هەفتە بازاڕی گۆڕستانەكان جمەی دێت

09:23 - 2022-04-06
ڕاپۆرت
482 جار خوێندراوەتەوە
#سلێمانی - بازاڕێک لە نزیک گۆڕستانی سەیوان

راپۆرتی/ رێزە حسێن

سپێدەی رۆژانی هەینی وەك نەریتێك دیاریكراوە بۆ سەردانكردنی گۆڕی ئازیزان، بەجۆرێك زۆربەی گۆڕەكان لە كەسێك زیاتری لە دەور كۆدەبێتەوە.
ماوەی چەند ساڵێكە دیاردەی دروستبوونی هەفتە بازاڕێكی گەورە و پەرشوبڵاو کە زۆربەی کەلوپەل و خواردەمەنی و شتومەکەکانی هەڕاج دەکرێن لە شەقامی گۆڕستانەكان دادەنرێت و کڕیارێکی زۆریش رووی تێدەکات.

پڕ فرۆشترین بازاڕ
زیادبوون و فراونبوونی بازاڕەكان، جگە لەناو سەنتەری شارەكان و پەلهاویشتنی بۆ ناو هەموو كوچە و كۆڵان و ناوچەكان، بەپێی گەورەبوونی جوگرافیای شارەكان، هەنگاوگەلێكی سروشتی و ئاساییە، بەڵام دانانی هەفتە بازاڕێكی گەورە و پڕ لە خواستی كڕیاران لە رۆژانی هەیندا لە دامێنی شەقامی گۆڕستانەكان، جێگەی سەرنج و ئاماژە بۆكردنە، هاوكات بەپێی لێدوانی ئەو كڕیارانەی روو لەو جۆرە بازاڕە دەكەن، هەرزانی نرخەكان هۆكارگەلێكن تا زۆرترین كڕیار رووی تێبكات، چونكە هەموو پێداویستییەكان بە شێوەی هەراجكردن و هەرزان دەفرۆشرێت و چیت بوێت لەوێ دەست دەكەوێت، هەروەك فرۆشیارانی ئەو بازاڕەش دەڵێن، رۆژانی هەینی بەهۆی زۆری كڕیارانەوە پڕ فرۆشترین بازاڕیان هەیە.
نەسرین كەریم لەوبارەیەوە تایبەت بە كوردستانی نوێ وتی: مردن لەڕێی هەموانە، بۆیە زۆربەمان كەسێك و ئازیزێكمان لە گۆڕستان هەیە و زۆربەی رۆژانی هەینی دێمە سەردانی مردووە نزیكەكانی خێزانەكەمان، چونكە بە هاتنم هەست بە ئارامی و حەواندنەوەی دەروونی دەكەم.
وتیشی: دانانی بازاڕێكی هاوشێوە كارئاسانی زۆری بۆ سەردانیكاران كردووە، چونكە دەتوانن زۆربەی ئەو شمەکانەی دەتەوێت بە نرخێكی هەرزان دەستت بکەوێت، هەفتانە لەم بازاڕە زۆرینەی پێداویستەییەكانم دەكڕم، هەرزان بازاڕییە، هەموو شتێك بە كەمتر لە نرخی خۆی دەفرۆشرێت، بۆ خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت هاوكارێكی باشە.

مۆدێلێكی نوێ 
مۆدێلی دانانی هەفتە بازاڕێكی هەراجكردن لە سەرجەم كاڵا و شمەكە جۆربەجۆرەكان و خواردن و خواردنەوەكان لە سەر شەقامی گۆڕستانەكان، بە شێوەیەكە دەنگ و هاواری فرۆشیاران لە دووری سەدان مەتر لە گۆڕستانەكانەوە دەبیسترێت، هاوكات بازاڕەكە بە شێوەی هەڕەمەكی لەسەر شەقامەكان دادەنرێت، بەپێی زانیاری و بەدواداچوونی كوردستانی نوێ، هەر فرۆشیارێك لە چەند مەترێك زیاتر، شەقام و شۆشتەی ئەو ناوچەی بۆ كارەكەی دیاریكردووە كە هیچ فرۆشیارێكی تر ناتوانێت لەو شوێنەی ئەودا كاری فرۆشتن بكات، هەروەك هەفتانە بازاڕەكە لە سەعات 6 ی بەیانی تا یەكی پاشنیوەڕوان بەردەوامی دەبێت. 
ئەردەڵان بەكر وەك فرۆشیارێك بە هەموو هێز و توانایەوە بە هاواركردن بازاڕی بۆ شمەكەکەی گەرم دەكرد تا زۆرترین كڕیار بۆ لای خۆی رابكێشێت، ئەو فرۆشیارە تایبەت بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئەو شتانەی لەم هەفتە بازاڕەدا بە شێوەی هەراجكردن دەفرۆشرێت، هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ شمەكی ناو مۆڵ و بازاڕ و دوكانەكان، هەروەها شتەكانیان، ئەو كەلوپەلانەن كە لەناو دوكانەكاندا ساغ نابێتەوە، دەیكڕنەوە و بە كەمتر لە نرخی راستەقینەی خۆی  هەراجی دەكەن.
 وتیشی: كڕیارەكان تەنها ئەوانە نین كە دێنە سەردانی گۆڕستانەكان، بەڵكو خەڵكانێكیش بەهۆی هەرزانی نرخەوە بە تایبەت بۆ كڕینی پێداویستییەكانیان دێنە بازاڕەكە. 

بازاڕێكی پڕ لە ژاوەژاو
هەفتە بازاڕەكە بەشێوەیەکە هەڵڕژاوە و جگە لە شمەك و كاڵا جۆربەجۆرەكان، سەرجەم خواردن و خوارنەوەكان، سەوزە و میوەكانیشی تێدا دەفرۆشرێت، بازاڕ گەرمی و خواستی كڕینی هاووڵاتیان، قەرەباڵغی زۆری دروستكردووە، بە جۆرێك زۆرینەی شتەكان بەر لە هاتنی نیوەی رۆژەكە ساغدەبێتەوە. 
ئەحمەد لەتیف وەك فرۆشیارێكی سەوزە و میوە، بە هاواركردنی بازاڕەكەی پر لە ژاوەژاو كردبوو، بانگی هاووڵاتیانی دەكرد بۆ كڕینی میوە تازە چنراوەكەی باخ و بێستانەكان، بە تازە و ناسك وەسفی دەكرد، هاوسێ فرۆشیارەكەی تەنیشتی دەنگی لەو بەرزتر و زوڵاڵتر بوو، ئەویش هاواری بۆ ئەو قوماش و كاڵایانە دەكرد كە بە هەراجكردن دەیفرۆشت، هاواری فرۆشیاران، گۆڕستانەكەی پڕ لە ژاوەژا و قەرباڵغی كردبوو، جگە لەوەش  ئاستەنگی هاتوچۆی بە درێژایی شەقامەكە بۆ شۆفێران و هاووڵاتیان دروست کردبوو.

بژێوی ژیانی لەسەرە 
بەپێی زانیاری كوردستانی نوێ، هەرچەندە هەفتە بازاڕی گۆڕستانەكان بە شێوەی نایاسایی لەسەر شۆستە و شەقامەكان كە شوێنی گشتییە دادەنرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی دەوامی رەسمی حكومەتەوە، لەلایەن چاودێرەكانی  سەرۆكایەتی شارەوانییەوە، هیچ رێگرییەكیان لێناكرێت و زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە کوردستانی نوێی وت، لیژنەکانی شارەوانی و پۆلیسی هاتوچۆ بەردەوام چاودێری بازاڕەکە دەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی بۆ چەند سەعاتێکە و هەندێک کەس هەیە بژێوی ژیانی لەسەر ئەو کارەیە رێگرییان لێ ناکەین.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، دوای تەواوبوونی كاتی هەفتە بازاڕەكە، فرۆشیاران بە فڕێدانی پاشماوەی شمەك و كەلوپەلەكانیان، شەقامەكان یەك پارچە دەكەنە زبڵدان كە دواتر ئەركێكی زیاتر و قورستر بۆ  ژینگە پارێزەكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك دروست دەکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان