با ماڵەکەم بکرێتە ماڵێکی هونەری

11:07 - 2022-11-29
کەلتور
377 جار خوێندراوەتەوە

یاسین برایم رواندز

لە پایتەختی میرنشینی سۆران، شاری شۆڕشگێڕ و كوردپەروەران، شاری پاشای گەورە و وەستا رەجەب، شاری حوزنی موكریانی و مەڵبەندی زرار محەمەدی هونەرمەند؛ كە ناوێكی دیار و ئەستێرەیەكی گەشی ئاسمانی هونەری كوردییە. ساڵانێكی زۆر، خزمەتێكی جوانی پێشكەش بە نەتەوەكەی خۆی كردووە. لە سەدەی بیستەم، ناوی حوزنی و چاپخانە و گۆڤار و  قەڵەمەكەی، ناوی رواندزی بەرزڕاگرت و ناوێكی جوانی لە مێژووی كورددا تۆمار كرد، دوای ئەویش، هونەرمەند زرار محەمەد مستەفا، كە هونەردۆستانی شارەكە ناوی (رابەری هونەر) یان بۆ دانا، بووە ناوێكی نەمر و خۆشەویست لە كوردستان. بڕوانن لە ساڵی 1837 پاشای گەورە، میرە بوێرەكەی كورد، لەناو دەبرێت، دوای یەك سەدە، لە هەمان شار، هونەرمەندێك لە ساڵی 1937 چاو بە ژیان هەڵدێنێ،  جارێكی دیكە ناوی پاشای گەورە و شكۆی شارەكە زیندوودەكاتەوە. رەنگە سەدەیەكی دیكەی بوێت، تا زرارێكی دیكە، بەو گەورەیی و جوانیی و خۆبەخشی و پڕ كار و داهێنان و خزمەتەوە دروست بێتەوە. 
ناوێكی دیار و جوان لە كوردستانی گەورەدا
زرار محەمەد لە سەرەتای حەفتاكانەوە، وەك موزیكژەن و شانۆكار و خۆشنووس و وێنەكێش و پەروەردەكار و راهێنەر، دێتە مەیدان و رۆڵێكی كاریگەر دەبینێت لە پەروەردەكردن و پێگەیاندنی چەندین رۆڵە و كادیری لێهاتوو لە بوارە جیاوازەكان. دەستەی دامەزرێنەری یەكەم تیپی موزیك لە رواندز و كۆمەڵەی هونەر و وێژەی لە شارەكە و سەرۆكی تیپی موزیكی پاشای گەورە بووە. لە رێگەی هونەرەكەیەوە، دەبێتە ناوێكی دیار و جوان لە كوردستانی گەورەدا. لە دوای راپەڕینیش، باوەش بۆ چەندین چالاكی و كاری هونەری و هاوكاریكردنی هونەرمەندان و پێگەیاندنی منداڵە چاوگەشەكان و كردنەوەی چەندین خولی موزیك لە دەڤەرەكە دەکاتەوە. دەستەی داكۆكیكردن لە ئەنفالكراوەكانی رواندز بوو، لە 11/11/2009 رۆڵی دەبێت لە دروستكردنی (رێكخراوی هاوڕێیانی كتێب) و كردنەوەی چەندین كتێبخانە لە دەڤەرەكە. وێڕای بەشداریكردن لە دەیان پیشانگە و كار و چالاكییە هونەری و رۆشنبیرییەكان و چەندین كۆڕی هونەری و رۆشنبیری. خوێنەرێكی باش و  خەمخۆرێك بوو لە پاراستنی ئەرشیفی شار. كارەكتەرێكی سەرەكی و بە ئاگای نێوی مێژووی شارەكە و دەڤەرەكە بوو. خاوەن بیرۆكەی (ئینسكلۆپیدیای رواندزێ) بوو، ئاواتی ئەوەبوو ئەو پڕۆژەیە بخرێتە بواری جێبەجێكردن و هەوڵی خۆشی بۆ داو لەم پێناوەش دوو بەرهەمی لەسەر مێژووی شارەكە بەچاپ گەیاند. بە راستی ئینسكلۆپیدیای رواندزێ بوو. باوەڕپێكراوی لێكۆڵەران و دەزگاكانی راگەیاندن بوو، هەمیشە بەسەریان دەكردەوە و ئەویش بێ جیاوازی، باوەشی بۆ دەكردنەوە و لێدوان و زانیاری بەسوودی پێدەدان.  لە دوای كۆچی دوایی ئەو مرۆڤە مەزنە، بۆشاییەكی گەورە لە مەیدانی هونەری شارەكەدا دروستبووە، بەڵام ناو و كار و خزمەت و بەرهەم و چالاكی و خەڵات و میدال و رێزلێنانەكان و گەورەیی و خۆشەویستی ئەو، لە نێو دڵی هەموو كوردێكی دڵسۆز، هەمیشە  بە جوانی و بەرزی دەمینێتەوە. بۆیە لە دوای مردنی، هەرچی بۆ بكرێت، هێشتا هەر كەمە. ئەوەی من ئاگاداربم و لەگەڵ «دادیار ئازاد» بیرەوەرییەكانی ئەومان ئامادەكردووە و لە ئایندەیەكی نزیك دەیخەینە بەر دیدەی خوێنەران و هونەردۆستان. باسی ئەوەی كردووە لە دوای مردنی، ماڵەكەی بكرێتە ماڵێكی هونەری، تێیدا خەڵك سوود لە ئەرشیف و كارەكانی وەربگرن و هەموو كەرەستەكانی پارێزراو بن. ئەمەش جێگای خۆیەتی و كارێكی جوانە. ماڵەكەی وەك زۆربەی هونەرمەندانی دونیا پارێزراو بێت و خەڵك سەردانی بكەن. بنەماڵەكە و دۆستان و خەڵكی شارەكەش، هاوڕان ماڵەكەی ببێتە ماڵێکی هونەری، بەناوی خۆی بێت یان هەرناوێكی دیكە كە گوزارشت لە گەورەیی هونەری ئەم پیاوە گەورەیە بكات.
وەك خانووێكی كەلەپووری بپارێزرێت
شوێنەوارناس و لێكۆڵەری گەورەی كورد (عەبدولڕەقیب یوسف) لە رۆژنامەی هەولێر، ژمارە (3727)، رۆژی27/9/2022 بابەتێكی لەسەر ماڵەكەی زرار محەمەد مستەفا نووسیوە و داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران دەكات، كە ماڵی ئەم هونەرمەندە كوردپەروەرە، وەك خانووێكی كەلەپووری بپارێزرێت. ئێمەش وەك هاوڕێیانی رابەری هونەر و مامۆستای هەمیشە لەیاد، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف. داوا لە لایەنی پەیوەندیدار و سەرۆكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكەین، بەجددی ئەم داواكارییەمان قبوڵ بكات و تا زووە فریای خانووەكەی بكەون، كە لە بنەڕەتدا موڵكی خۆیەتی و لە لایەن حكومەت بكڕدرێتەوە، وەك خۆی بپارێزرێت، وەك ماڵێكی هونەری، رۆشنبیری و مۆزەخانەیەكی جوان، تێیدا سەرجەم كەلوپەل و ئەرشیف و كتێب و كاسێت و ئامێر و خەڵات و میدال و رێزلێنانەكان، هەموو ئەو شتانەی پێویستن بە خودی مامۆستا، لەو ماڵە هونەرییە، نیشانی میوانان و گەشتیاران و هونەرمەندان بدرێت. تا زووە ئاوڕێكی لێبدەنەوە، بۆ ئەوەی وەك ماڵی حوزنی موكریانی لەدەستمان نەچێت و لە ئایندەش نەڵێین بەداخەوە! گرنگیدان بە  خانوو و ماڵی زرار، رێزگرتن و وەفادارییە بۆ سەرجەم هونەرمەندانی شارەكە و تیپی موزیكی پاشای گەورە و هەوڵ و ماندووبوون و شەونخوونی هەموو ئەوانەی جێ پەنجەیان لە هونەری شارەكەدا دیارە. بۆ دەڤەرەكەش دەبێتە شانازییەكی گەورە، دەسكەوتێكی مەزنیش بۆ ئەوانەی بە پیر بانگەوازەكەی ئێمەوە دێن و رۆحی مامۆستا ئاسوودە دەبێت و ماڵی ئەویش دەبێتە ماڵێكی هونەری بۆ سەرجەم هونەرمەند و رۆشنبیرانی كوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان