گروپی حەوت لێكۆڵینەوە لە ״تاوانەكانی جەنگ״ دەكات

09:10 - 2022-12-01
ڕاپۆرت
406 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی، ئازاد ئیبراهیم 

لەسەر بانگهێشتی ئەڵمانیا، وەزیرانی دادی گروپی حەوت (G7) لە بەرلین كۆبوونەوە بۆئەوەی «هاوكاریی لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانەكانی جەنگدا بكەن». وەزیری دادی ئۆكرانیاش داوایكرد «روسیا باجی زیانەكانی جەنگ بدات كە بڕی 150 ملیار دۆلارە».

لێكۆڵینەوە لە تاوانی جەنگ
ماركۆ بوشمان وەزیری دادی ئەڵمانیا، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتاكانی لە گروپی حەوت، رایگەیاند: حەوت وڵاتی گەورەی پیشەسازی (G7) دەیانەوێت لە نزیكەوە كاربكەن لەسەر لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی جەنگ لە ئۆكرانیا.
هەروەها، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوای لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی جەنگ دەكات و ریفراندۆمەكەی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیاش رەتدەكاتەوە.
وەزیری دادی ئەڵمانیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە: لەناوبردنی سیستماتیكی كارەبا و پێداویستییەكانی گەرمكەرەوە لەبەردەم ساردترین مانگەكانی زستاندا، تاوانێكی جەنگییە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا رایگەیاندووە: رووداوەكانی ئێستای ئۆكرانیا، بەرپرسیارێتیی ئێمە بۆ هاوكاریكردنی نزیكتر لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانەكانی جەنگ، بەهێزتر دەكات.
ئاژانسەكانی هەواڵیش بڵاویانكردۆتەوە كە «بەهۆی بۆردومانەكانەوە %40ی وێستگەكانی كارەبای ئۆكرانیا زیانیان بەركەوتووە».

ئۆكرانیا داوای  قەرەبوو دەكات
لای خۆیەوە ئاندرێ كۆستین داواكاری گشتیی ئۆكرانیا، بانگەوازی لێپرسراوانی ئۆكرانیای دووپاتكردەوە كە دەیانەوێت دادگایەكی تایبەت بۆ تاوانەكانی جەنگ لە ئۆكرانیا دابمەزرێنن. وەزیری دادی ئەڵمانیاش رایگەیاندووە: دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیا تائێستا نزیكەی 50 هەزار حاڵەتی تاوانی جەنگییان، تۆماركردووە.
هەر لەوبارەیەوە، دێنیس مالگۆسكا وەزیری دادی ئۆكرانیا لە بەیاننامەیەكدا بۆ رۆژنامەكانی گروپی میدیایی «فونكە»ی ئەڵمانی، زیانەكانی جەنگی ئۆكرانیای بە نزیكەی 150 ملیار دۆلار خەمڵاندووە و روونیشیكردۆتەوە كە «ئەمە زەرەر و زیانە ئابوورییەكان، یان تێچووی قەرەبووكردنەوەی برینداران و قوربانیانی شەڕ و خێزانەكانیان ناگرێتەوە». وەزیرەكە داوای كردووە میكانیزمی قەرەبووكردنەوە دابنرێت.

ئاژانسەكان

#گروپی حەوت (G7)

بابەتە پەیوەندیدارەکان