ماڵی مام دەبێتەوە بە ناوەندی بڕیاردان

09:37 - 2022-12-01
ڕاپۆرت
359 جار خوێندراوەتەوە

ماڵی سەرۆك مام جەلال، لە بەغدا، بۆتەوە بەو چەترەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لە سایەیدا كۆدەبنەوە و چارەسەری كێشەكانیانی تێدا دەكەن.
بە هەوڵ و میوانداریی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لایەنە سیاسییە عیراقییەكان لە ماڵی مام جەلال، لە بەغدا كۆبوونەوەی لووتكەیان كرد و باسی جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت و تەواوكردنی كابینەی نوێی حكومەتی عیراقیان كرد.

ماڵی مام و چارەسەری  پرسە هەنووكەییەكان
فارس فارس پەرلەمانتاری كوتلەی عەزم لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA دەڵێت: كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە نێوان سەركردەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كرا بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی كاری حكومەت و لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ و هەنگاونان بە ئاڕاستەی بەڕێوەچوونی كارەكانی حكومەت و جێبەجێكردنی رێكەوتنەكان، وتیشی: هەڵبژاردنی ماڵی سەرۆك مام جەلال، بۆ كۆبوونەوەی سەركردەی لایەنە سیاسییەكان، واتا و گرنگیی گەورەی هەیە و دانپێدانانێكی روونیشە بۆ ئەو رۆڵە كاریگەرەی سەرۆك مام جەلال لە رابردوودا بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی لە عیراق دەیبینی، كە رۆڵێكی پڕ بایەخ و رێزلێگیراو بوو لەلایەن هێز و حزبە سیاسییەكانی عیراقەوە، راشیگەیاند: كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لە ماڵی سەرۆك مام جەلال، دانپێدانانیشە بە رۆڵ و كاریگەریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە پەرۆشی بۆ رێكەوتنی هێزە سیاسییەكان و چارەسەری كێشەكان كە جێگەی رێز و رەزامەندیی سەرجەم لایەنە سیاسییە عیراقییەكانە.

فارس فارس پەرلەمانتاری كوتلەی عەزم: كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لە ماڵی سەرۆك مام جەلال، دانپێدانانە بە رۆڵ و كاریگەریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی

لە ماڵی مام ركابەر و  هاوپەیمان كۆبوونەوە
لایەنەكان و پەرلەمانتاران و چاودێرانی سیاسی بە گرنگییەوە باس لە كۆبوونەوەكەی ماڵی مام لە بەغدا دەكەن و ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن  «ماڵی مام، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، ركابەر و هاوپەیمانەكانی كۆكردەوە».
بەهادین نوری پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا بۆ PUKMEDIA دەڵێت: ئەم جۆرە كۆبوونەوانە بۆ بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی حكومەت بایەخی زۆرە، لە كۆبوونەوەكەدا پێویستی سەرخستنی ئەركەكانی حكومەتی نوێ باسی لێوەكرا و گفتوگۆ لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی قۆناغی داهاتووی حكومەت كرا بەتایبەتی كە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، پێكهێنەری حكومەتی نوێیە، ئاماژەی بەوەش دا «گرنگیی كۆبوونەوەكەی ماڵی سەرۆك مام جەلال، لەوەدابوو كە ركابەر و هاوپەیمانەكانیشی كۆكردبۆوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، ماڵی سەرۆك مام جەلال هەمیشە كۆكەرەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و سایەی پارێزگاری بووە لە پڕۆسەی سیاسیی عیراق و پشتیوانیی لە حكومەت».

بەهادین نوری پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا: ماڵی سەرۆك مام جەلال هەمیشە كۆكەرەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و سایەی پارێزگاری بووە لە پڕۆسەی سیاسیی عیراق

لە ماڵی مام-ەوە بڕیارەكان دەدرێن
ماڵی مام لە بەغدا جارێكی دیكە دەبێتەوە شوێنی لێكنـزیكبوونەوەی بۆچوونەكان و بڕیاردان.
دكتۆر بڕیار رەشید پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIA ی  وت: بەشداری هێزە سیاسییەكانی ناو حكومەت و پەرلەمان و هێزە ناكۆكەكانی پڕۆسەی سیاسی، گوزارشتە لەوەی ماڵی سەرۆك مام جەلال، بۆتەوە بەو پێگەیەی دەتوانێت چارەسەری كێشەكانی تێدا بكرێت و دیدو بۆچوونە جیاوازەكانی تێدا نزیك بكرێتەوە، كۆبوونەوەكەی ماڵی مام جەلال، گرنگی لەوەدا بوو كە بەشداریكردنەكە لە ئاستی لووتكە و كەسانی خاوەن بڕیاردا بوون و توانای چارەسەركردنی كێشەكانیان هەیە، راشیگەیاند: سەرۆك بافڵ، لەسەر رێبازی سەرۆك مام جەلال، هەنگاوەكانی بۆ كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان و چارەسەری كێشەكان دەستپێكردووە، ئەمە یەكەم كۆبوونەوەیە بە هەوڵی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەو ئاستە باڵایەدا بكرێت و بەشێوەیەكی راستەوخۆ هێز و لایەنە سیاسییەكانی پێكهێنەری پەرلەمان و حكومەتی نوێی عیراق گفتوگۆ بكەن و بڕیار بدەن.
رۆژی 28/11/2022، بە میوانداریی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و لە ماڵی مام لە بەغدا كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سەركردەی یەكەمی هاوپەیمانییەكە بەشداربوون، گفتوگۆ لەسەر دوایین گۆڕانكارییەكانی عیراق و ناوچەكە و جیهان كرا.
پرسێكی گرنگیی كۆبوونەوەكە، پێشێلكارییەكان بوو بەرامبەر سەروەریی خاكی عیراق و پێویستی كاركردن بۆ رێگریكردن لەوەی عیراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ، هەروەها بڕیاردرا حكومەتی نوێی عیراق پێكهاتەی وەزارەتەكانی تەواو بكات و وەزیرانی ژینگە و ئاوەدانكردنەوەش دەستنیشان بكرێن.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان