سەلارخان رۆمانێك بۆ خوێندنەوە

11:24 - 2022-04-06
کەلتور
923 جار خوێندراوەتەوە

كاوە حاجی عەزیز

شاری سلێمانی بە تەنها پایتەختی رووناكبیریی نییە و بەس، بەڵكو شوێنێكە چەندین رووداوی مێژوویی دڵتەزێن و دڵفڕێن تیایدا روویداوە، نووسەری بوێر بۆ كاری داهێنان بەتابیەتی لەبواری ئەدەبیدا دەتوانێت چەندین كاری ئەدەبی بكاتە هەوێنی نووسینەكانی، بۆ كاری هونەری هەر مەپرسە، ئەمە و دەیان داهێنان و ئەزموونی تازە و دەستپێشخەریی دیكە كە لەسلێمانییەوە سەرچاوە دەگرن. مەبەستم لە ((هەوێن)) ئەوەیە كە رووداوە خێراكان دێن و دەچن وەكو لافاو دەڕۆن و نامێننەوە بۆیە نووسەری زیرەك دەتوانێت لەم رووداوانە ئیلهامێك وەربگرێت، ئیدی ئیشی خۆی تێادا بكات بەتایبەتی ژانرێكی قورسی وەك رۆمان.

 

مەحمود نەجمەدین

 

هۆشیاری نووسەرەكە
رەنگە سەركەوتن یا سەرنەكەوتنی هەر رۆمانێك مەسەلەیەكی رێژەیی بێت ئەوەی گرنگە راكێشانی سەرنجی خوێنەرە بۆ ئەو بەرهەمەی كە نووسیوێتی. هەڵبەت ئەوەی وا دەكا هەر رۆمانێك ببێتە جێگەی سەرنج، كۆمەڵێ هۆكارن زۆربەیان بە هۆشیاری نووسەرەكە لەبەرهەمهێنانی دەقی رۆمانەكە بەستراونەتەوە، كە بەپەیوەندییەك لەنێوان خوێنەر و دەقەكە لێی دێتەكایەوە كۆمەڵێ پرسیاریش لەلای خوێنەری بەئاگا دروست دەبێت ئایا مامەڵەكردنی لەبواری تەكنیك، زمان، مێژوو، رووداو، شوێن... هتد لە هەموویان گرنگتر چی نووسیووە و بەچی لەرۆماننووسەكانی دی جیادەكرێتەوە و چی وایكردووە شتەكان دووبارە نەكاتەوە.
دەربارەی كەسایەتی و رووداو و بیرۆكە ئەوەندە  زۆرن تا تەواو رۆمانەكە نەخوێنیتەوە نازانی چی دەگوزەرێ ئەمە چێژی رۆمانە و فەرامۆش ناكرێ تۆ بزانی كۆتاییەكەی چییە و دڵەراوكێت لەلادروست نەكات ئیدی لەخوێندنەوەی جگە لەكات كوشتن هیچت دەستناكەوێ!. 
مەبەستم لەم پێشەكییە خوێندنەوەیەكە بۆ رۆمانی (سەلار خان) لەنووسینی (مەحموود نەجمەدین) لەدووتوێی 158 لاپەڕە ساڵی 2021 بڵاوكراوەتەوە ئەوەی بەردەستی من چاپی دووەمە.

ئەوینداری یەكن
شوێن سلێمانییە و كارەكتەر كوڕ و كچێكی خێرنەدیوی ئەم شارەن هەریەكەیان لە رووداو و زەمەنێكی دیاریكراوی شاردا دەژین كۆمەڵێ موعاناتی سەردەمی خۆیان واتە (گەنجانە) لەكۆڵناوە، ئەوینداری یەكن سەردەمانێكە دەیانەوێ بگەن بە یەك. زۆر بەسادەیی خوێنەر دەتوانێ چەندین بیرۆكەی لەلای دروست ببێت بۆ ئەوەی بیانگەیەنێتە یەكتر، لێ بەهۆی سیاسەتی دڵ رەقانەی رژێمی بەعسی فاشی ماكۆسان ناتوانێت تەنانەت بۆ ساتێكیش بێت سەلار ببینێت جا چ جای بۆ یەكتربن!! لێ دوای راپەڕین كە كوردستان ئازادكرا هەر بۆیەك نەبوون؟ ئەمە جێی پرسیار و رامانە سەلار و ماكۆسان لەدوای ئەو نەهامەتییەی كە بەسەریاندا هاتووە چی وایلێكردن كە بۆ یەك نەبن لەوانەیە ئەگەر فیلمی هندی بوایە ئەوا دەبووە شایی هەڵپەڕكێ و هەمووان شاد دەبووین بۆ ئەو ئاهەنگە، بەڵام هەر بەیەك ناگەن. ئەمە ئەو نیگەرانی و دڵەڕاوكێیەیە كە نووسەر سەرنجمان لادروست دەكات و چاوەڕوانمان دەكات لەبوونی كارەساتێك (ماكۆسان... ئەو كەوتنەی كەوت هەڵنەسایەوە كەوتەژێر پێی ئەو مەخلوقە جادووبازانەوە و لەسەر سینگە تووكنەكەی سەما دەكەن... لەم ئێوارە شوومەدا  كەوتن بوون  بەخاك و خۆڵی بەرپێی ئەو مەخلوقە ترسناك و ناشرینانە. لەسەر ئەو جەستە ناسك و جوانەی سەلاریش سەما دەكەن، ئاهەنگی سەركەوتن لەسەر دڵی ئەوان دەگێڕن...)
ئەگەرچی ناوەڕۆكی رۆمانەكە بەتەواوی دەربارەی خۆشەویستییە، بەڵام تۆمارێكی وردی خەبات و بەرخودانی ئەو كاتەی شارە، ژیان و ژیاری ئەو سەردەمانەی سلێمانی (پێش راپەڕین دوای راپەڕین) دەردەخات لەپشت ئەو ناوەڕۆكە سۆزدارییەوە وێنەیەكی رێكوپێكی سیما كۆمەڵایەتی و سیاسی و ژیوارییەكانی هەردوو سەردەمەكە دەستنیشان دەكات، كە بەهای قوربانیدان نرخی نەماوە ئەگەر دەسەڵاتی بەعسی تەنها خۆشەویستی كوردستانیان لادروست كردین و هەموو شتەكانیان لێ سەندینەوە ئاوا ئێستا ئەو خۆشەویستیەیان لێ سڕینەوە و هەمووان خەریكی پارە و سێكسن و ئەو جۆرە مەخلوقەمان لێ دەرچووە كە مەحموود نەجمەدین بە ئەسپایی وێنەی كێشاون ئیدی شتێ نەماوە ناوی (خۆشەویستی، نیشتمان، فیداكاری، وەفا... هتد) بێت.

دەنگیان ناگاتە گوێی هیچ كەسێ
لەلایەكی ترەوە ترسنۆكەكان بەروبوومی شۆڕش دەخۆن چەندین خاوەن خەباتكاری وەك ماكۆسان لەژێر پێی حەشاماتێكی مێگەل ئاسا دەپیشێتەوە. هەزارەها سەدان خانمی بەهەڵوێستی وەك سەلار مەحف دەبنەوە و دەنگیان ناگاتە گوێی هیچ كەسێ. 
سەرنجێكم ماوە بیڵێم ئەم رۆمان زیركانە خۆی لە قەرەی هەندێ ئیدۆمی باوی سلێمانی داوە، زۆركوچە و كۆڵانی تەی كردووە، رمووزە ئازا و نەترسەكانی ئەو شارەی زیندووكردۆتەوە ئەمانە جێی بایەخە بگرە رووداوی ئەو رۆژە رەش و شومانەی بەجۆرێك باس كردووە لەوە دەچێ خۆی تیایدا ژیابێت، یا باشیان بۆ باس كردبێت بۆیە لەلای یەكێكی (شاری) ئەم رۆمانە تەنها خوێندنەوە نییە و بەس، بگرە بیرەوەرییە، چێژە، راستییە و سنووری بیركردنەوەی خوێنەری سەردەمی خۆی ترازاندووە و رەگی بۆ قووڵاتیی داهاتوو هاویشتووە. هەر ئەمەش (نەمری) بە دەقی رۆمانەكە دەبەخشێ.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان