سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە لەگەڵ یەکریزی و تەبایی نێو ماڵی کورد و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتین

07:02 - 2022-12-05
کوردستان
319 جار خوێندراوەتەوە

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیکرد لە ئۆلیڤیێ دیکوتینێ، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان.
 
‏‎لە دیدارێکدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە هاوینەهەواری دوکان و هێز و لایەنە سیاسییەکانی عیراق لە ماڵی مام لە بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا. جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەردەوامی گفتوگۆ نیشتمانییەکان کرایەوە لەپێناوی چارەسەرکردنی کێشەکان و هەنگاونان بە ئاڕاستەی سەقامگیری و تەبایی لە نێوان لایەنەکاندا.
 
‏‎سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی هەرێم و کۆبوونەوەکەی هاوینەهەواری دوکانەوە وتی، کۆبوونەوەکە سەلمێنەری ئەو راستییە بوو کە ئێمە لەگەڵ یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کورد و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتین لەم قۆناغە هەستیارەدا. یەکێتی باوەڕی تەواوی بە هاوبەشیی راستەقینەیە و دەمانەوێت لەگەڵ هێزە کوردییەکان بگەینە پڕۆژەیەکی نیشتمانیی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردن و خزمەتکردنی خەڵکەکەمان، کە ئەمەش لە خزمەت بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێم دەبێت.
 
‏‎هەر لە دیدارەکەدا کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت گفتوگۆی لەبارەوە کرا و سەرۆک بافڵ ئاماژەی بە خاڵە ئەرێنییەکانی کۆبوونەکە کرد و وتی، کۆبوونەوەکە هەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و گرفتە سیاسییەکانی تر لە عیراقدا. خۆشبەختانە ئەو ئامانجەمان لە ماڵی مام بەدیهێنا و گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی گفتوگۆ و رێکەوتنەکان لەسەر بنەمای دەستوور بکرێن.
‏‎سەرۆک بافڵ وتیشی، کۆبوونەوەکە جەختی لە پشتیوانیی هێز و لایەنەکان کردەوە بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی نوێ، چەسپاندنی دادوەری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. بڕیاریش درا کۆبوونەکان درێژەیان هەبێت لەپێناوی سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی و هێنانەدی ئامانجە باڵاکان.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان