راپۆرتی: ئه‌یاز هه‌ركی
گەنجان و لاوانی دەڤەری ئاكرێ داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، هەلی کار لە قەزاكه‌یان بڕه‌خسێنن و بەشێوەیەکی کردەیی پاڵپشتی گەنجان بکەن، داوای کردنەوەی کۆمپانیا و پڕۆژەی ستراتیجی گەورە دەکەن لە شاری ئاكرێ و دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان، بۆ ئەوەی بۆ کار روو له شارەکانی تری کوردستان نه‌كه‌ن.
دۆخی دارایی گەنجان خراپە
دژوار خەڵات دەرچووی زانكۆیە له ئاكرێ دەڵێت، ئێمە وەک زۆربەی دەرچوانی زانكۆ له کوردستان کێشەی دامەزراندنمان هەیە، بەڵام کێشەی سەرەکیمان لە قه‌زای ئاكرێ نەبوونی هەلی کارە. راسته ئاكرێ شارۆچکه‌یه‌كی بچووکە، بەڵام ئەگەر حکومەت پلانی جیاواز هەبێت بۆ کەرتی گەشتیاری و كه‌رتی تر، بێگومان سەدان گەنج و دەرچوانی زانكۆ كاریان بۆ په‌یدا ده‌بێت. بە تایبەتی گرنگە کەرتی تایبەت و پڕۆژەی جۆراوجۆر لە ناو سه‌نته‌ری شاری ئاکرێ و ده‌وروبه‌ری بکرێتەوە.
وتیشی: ئاكرێ ناوچەیەکی ستراتیژییە لە پارێزگای دهۆک، سنووری پارێزگاکانی موسڵ و هەولێر و دهۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوەو رێگەیەکی سەرەکییە بۆ خەڵکی کوردستان، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی شارەکەمان دەکەن بۆ بینینی دیمەنە سه‌رنجڕاكێشه‌كانی ئاكرێ، بەڵام بێپلانی حکومەت بۆ قەزای ئاکرێ خه‌ریكه شارەکەمان چۆڵ دەبێت، بۆ په‌یداكردنی ئیش و كار ناچارین بچینە شارەکانی تری كوردستان. داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین هەوڵی جدی بۆ قه‌زای ئاکرێ بدات، چونکە دۆخی دارایی گەنجانی شاره‌كه‌مان زۆر خراپە.
حه‌سه‌ن عه‌بدوڵلا چالاكوانی دیاری ئاكرێ، دەڵێت: حکومەت ساڵانێکی زۆرە کەمتر خه‌م لە به‌ره‌و پێشبردنی ده‌ڤه‌ری ئاكرێ دەخوات. ئاکرێ وه‌ك شیعار بە پایتەختی نەورۆز وەک شوێنێکی سەرنجڕاکێشی گەشتیاری ناسراوە، گەشتیاران له سەرتاسەری عیراق و کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش رۆژانە سەردانی شارەکەمان دەکەن. پێویسته ئه‌مه بكرێته ده‌رفه‌ت بۆ ره‌خساندنی ئیش و كار بۆ خەڵکی ئەم شارە.
وتیشی: هاتن و هێنانی کرێکارانی بیانی بۆ هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان دەرفەتی بۆ کرێکارانی ناوخۆ كه‌م كردۆته‌وه، چونکە کرێکارانی بیانی بە نرخێكی هه‌رزان کار دەکەن. ئەمەش کاریگەری لەسەر گەنجانی کوردستان بەتایبەتی لە شاری ئاكرێ كردووه، بەشێکی زۆر لە گەنجانمان بۆ کار دەچنە پارێزگاکانی تری هەرێم، بەشێکی تر رووی لە هەنده‌ران کردووه، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم بەتایبەت ئیدارەی خۆجێی ئاكرێ هەوڵی جدی بدات بۆ رەخساندنی هەلی کار لە قەزای ئاكرێ، لە رێگەی کردنەوەی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ، وەک کۆمپانیا و مۆڵی گه‌وره و پڕۆژەی گەشتیاری لە دەڤەری ئاكرێ.
سیستمێک بۆ کار نییە
جێگر سدیق سورچی به‌رپرسی رێكخراوی نیڕۆژ بۆ گه‌شه‌پێدانی مرۆیی له ئاكرێ وتی، له سه‌رتاسه‌ری كوردستان به‌گشتی پلان و سیستەمێکی كار بۆ گەنجان ولاوان بە گشتی نییە. بە تایبەتی پێویستە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پلانێک بۆ بێکاران و دەرچووانی زانکۆ و په‌یمانگاكان هەبێت. بەگوێرەی ئامارەکان پارێزگای دهۆك زۆرترین رێژەی بێ‌کاری لە سه‌ر ئاستی کوردستاندا هەیە. پشكی گه‌وره‌ی ئه‌و بێکارییه لە ده‌ڤه‌ری ئاكرێ دەبینرێت، رێژەی بێکاریش بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە له قه‌زاكه‌مان. جگە لەوەش ئاکرێ ناوچەیەکی دەوڵەمەندە لەڕووی گەشتیاری و کشتوکاڵ و سامانە سروشتییەکان، بە هەرهۆکارێک بێت دەبینین قەزای ئاکرێ وەک کۆنترین یەکەی ئیداری لە دەڤەری بادینان پشتگوێ خراوە. گەنجەکانمان ساڵانە بێکار دەبن، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئایندەی گەنجان و لاوان لە شاری ئاكرێ، هه‌روه‌ها بۆ داهاتوو دەبێتە هۆی سه‌رهه‌ڵدانی چەندین کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی و زیانبەخش بۆ خەڵکی ناوچەکەمان.
به‌رنامە و ئاوەدانکردنەوە
وتیشی: پێویستە حکومەت به‌رنامه‌ی هه‌بێت کۆمپانیا و سەنتەری بازرگانی لە ئاکرێ دابمەزرێنێت، حکومەت دەتوانێت هەزاران گەنج لە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵدا دابمەزرێنێت، چونكه رێژه‌ی زه‌نگین و سه‌رمایه‌داران له ئاكرێ كه‌مه و زۆر کەم کەسی دەوڵەمەند هەیە خزمەت بە شارەکەیان بکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر شارەکەمان دروستكردووه، پێویستە حکومەتی هەرێم رێوشوێنی تر سەبارەت بە ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدانی قه‌زای ئاكرێ بگرێتەبەر. چونکە رێژه‌یه‌ك له دوکاندارەکان و خەڵکی رەسەنی ئاكرێ شارەکەیان بەجێهێشتووه و روویان له پارێزگاکانی تری کوردستان كردووه بۆ كاروكه‌سابه‌ت، به‌تایبه‌تی بۆ پاراستنی سامان و سەرمایەکانیان. بۆیە داوا لە دەسەڵاتی خۆجێی شاری ئاكرێ دەکەم کارئاسانی بۆ رەخساندنی هەلی کار بۆ خه‌ڵكی قەزای ئاكرێ بکەن.
لەوبارەیەوە شەعبان خه‌لیل بەروارى، دەڤه‌رداری ئاكرێ، رایگه‌یاند، بێگومان ئێمه به‌هه‌موو شێوازێك پشتیوانی گه‌نجان و لاوانی سنووری قه‌زای ئاكرێ دەکەین، لە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاردراوه رێژه‌ی 70 %ی کرێكاری ناوخۆیی لە کەرتی تایبەت و کۆمپانیا بیانییەکانی دیکەی کوردستان دابمەزرێنن، ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ گەنجان و لاوان و رێژەی بێ‌کاری لە هەرێمی کوردستان کەم بێتەوە. گومانی تێدا نییە بێ‌کاری لە سەرانسەری کوردستان هه‌یه، ئێمه وه‌ك ئیدارەی خۆجێی قه‌زای ئاكرێ بەردەوام هانی وەبەرهێنەران دەدەین بۆ ئه‌وه‌ی وەبەرهێنان لە ده‌ڤه‌ری ئاكرێ به‌گشتی بكه‌ن. حکومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای دهۆك، چەند پلانێکی جیاوازیان هەیە بۆ گەشەپێدانی قه‌زای ئاکرێ لە ئایندەیەکی نزیکدا بودجەیەکی تایبەت بۆ شاری ئاكرێ تەرخان دەکرێت.هه‌روه‌ها ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی له مافی بێکاران دەکەین وهەر پڕۆژەیەک بکرێتەوە ئەولەویەت بۆ دانیشتوانی دەڤەری ئاكرێ ده‌بێت.