عیراق نرخی بەنزین بەرزناكاتەوە

09:18 - 2022-04-06
ئابووری
465 جار خوێندراوەتەوە

لاپەڕەی ئابووری
حكومەتی عیراق دڵنیاییدا لەوەی بەنیاز نییە، نرخی  بەنزین بەرزبكاتەوە و ئاشكراشی دەكات، بە گۆڕانكاریی نرخەكان لە بازاڕەکانی جیهاندا، نرخی فرۆشی بەنزین لە ناوخۆدا بە جێگیری دەهێڵنەوە.
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاندووە: هیچ نیازێكیان نییە لەوەی نرخی بەنزین بەرز بكەنەوە و بڕیاریشیانداوە وەك پێشتر نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بە 450 دینار و غازیش بە 400 دینار بە هاووڵاتیان و شوفێران بفرۆشن و  نرخی لیترێك بەنزینی «موحەسەن»یش بە 650 دینار بێت.
وەزیری نەوتی عیراق وتیشی: «ئێستا نرخی لیترێك بەنزین لە بازاڕەكانی جیهاندا بڕی هەزار و 500 دینار دەكەوێت، بەڵام بە هۆی پشتگیریكردنی نرخەكەیەوە لە ناوخۆدا، رێگەنەدراوە نرخەكەی بەرزببێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: ئەو قەیرانی سووتەمەنییەی کە ئێستا  لە بەشێك لە پارێزگاكانی عیراق دروستبووە، بە هۆكاری بەقاچاغبردنی بەرهەمەكەوەیە بەشێوەیەكی نایاسایی، كە پێویستە رێگری لێ‌ بكرێت.
لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە، نرخی سووتەمەنی و بەتایبەت بەنزین لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق جێگیرە و هەرچەندە لەو ماوە درێژەدا ئابووریی جیهان و ناوچەكە و خودی عیراق تووشی كێشە و قەیران هاتووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك نرخی بەنزین گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە و هەر بە 450 دینار بۆ هەر لیترێك دەفرۆشرێت، هۆكاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وەزارەتی نەوت لە رێگەی پاڵێوگەكانیەوە بەنزین بەرهەم دەهێنێت و بە نرخی پاڵپشتیكراو دەیخاتە بازاڕەوە، ئەمە جگە لەوەی چاودێرییەکی توند لەسەر وێستگەکان هەیە، بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ.
هاوكات، كۆتایی ساڵی رابردوو وەزارەتی نەوتی عیراق ئاشكرایكرد، پلانیان داڕشتووە بۆ ئەوەی لە رێگەی كۆمپانیا بیانییە بەناوبانگەكانەوە، ژمارەیەك پاڵێوگەی هاوچەرخ لە ناوەڕاست و باشووری عیراق دروست بكەن، بەمەبەستی بەرهەمهێنانی بەنزین و نەوتی سپی و جۆرەكانی دیكەی سووتەمەنی، چونكە تائێستا نەتوانراوە لە رووی دابینكردنی بەنزین و نەوتی سپییەوە، پێویستییەكانی عیراق پڕ بكرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان