بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیکرد لە وەفدی باڵای ھێزەکانی حەفتا بۆ بەغدا بە سەرۆکایەتی لیوا روکن عومەر ساڵح، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ھێزەکانی حەفتا و وەفدێكی یاوەری كە پێكهاتبوون لە لیوا روکن مەریوان محەمەد، فەرماندەی ھێزەکانی پشتیوانی دوو و وەھاب ھەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای دژەتیرۆر و دیار عومەر، جێگری فەرماندەیی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان.
لە دیدارێکدا كە خالید شوانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، لیوا روکن عومەر ساڵح، ئامانجی سەردان و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر روونكردەوە و بەرچاوڕوونیدایە سەرۆک بافڵ. ئاماژەشی بەو پلان و بڕیارە نوێیانەدا كە لەپێناوی پاراستنی سەقامگیریی وڵاتدا دراون و رایگەیاند، پەرەپێدان و فراوانكردنی هەماهەنگییەكان لە هەموو ئاستەكان دووپاتكرایەوە و رێكەوتن لەسەر چەند خاڵێك كراوە بۆ زیاتر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی یاسا لە هەرێم و عیراق.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی وەفدە باڵاكەی هێزەكانی حەفتای كرد و ئاماژەی بە گرنگی و پێویستی ئەو هەوڵانەكرد كە لەپێناوی پاراستنی ئاشتی و ئارامیدا دەنرێن و رایگەیاند، پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان و بەرقەراربوونی ئاسایش لەناوچەكە بەندە بە ماندووبوون و هەوڵەكانی ئێوەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و یاساشكێنان، هەر بۆیە ئەركی ئێوەیە هەڵگری ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیە بن. وتیشی، فراواكردنی هەماهەنگییەكان لەڕووی سەربازی و هەواڵگرییەوە لە نێوان ئێوە و هێزە عیراقییەكان فاكتەرێكی گرنگی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایەیە كە خۆی لە دابینكردنی ژیانێكی ئارام و سەقامگیر بۆ خەڵكەكەمان دەبینێتەوە.