شه‌هید مام هێرش، فه‌رمانده‌ی گیان لەسەردەست

11:42 - 2022-11-28
ڕاپۆرت
472 جار خوێندراوەتەوە
#شەهید مام هێرش- هونەرمەندی کۆچکردوو حەمەجەزا

ساڵی 1976 رێك ئه‌وكاته‌ی یه‌كه‌م چه‌خماخه‌ی شۆڕشی نوێ سه‌نگه‌ری به‌رگری روناككرده‌وه‌ و گه‌رم و گوڕیی به‌خشییه‌وه‌ به‌ كوانووی سارده‌وه‌بووی خه‌باتی كوردایه‌تی، مام هێرش بوو به‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ڵێ پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌بوو، ده‌ست وه‌شێن و تۆڵه‌سێنی حه‌قی خوراوی كوردان بوو، ئه‌و به‌ هه‌ق مام هێرش بوو، چونكا هه‌میشه‌ له‌ پێشه‌وه‌ و له‌ ده‌سته‌ی هێرشدابوو، بۆ گیانی داگیركه‌ر هه‌میشه‌ ئاماده‌بوو.
مام و گه‌وره‌ی هێرشبه‌ران بوو، ئه‌و رۆژگاره‌ی كه‌ چالاكی له‌ شاخه‌كانیش ئه‌سته‌م بوو، مام هێرش به‌شێكی  زنجیره‌ی چالاكیبه‌كانی ده‌باته‌ ناوجه‌رگه‌ی دوژمن و له‌ په‌نا هێزوده‌سته‌ڵاتی داگیركه‌ر له‌بن باره‌گا و له‌ناوشاره‌كاندا زه‌بریان لێده‌وه‌شێنێت، زه‌بر له‌ پیاوكوژان و دڕه‌نده‌كانی به‌عس كه‌ چنگیان به‌ خوێنی رۆڵه‌كانی كورد سووربوو، ده‌سره‌وێنێت.
شه‌هید مام هێرشی فه‌رمانده‌ ناوی ته‌واوی محه‌مه‌د ئه‌حمه‌ده‌ و ساڵی 1954 له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی خه‌باتگێڕ و نیشتمانپه‌روه‌ری گه‌ڕه‌كی سه‌رشه‌قامی سلێمانی چاوی به‌ دنیا هه‌ڵهێناوه‌.
دڵسۆزی رێبازه‌ سه‌ربه‌رزه‌كه‌ی شه‌هیدان و  یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بووه‌، له‌به‌ر هه‌ژاری وازی له‌ خوێندن هێناوه‌ و  كرێكاری كردووه‌.
ساڵی 1976 له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه‌ و یه‌كێك بووه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ ئازاو خۆنه‌ویست و چه‌له‌نگه‌كان، له‌ زۆربه‌ی چالاكییه‌كاندا به‌شداریكردووه‌ و له‌ زۆربه‌شیاندا له‌ ده‌سته‌ی هێرشدابووه‌ هه‌ربۆیه‌ ناسناوی (مام هێرش)ی لێنراوه‌.
ساڵی 1978 یه‌كێك بووه‌ له‌و پێشمه‌رگانه‌ی چۆته‌ ناوچه‌ی هه‌كاری بۆ هێنانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بۆ شۆڕشی نوێ كه‌ له‌ پاشاندا هێزه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ دووچاری كاره‌سات هات، مام هێرش به‌ ئازایه‌تی خۆی ده‌ربازی بووه‌.
ساڵی 1979 كرا به‌ فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی چالاكییه‌كانی ناوشار ، زۆرئازایانه‌ له‌وماوه‌یه‌دا چه‌ندین پیاوانی رژێمی به‌عسی به‌سزای گه‌ل و شۆڕش گه‌یاندووه‌، هه‌ربۆیه‌ دام و ده‌زگاكانی رژێم وێنه‌ی مام هێرشیان لابوو بۆناسینه‌وه‌و ده‌ستگیركردنی، له‌ ئه‌نجامدا به‌هۆی دانپێدانانی كه‌سێكه‌وه‌ و له‌ شه‌وێكی زستاندا كاتێك مام هێرش سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی چالاكییه‌ك بوو ده‌ستگیرده‌كرێت و ده‌خرێته‌ ژێر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆره‌وه‌، پاش ماوه‌یه‌ك به‌هۆی وریایی خۆیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی توانیان له‌ كونی ساحیبه‌ (هه‌واكێش)ی زیندانی حامیه‌ی سلێمانی هه‌ڵبێن.
مام هێرش له‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا چه‌ندین پله‌ی وه‌رگرتووه‌، وه‌ك: فه‌رمانده‌ی كه‌رت له‌ مه‌كته‌بی عسكه‌ری و دوای ماوه‌یه‌ك گوێزرایه‌وه‌ بۆ شارباژێر و دواتر بۆتیپی 17ی زمناكۆ كه‌ له‌وێ كرایه‌ فه‌رمانده‌ی تیپ،  ساڵی 1984 به‌هۆی ئازایه‌تییه‌وه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك مام جه‌لاله‌وه‌ خه‌ڵات ده‌كرێت.
مام هێرش به‌شداری و فه‌رمانده‌یی چه‌ندین چالاكی گه‌وره‌ی كردووه‌، وه‌ك: داستانی سه‌ركردایه‌تی، كاره‌ساتی هه‌كاری، داستانی گه‌وره‌ی قه‌یوان-ماوه‌ت، سه‌رجاده‌ی سلێمانی، گرتنی ناحیه‌ی قه‌ره‌داغ ، شه‌ڕی دووداره‌ و زۆربه‌ی چالاكییه‌كانی ناوشاری سلێمانی، له‌ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیشیدا سێجار به‌ سه‌ختی برینداربووه‌ و له‌ كه‌ناری مه‌رگ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌. ساڵی 1986 بێستونی برای ناسراو به‌ مام شۆڕش كه‌ له‌لای خۆی پێشمه‌رگه‌ بوو، شه‌هیدكراوه‌.
به‌داخه‌وه‌، له‌8\9/11/1987   له‌ داستانێكی خوێناویدا له‌ گوندی چه‌رمه‌گا له‌گه‌ڵ جاش و سه‌ربازه‌كانی رژێمی به‌عس شه‌هیدكراو گیانی به‌نیشتمانه‌كه‌ی به‌خشی.

 ئالان محه‌مه‌د جه‌زا

بابەتە پەیوەندیدارەکان