15 یاریزانیان قەتەری نین

11:54 - 2022-12-05
وەرزش
279 جار خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردەی قەتەر كە یەكێك بوو لە 32 هەڵبژاردە بەشدارەكەی ئەم مۆندیالەی 2022، بەو پێیەی كە وڵاتەكەیان رێكخەری مۆندیالە، بەبێ پاڵاوتن و راستەوخۆ وەك یەكەم هەڵبژاردەی بەشدار گەیشتە دوا یارییەكانی مۆندیال.
ئەوەی ئەم هەڵبژاردەیە لە سەرجەم هەڵبژاردەكانی تر جیا دەكاتەوە ئەوەیە لەكۆی ئەو 26 یاریزانەی ناویان لە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەكەدایە،15 یاریزانی كە زیاتر لە نیوەی یاریزانەكانی ئەو هەڵبژاردەیە دەکات، قەتەری نین و خەڵكی وڵاتانی ترن و قەتەر رەگەزنامەی داونەتێ تا بتوانن یاریی بۆ قەتەر بكەن.
قەتەر وڵاتێكی بچوكە، رووبەرەكەی نزیكەی 12 هەزار كیلۆمەتر دوجایە و دانیشتوانەكەشی نزیكەی 3 ملیۆن كەسە، لە خولی نایابی وڵاتەكەیدا 12 یانە بەشداریی دەكات و 8 یانەی پلە دووشی هەیە، لەو خولانەشدا ژمارەیەكی زۆری یاریزانانی وڵاتانی تر یاریی دەكەن.
ئەمەش وایكردووە كە هەڵبژاردەی قەتەر نەتوانێت هەڵبژاردەیەكی خاوێنی لە یاریزانانی قەتەری هەبێت، بۆیە ئەم هەڵبژاردەیە بە یەكەم هەڵبژاردەی بەشداری ئەم مۆندیالە دادەنرێت كە زۆرترین یاریزانی دەرەوەی وڵاتەكەی یاریی بۆبكەن، ئەو یاریزانانەی قەتەر كە قەتەری نین و لەم مۆندیالەدا ناویان لە لیستی یاریزانانی قەتەردا بووەو یارییان بۆ قەتەر كردووە ئەمانەن:
*موعز عەلی، عەبدولكەریم حەسەن، عەبدول عەزیز حاتەم، عاسم مادیبۆ، مەسعەب خزر –سودان.
 *عەلی ئەسەدوڵڵا-بەحرەین.
 *محەمەد مونتاری-غانا.
*بەسام ئەلراوی و  محەمەد وەعد-عیراق.
 *خوخی بو عەللام و كەریم بو زیاف-جەزائیر.
 *مستەفا تاریق و ئەحمەد عەلائەدین-میسر.
 *ئەكرەم عەفیف-یەمەن.
*پیدرۆ میگێل-كاپ ڤێردی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان