هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت تەئکید لە پاراستنی سەروەریی عیراق دەکاتەوە

11:52 - 2022-11-28
کوردستان
474 جار خوێندراوەتەوە

ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت تەئکید دەکاتەوە لەسەر پاراستنی سەروەری عیراق و رێگرتن لەبەکارھێنانی خاکەکەی بۆ بەئامانج گرتنی دەوڵەتانی دراوسێ.


ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 28 تشرینی دووەمی 2022 بە میوانداری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا  کۆبوونەوەی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەڕێوەچوو. 

لە کۆبوونەوەکەدا سەرکردەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئامادەبوون تاوتوێی دواپێشھاتەکانی سەرگۆڕەپانی نیشتمانیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی کرا.

ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت  ئاشکرایکرد گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا لە ئارادایە بۆ رێگرتن لە پێشێلکردنی سەروەری عیراق لەلایەن ھەر لایەنێکی دەرەکی دووپاتیشیکردەوە عیراق کاری جددی دەکات بۆ رێگریکردن لە بەکارھێنانی خاکەکەی وەک سەرچاوەیەک بۆ تێکدانی ئارامی دەوڵەتانی دراوسێ.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا حکومەتی نوێی عیراق کابینەی وەزاری تەواو بکات و ھەردوو وەزیری ژینگە، ئاوەدانکردنەوە دەستنیشانبکات.

ھەروەھا هاوپەیمانێتیەکە گوێی لە راپۆرتێکی ھەمەلایەن گرت سەبارەت بە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران و  وردەکاری ھەردوو یاساکە لە رووی یاسایی و تەکنیکییەوە تاوتوێکرا.

 

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان