״سازان و رێكەوتن لەسەر ئەو پرسانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە״

فراكسیۆنەكانی پەرلەمان: هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بۆ چوار بازنە

09:06 - 2022-04-06
ڕاپۆرت
562 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا-هەولێر
زۆربەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنی داهاتوو لەكات و ساتی خۆیدا بكرێت، جەختیشدەكەنەوە لەسەر ئەوەی كە «یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە و هەرێمی كوردستانیش بۆ چوار بازنە دابەشبكرێت». سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی-ش دەڵێت: پێشتر بە ئیمزای سەرۆكی فراكسیۆنەكان رێكەوتن كراوە كە ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، پێویستە بە سازان یەكلابكرێنەوە.

ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، پێویستە بە سازان و تەوافوق یەكلابكرێنەوە
زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و لەمیانی رێكەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی تەئكیدكراوەتەوە كە ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، پێویستە بە سازان و تەوافوق یەكلابكرێنەوە، بە نموونەی یاسای هەڵبژاردن، تەنانەت لە رێكەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان، یەكێتی و گۆڕانیش جەختی لەسەر كراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە لە رابردوودا لەمیانی كۆبوونەوەی سەرۆك فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان، جارێكی تر جەخت لەسەر ئەو بابەتە كراوەتەوە و لە یەكێك لە كۆبوونەوەی سەرۆك فراكسیۆنەكان، وەك فراكسیۆنی یەكێتی یاداشتێكمان داوەتە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كە «بەوپێیەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، رەهەندی نیشتمانییان هەیە، پێویستە سازانیان لەسەر بكرێت»، یەكەم فراكسیۆنیش كە ئیمزای لەسەر ئەو یاداشتە كرد سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بووە. لەكاتی پێدانی یاداشتی سەرۆك فراكسیۆنەكانیش، بەڵێنمان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان وەرگرتووە كە هیچ كۆبوونەوەیەك ناكرێت تا فراكسیۆنەكان لەسەری رێكنەكەون، بەڵام دواتر پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستێكی تری دەربڕیوە كە لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردندا نییە، لەكاتێكدا زۆرینەی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ و سەربەخۆكان) لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردندان.

ناكرێت كار بە یاسایەك بكەین 30 ساڵە دەركراوە
باسی لەوەشكرد كە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ماوەی نزیكەی ساڵێكە پڕۆژەیەكی هاوبەشمان ئامادەكردووە و ناومان ناوە پڕۆژەی نیشتمانی، چونكە ناكرێت لەم سەردەمەدا كار بە یاسایەك بكەین كە 30 ساڵە دەركراوە، وەك دەبینین لە عیراقیشدا بە یاسایەكی نوێ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كرا، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەیە كە لە عیراق، كوردستان و ناوچەكەدا بە گشتی چەندین گۆڕانكاریی گەورە لەڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و پێشكەوتنە تەكنەلۆجییەكانەوە هاتوونەتە ئاراوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی تەئكیدی لەسەر ئەوەش كردەوە كە «دەمانەوێت هەڵبژاردن لەكات و ساتی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنیدا نین»، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەو گۆڕانكارییانە بكرێت كە زۆربەی فراكسیۆنەكان داوای دەكەن «پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، گۆڕانكاری لە شێوازی هەڵبژادن لە یەك بازنە بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، بایەخدانی زیاتر بە پێكهاتەكان، چونكە ناكرێت نوێنەرایەتیی ئەو پێكهاتانە تەنیا لە چەند پارێزگایەكدا كورت بكرێتەوە، لەكاتێكدا لە زۆربەی ناوچەكانی دیكەی هەرێم ئەو پێكهاتانە هەن و پێویستە نوێنەرایەتییان لە پەرلەماندا هەبێت، پێشتریش بێگومان یەك بازنە رێگربووە لەوەی نەتوانن بگەن بە پەرلەمان.

ئەوەی لە سازان لایداوە فراكسیۆنی پارتی-یە، كە دەیەوێت یاسای هەڵبژاردن  هەموار نەكرێتەوە
لە درێژەی قسەكانیدا، زیاد جەبار وتی: «ئەوەی لە سازان لایداوە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە دەیەوێت یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكرێتەوە». ئەوە لەكاتێكدایە كە لایەنە سیاسییەكانی دیكە و خەڵكی كوردستانیش دووپاتیدەكەنەوە كە بەو یاسایەی ئێستا هەیە، زەحمەتە بتوانرێت هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكرێت. ئەوەشی پارتی داوایدەكات و ئامانجیانە ئەوەیە «یان نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت، یان ئەو سازانەی دەوێت كە هەموو هێزە سیاسییەكانی دیكە دوای بۆچوونەكانی ئەو بكەون».

عینادی زیانی بۆ هەرێمەكەمان و خەڵكی كوردستان دەبێت
لەبارەی دواهەمین لێدوانەكانی فراكسیۆنی پارتی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، دەڵێت: دوێنێ، فراكسیۆنی پارتی كەوتوونەتە هەڕەشەی ئەوەی كە بە زۆرینەی پەرلەمانی، كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەن و چییان بوێت دەیكەن. وتیشی: ئێمە لە یەكێتی سەرقاڵی جێبەجێكردنی كاری دیموكراسی و پەرلەمانیی خۆمانین، بۆیە هیچ هێزێكی سیاسی ناتوانێت هەڕەشە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكات و ئیرادەی خۆی بەسەردا بسەپێنێت، «ویستی پارتی-ش بۆ تێپەڕاندنی ئەو بابەتە بەتەنیا دەرخەری ئەوەیە پارتی نایەوێت هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت». بۆیە جارێكی تر داوادەكەین و ئاگاداری دەكەینەوە كە باشترە پارتی دیموكراتی كوردستان واز لەو عینادییەی خۆی بهێنێت، چونكە ئەو جۆرە هەڵسوكەوتە و عینادییە زیانی بۆ هەرێمەكەمان و خەڵكی كوردستان دەبێت.

پێشنیاز ئاڕاستەی  سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە
لای خۆیەوە، گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، بۆ كوردستانی نوێ، وتی: پێمانوایە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كەموكوڕیی زۆری تێدایە و لەگەڵ ئەم قۆناغەدا ناگونجێت، بۆیە بەپێویستی دەزانین هەمواربكرێتەوە، بۆ ئەوەش پێشنیازمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە. «پێویستە لایەنەكان سازان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكەن، بەجۆرێك هەمواربكرێتەوە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت، وەك پەرلەمانی كوردستانیش ئامادەكاریی پێویستی بۆ بكات».

ناكرێت بە یاسایەكی  30 ساڵ پێش ئێستا هەڵبژاردن بكرێت
‎هەر پەیوەست بە پرسی هەڵبژاردن و هەمواركردنەوەی یاساكەی، د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، بۆچوونی فراكسیۆن و حزبەكەی خستەڕوو و رایگەیاند: ئەو یاسای هەڵبژاردنەی ئێستا هەیە، كۆن بووە و لەگەل دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان یەكناگرێتەوە و پێویستی بە گۆڕانكاریی ریشەیی هەیە، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی گۆڕانكاریی گەورە لە ئەقڵیەت و دنیابینیی دەنگدەری كورددا دروستبووە، بۆیە ناكرێت بە یاسایەكی 30 ساڵ پێش ئێستا هەڵبژاردن بكرێت، ‎وتیشی: هەمواری یاسای هەڵبژاردن بۆتە زەرورەت لەبەر چەند هۆكارێك، یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە كە تا ئێستا هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا بە یەك بازنەیی كراوە، ئەوەش وایكردووە كە حزبێك لە سنوور و ناوچەیەكدا زۆرینە بێت، بەو زۆرینەیەشی بتوانێت كۆنتڕۆڵی هەرێم بكات و ببێتە زۆرینەی رەها لە هەرێمی كوردستان و نوێنەرەكانی لە پەرلەمانی كوردستان ببنە زۆرینە، بەدڵنیاییەوە ئەوەش كاریگەریی خراپ دروست دەكات، بۆیە وەك فراكسیۆن و حزبەكەشم لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنداین.

سیستمی فرەبازنەیی دادپەروەرانەتر مافی ‎ناوچەكان بۆ نوێنەرایەتی، دەهێنێتەدی
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو، ئاماژەی بەوەشكرد: ئەگەر هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنەوە، ئەوكاتە سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە و دهۆك نوێنەری خۆیان هەڵدەبژێرن و دادپەروەرانەتر گوزارشت لە رای خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەڵام لە یەك بازنەییدا حزبێك دەتوانێت 50 پەرلەمانتار بنێرێت بۆ پەرلەمان و ناوچەكانی تریش بێبەشبكرێن،‎ وتیشی: سیستمی فرەبازنەیی دادپەروەرانەتر مافی ‎ناوچەكانی كوردستان بۆ نوێنەرایەتی، دەهێنێتەدی.
سەبارەت بە دوا هەڵوێست و لێدوانەكانی فراكسیۆنی پارتیش لە پەرلەمان، وتی: ئێستا زۆربەی زۆری پارتە سیاسییەكان، جگە لە پارتی و پێكهاتەكان، ئامادەن بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا بكرێت و هەرێمی كوردستانیش ببێتە فرەبازنەیی، بەڵام تاكە لایەن كە پارتی دیموكراتی كوردستانە تائێستا نەسازاوە، كە ئێمە هیوادارین بسازێت، ئەوەش لەو روانگەیەوە یاسای هەڵبژاردن پرسێكی نیشتمانییە و وتیشی: ئەگەر پارتی لە دەنگدەری خۆی دڵنیابێت، پێویست ناكات لە سیستمی فرەبازنەیی بترسێت، چونكە سیستمی فرەبازنەیی لە بەرژەوەندیی هەمواندایە.

 

نامانەوێت سیناریۆی 2018 دووبارەببێتەوە
لای خۆیەوە، عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، رایگەیاند: وەك فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری، سیاسەت و بۆچوونی سەربەخۆی خۆمان هەیە، سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنیش، ئەوەی خستەڕوو «لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام دەبێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە، ئەوەش لەبەر چەندین كەموكوڕی، كە لە یاساكەدا هەیە، ئەگەر بەو یاسایەی پێشتر هەڵبژاردنی داهاتوو بكرێت، ئەوا هەمان سیناریۆی 2018 دووبارەدەبێتەوە و نوێنەرایەتیی راستەقینەی خەڵك لەناو پەرلەماندا نابێت، جگەلەوەش بەكارهێنانی پێكهاتەكان كە ئەویش قسە و باسی زۆری لەسەرە و بۆتە كێشە.
روونیشیكردەوە كە لە هەموو دنیادا مۆدی یەك بازنەیی نەماوە، بۆیە وەك فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی لەگەڵ یەك بازنەییدا نین بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان، بۆیە ئێمە دەمانەوێت بكرێتە چوار بازنە، بەو ئامانجەی رێگەبگیرێت لەو ساختەكارییەی پێشتر كراوە، هاوكات دەمانەوێت مافی سەرجەم خەڵكی كوردستان لە ناوچە جیاجیاكاندا پارێزراوبێت. بە پێچەوانەشەوە لەگەڵ ئەوەدانین بەدەنگی تەنیا شارێك یان پارێزگایەك زۆرینە لە پەرلەمانی كوردستان دروست بكرێت.

پارتی هیچ نیەتێكی نییە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت
لەبارەی هەڵوێستی لایەنەكانیشەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری، وتی: هەموو لایەنەكان لەگەڵ هەمواری هەڵبژاردنەكاندان و داوادەكەن هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ نیەتێكی نییە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت و هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانیش بكرێتەوە، بەڵگە بۆ ئەوەش بڕیاربوو لە دوو رۆژی رابردوودا لە هۆڵی پرۆتۆكۆڵی پەرلەمانی كوردستان فراكسیۆنەكان كۆببینەوە، بەڵام فراكسیۆنی پارتی ئامادەنەبوون. هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئەوەشی خستەڕوو، «پارتی بە ئێمە دەڵێن: كات درەنگە، خۆ لە 20ی كانوونی دووەمەوە كۆمسیۆن وادەكەی بەسەرچووە، ئەی بۆ ئەوكات هیچیان نەدەوت؟».

تۆماری دەنگدەران 400 هەزار دەنگ جیاوازی هەیە لەگەڵ بەغدا
سەبارەت بە هۆكارەكەشی وتی: بەشێكی ئەم بابەتە پەیوەندیی بە ساختەكارییەوە هەیە، ئێمە تۆماری دەنگدەرەكانمان 400 هەزار جیاوازی هەیە لەگەڵ بەغدا، ئاخر ئێمە بەمەوە دەمانەوێت بچینە هەڵبژاردنەوە؟! خولی پێشووی هەڵبژاردن 36 پەرلەمانتار بە ساختەكاری بوونەتە پەرلەمانتار». بۆیە پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە و كێشەكانی هەڵبژاردن بەگشتی چارەسەربكرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان