یەكێتی ماڵی پەرتكراوی كورد یەكدەخاتەوە

09:46 - 2022-12-04
ڕاپۆرت
572 جار خوێندراوەتەوە
یەكهەڵوێستیی لایەنەكان پارێزەری مافەكانی گەلی كورد دەبێت

«بەسەركردایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەوڵێك بۆ یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردستانییەكان لەپێناوی پاراستنی قەوارەی هەرێم و خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان، لەئارادایە و لایەنەكانیش پشتیوانیی دەستپێشخەرییەكەی یەكێتی دەكەن»

پشتیوانی لە یەكهەڵوێستی و یەكدەنگیی لایەنە كوردستانییەكان دەكرێت و بە یەكێك لە فاكتەرە گرنگەكانی پێشكەوتن و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتی زیاتر لە بەغدا، دادەنرێت.
كۆبوونەوە باڵاكەی دوكان، كە بە دەستپێشخەریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رێكخرا، 20 حزب و پارتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەشدارییان تێدا كرد و ماڵی سەرۆك مام جەلال جارێكی دیكە بۆوە بە چەتری كۆكردنەوەی هێزە سیاسییەكان، كە رێڕەوی راستی سیاسەتە بۆ یەكڕ‌یزیی و یەكهەڵوێستی لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و پێشهاتە سیاسییەكان، بەتایبەتی رێكخستنەوەی پەرتەوازەیی ماڵی سیاسیی كورد.

كورد بەدەست لەتبوونی ماڵەكەیەوە دەناڵێنێت
ناسك تۆفیق ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA دەڵێت: «یەكێك لە فاكتەرە گرنگەكان بۆ پێشكەوتن و سەقامگیربوونی هەرێمی كوردستان چ وەكو قەوارەیەكی سیاسی یاخود وەكو ئاسایشی ئەمنی و كۆمەڵایەتی، یەكهەڵوێستی و یەكگرتنی هەموو لایەنەكانە، كاتێك كە دەڕۆنە عیراق بۆ داواكردنی مافەكانی كورد». ئاماژەی بەوەشكردووە كە «ئەوەی 30 ساڵە پێوەی دەناڵێنین ئەم لەتلەتبوونەی ماڵی كوردە، كە لە بەردەم عیراق-دا لاوازمان دەكات و زۆرجار بەرامبەر بە یەكتر بەكاردەهێنرێین. دەڵێت: «كاتێك یەكگرتوو نەبووین و لەتلەتبووین و لە هەڵوێستەكاندا دژ بەیەك مامەڵەمان كرد، بەدڵنیاییەوە وڵاتانی دراوسێ بەكارماندەهێنن بۆ دژایەتی یەكتر و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان».

هەرێم لە دۆخێكی هەستیاردایە
یەكهەڵوێستیی لایەنەكان كاریگەریی زۆری لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان دەبێت و پارێزەری مافەكانی گەلی كورد دەبێت.
چۆمان محەمەد رێكخەری ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان بەPUKMEDIA ی وتووە: «دۆخی هەرێمی كوردستان زۆر هەستیارە، مەترسییەكانی بەردەمی زۆر گەورەن، بۆیە چەند هەنگاوێك بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم پێویستە لە ناوخۆدا، لەپێش هەموویانەوە یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكان و چاكسازیی ریشەییە». تەئكیددەكاتەوە كە «بەم دۆخەوە بەردەوامبین و حزبەكان پەرتەوازەبن، زیانی گەورە بەر قەوارەی هەرێم دەكەوێت و لە ئاستی عیراقیشدا رۆژ بەڕۆژ لاوازتر دەبین و مافە دەستووری و یاساییەكانمان دەكەوێتە مەترسییەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆش وادەكات ململانێی توندی حزبیی ناپێویست دروست ببێت». لەبارەی دەستپێشخەرییەكەی یەكێتی، جەختیكردۆتەوە كە «دەستپێشخەرییەكەی یەكێتی بۆ یەكهەڵوێستی گرنگ و پێویستە بەتایبەتی بۆ ئەم دۆخە هەستیار و مەترسییەی رووبەڕووی هەرێم بۆتەوە، بە گشتیش یەكهەڵوێستیی كورد دەبێت بەئامانجی یەكخستنی نێوماڵی كورد بێت و یەكڕیزیی بێت لە پرسە چارەنووسسازەكاندا».

ئەنجومەنێك لەپێناوی یەكهەڵوێستی
یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردستانییەكان لەچوارچێوەی ئەنجومەنێكدا، زامنی مافەكانی گەلی كورد دەكات.
لەوبارەیەوە، سالار سەرحەد لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ PUKMEDIA دەڵێت: پێكهێنانی ئەنجومەنێك لە هەرێمی كوردستاندا یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی زیاتری لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمدا دەچەسپێنێت. باس لەوەش دەكات كە «دروستبوونی ئەنجومەنێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا هاوكارێكی باش دەبێت بۆ حكومەت و پەرلەمان، دەتوانرێت بۆ هەر كێشە و گرفتێك كە لە هەرێمدا بێتە ئاراوە، ئەو ئەنجومەنە گفتوگۆی لەسەر بكات و چارەسەری بكات».

یەكڕیزیی و دەستكەوتی زیاتر
هەر كاتێك لایەنە كوردستانییەكان یەكدەنگبوون لەسەر پرسە نیشتمانییەكاندا لە بەغدا دەستكەوتی زیاتر بەدیهاتووە.
سادق جەباری ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بۆ PUKMEDIA  دووپاتیدەكاتەوە: «لە هەموو سەردەمێكدا كاتێك هێزە سیاسییەكانی كورد یەكڕیزبووبن توانیویانە دەستكەوت بۆ گەلەكەمان بەدەستبهێنن، بەتایبەت لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ یەكدەنگیی لایەنەكان هۆكاری سەركەوتنی هەر داوایەكی كورد بووە لە عیراق و لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستان». ئەوەشی وتووە: «پەرتەوازەیی و یەكنەبوونی لایەنە سیاسییەكان، لاوازی و پەرتبوونی نەتەوایەتیی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەردەخات، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی نەیارەكانمان ئەوە بە هەل بزانن و بەشێوەیەكی لاواز مامەڵەمان لەگەڵدا بكەن». باس لەوەش دەكات كە «حزبی سۆسیالیست لە هەموو كاتەكاندا و لە هەر كوێیەك هەنگاو بۆ یەكڕیزیی نرابێت لەگەڵیدا بووە و پشتیوان بووە».
بەسەركردایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەوڵێك بۆ یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردستانییەكان لەپێناوی پاراستنی قەوارەی هەرێم و خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان، لەئارادایە و لایەنەكانیش پشتیوانیی دەستپێشخەرییەكەی یەكێتی دەكەن.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان