״سەرجەم شایستە داراییەكانی جووتیاران خەرج دەكەین״

12:46 - 2022-04-05
ئابووری
451 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانیی عیراق رایگەیاندووە: رێوشوێنی پێویست و خێرامان گرتۆتەبەر، بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و خەرجكردنی تەواوی پارەی گەنمی ساڵانی رابردوو بۆ سەرجەم جووتیاران.
عەلا جبوری، وەزیری بازرگانیی عیراق، بە رۆژنامەی «سەباح»ی راگەیاندووە: رێوشوێنی خێرامان گرتۆتەبەر، بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و خەرجكردنی تەواوی پارەی گەنمی پێش ساڵی 2021 بۆ سەرجەم پارێزگاكان كە بڕەكەی 630 ملیار دینارە.
ئاماژەی بەوەشكردوو: بە هەمان شێوە سەرجەم شایستە داراییەكانی جووتیاران بۆ ئەمساڵیش تا 30 حوزەیرانی داهاتوو خەرج دەكەین ‌و بڕیارە ئەمساڵ راستەوخۆ پارەی گەنم بدرێتە جووتیاران.
وەزیری بازرگانیی عیراق ئەوەشی خستۆتەڕوو: پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ سەركەوتوو دەبێت، بەوپێیەی هەماهەنگی تەواو كراوە لە نێوان حكومەت و وەزارەتی كشتوكاڵدا و بڕیارە بۆ هەر تۆنێك گەنمی پلە یەك 750 هەزار دینار خەرج بكرێت.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی بازرگانیی عیراق، جووتیارانی هەرێمی كوردستانیش لێی سوودمەند دەبن و شایستە داراییەكانی تایبەت بە پارەی گەنمیان بۆ خەرج دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان