی زۆر 
روونیشیكرده‌وه‌ هۆكاری‌ قه‌ره‌باڵغی دروستبوون له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیەکانی هاتووچۆی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هاووڵاتیان پێشتر ته‌نها ساڵانه‌كانیان نوێ ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام ئێستا پڕۆسه‌ی تابلۆ گۆڕینیشی هاتۆته‌سه‌ر، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ئۆتۆمبێلێك ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێڵه‌كه‌شی به‌سه‌رنه‌چووبێت ده‌توانێت تابلۆكه‌ی بگۆڕێت.

داهاتێکی زۆر
ده‌رباره‌ی ئەم داهاتە زۆرەی لەم گۆڕینی تابلۆیانە دەستدەکەوێت، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی هاتوچۆی‌ هه‌رێم راشیگه‌یاند: ئه‌و داهاته‌ بۆ چاكردنی رێگاكان و پێداویستی هاتوچۆی‌ ئۆتۆمبێلل خه‌رج ده‌كرێت و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد دروستكه‌ری‌ تابلۆ نوێكه‌و ئامێره‌كه‌شی كۆمپانیایه‌كی وڵاتی ئه‌ڵمانیایه‌ كه‌ كوالێتیه‌كه‌ی جۆری‌ باشه‌ و به‌هیچ پله‌یه‌كی گه‌رما و كه‌شوهه‌وایه‌ك تێكناچێت و تابلۆكانیش له‌ ژماره‌ (A) ی‌ ئینگلیزی تا دوا پیتی ئینگلیزی بۆ دانراوه‌ كه‌ 24 پیته‌.

بابەتە پەیوەندیدارەکان