ئه‌ڵمانیاو ئیسپانیا یارییه‌ ئاگرینه‌كه ‌دەکه‌ن

10:23 - 2022-11-27
وەرزش
345 جار خوێندراوەتەوە

هه‌رێز جه‌مال 


له‌ رۆژی‌ هه‌ینیه‌وه‌ یارییه‌كانی‌ جه‌وله‌ی‌ دووه‌می‌ مۆندیالی‌ 2022ـی‌ قه‌ته‌ر ده‌ستیپێكرده‌وه‌و قه‌ته‌ری‌ میواندار یه‌كه‌م هه‌ڵبژارده‌ بوو به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ره‌سمی‌ ماڵئاوایی له‌ یارییه‌كان كردو گروپی‌ دووه‌میش چاره‌نووسی‌ هه‌ڵبژارده‌ به‌شداره‌كان وه‌ك یه‌ك ماوه‌ته‌وه‌ بۆ كۆتا جه‌وله‌ی‌ یارییه‌كان .
قه‌ته‌ر له‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ تووشی‌ دووه‌م دۆڕانی‌ له‌سه‌ریه‌ك هات به‌رامبه‌ر سه‌نیگال به‌ ئه‌نجامی‌ 3-1 و هۆڵه‌نداو ئێكوادۆریش به‌ گۆڵێك یه‌كسان بوون به‌و ئه‌نجامه‌ش قه‌ته‌ری‌ میواندار هیوای‌ سه‌ركه‌وتنی‌ نه‌ما بۆ قۆناغی‌ شانزه‌.
ئێرانیش له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ دووه‌م پاش شكسته‌كه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ له‌ جه‌وله‌ی‌ یه‌كه‌م به‌رامبه‌ر ئینگلته‌را ، تۆڵه‌ی‌ له‌ وێڵز كرده‌وه‌و توانی‌ 2-0 یارییه‌كه‌ بباته‌وه‌، پاش یه‌كسانبوونی‌ ئینگلته‌راو ئه‌مه‌ریكا به‌ بێگۆڵ چاره‌نووسی‌ سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌ر چوارتیپه‌كه‌ی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ بۆ جه‌وله‌ی‌ سێیه‌م یه‌كلابووه‌ .

بڕیاربووه‌ دوێنێ له‌ دووه‌م رۆژی‌ یارییه‌كانی‌ جه‌وله‌ی‌ دووه‌م ئه‌م یارییانه‌ به‌ڕێوه‌چووبن 
تونس - ئۆستورالیا 
پۆڵه‌ندا-سعودیه‌ 
فه‌ره‌نسا -دانیمارك 
ئه‌رجه‌نتین - مه‌كسیك
بڕیاره‌ ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ چوار یاری‌ تر به‌رێوه‌بچێت و یه‌كێك له‌ یارییه‌كانی‌ لوتكه‌ی‌ مۆندیال له‌ كۆتاییه‌كی‌ پێشوه‌خت له‌ نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌ڵمانیاو ئیسپانیا له‌ سه‌عات 10:00ـی‌ شه‌و ده‌بێت ، ئه‌م یارییه‌ بۆ ئه‌ڵمانیه‌كان به‌ یاری‌ مان و نه‌مان داده‌نرێت به‌و پێیه‌ی‌ له‌ جه‌وله‌ی‌ یه‌كه‌م 2-1 به‌رامبه‌ر ژاپۆن دۆڕا، هه‌رچی‌ ئیسپانیایه‌ له‌ جه‌وله‌ی‌ یه‌كه‌م گه‌وره‌ترین ئه‌نجامی‌ تاوه‌كو ئێستای‌ مۆندیالی‌ تۆماركرد كاتێك توانی‌ 7-0 له‌ كۆسته‌ریكا بباته‌وه‌، بۆیه‌ مه‌تادۆره‌كان ده‌یانه‌وێت زوو به‌ زوو سه‌ركردایه‌تی‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌یان له‌ رێگه‌ی‌ مانشافت یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌ .
یارییه‌ به‌هێزه‌كه‌ش وه‌ك لیژنه‌ی‌ ناوبژیوانان له‌ یه‌كێتیی تۆپی‌ پێی‌ جیهان دایان ناوه‌ له‌ لایه‌ن ناوبژیوانی‌ هۆڵه‌ندی‌ دانی ماكیلی‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت .
ته‌واوی‌ یارییه‌كانی‌ ئه‌مڕۆ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت 
ژاپۆن - كۆسته‌ریكا  (گروپی‌  پێنجه‌م ) سه‌عات 1:00 
به‌لجیكا- مه‌غریب (گروپی‌ شه‌شه‌م ) سه‌عات 4:00 
كرواتیا-كه‌نه‌دا ( گروپی‌  شه‌شه‌م) سه‌عات 7:00 
ئیسپانیا-ئه‌ڵمانیا ( گروپی‌ پێنجه‌م ) سه‌عات 10:00
 پرۆفایلی‌ یاری‌ نێوان ئه‌ڵمانیاو ئیسپانیا
ئیسپانیا-ئه‌ڵمانیا ( گروپی‌ پێنجه‌م ) سه‌عات 10:00
یاریگا: ئه‌ل به‌یت 
ناوبژیوان: دانی‌ ماكیلی‌ 
ئیسپانیا: 1 بردنه‌وه‌ ، ئه‌ڵمانیا 1 دۆڕان 

بابەتە پەیوەندیدارەکان