هەفتە بازاڕی شێخەڵڵا هیوایەك بۆ هەژاران

10:33 - 2022-12-06
ڕاپۆرت
263 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر – رەوەست نەوزاد

هەموو رۆژانێکی هەینی، عەلی عوسمان بە مەبەستی شت كڕین روو لە بازاڕە جەنجاڵەکەی شێخەڵڵا دەکات، دەڵێت: ئەو بازاڕە بۆ خەڵكی هەژارە،  بەو پێیەی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە قەیرانی داراییدایە، هاووڵاتیان پێویستیان بە شوێنێكە كاڵاكانیان نرخیان كەم بێت، ئەو فرۆشیارانەشی لەو بازاڕەن بەهۆی نەدانی كرێی كارەبا و ئاو و باج و كرێی دوكان، كاڵاكانیان بەنرخێكی هەرزانتر دەفرۆشن و قازانجێكی كەم دەكەن و خەڵكی شارەكەش سوود لەو جۆرە بازاڕە دەبینن.
ئاستەنگی هاتوچۆ
سەرەڕای پەسندكردنی ئەو بازارە لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەهۆی هەرزانی نرخی شتومەكەكانی، ئەوان پێیانوایە پێویستە سەرپەرشتی بکرێت و رێکبخرێت، چونکە ناڕێكی لەو بازارەدا هەیە، عەلی دەشڵێت: بازاڕی هاوشێوەی شێخەڵڵا  لە زۆر وڵاتی پێشكەوتووی ئەوروپا لە هەموو رۆژێكی كۆتایی هەفتەدا هەیە، بەڵام وەكو ئەوەی هەولێر نارێك نییە و لەوێ شوێن بۆ هەموو فرۆشیارەكان بە رێكوپێكی دادەنێن تا قەرەباڵغی دروست نەبێت، بەڵام لێرە حكومەت هیچ پلانێکی بۆ رێكخستنی بازاڕی شێخەڵڵا دانانێت و هەر فرۆشیارێك بە ئارەزووی خۆی كاڵا لەسەر شەقام و شۆستە و گۆڕەپانەكە هەڵدەڕێژێت یان ئۆتۆمبێلەكەی لە ناوەڕاستی شەقامی گۆڕەپانەكە دەوەستێنێت و ئەمەش ئاستەنگی هاتوچۆ دروست دەکات.
زبڵ و خاشاك فرێدەدرێت
عەلی وتیشی، لایەنە خراپەکەی ئەو بازاڕە پیسکردنی ژینگەیە، فرۆشیارەكان كاڵایەكی زۆر دەفرۆشن زۆربەیان لەناو پاكەت و نایلۆن و قوتون، بەڵام كەسیان رەچاوی پاكراگرتنی شوێنەكە ناکەن و كاتێك ئێوارە دێت و گۆڕەپانەكە چۆڵ دەبێت بەسەدان پارچە كاڵا و خاشاک لەلایەن فرۆشیار و كڕیارەكانەوە لەسەر شەقامەكان فرێدەدرێت، دیمەنێكی ناشیرین بە بازاڕەكە دەبەخشێت، بۆیە پێویستە حكومەت شوێنێكی گونجاو بۆ ئەو بازارە دابنێت و چاودێری شوێنەكەش بكات چونکە دواتر بازاڕەكە دەبێتە هۆیەك بۆ پیسكردنی ژینگە و دیمەنی بازاڕی گەورەی هەولێر.
ژمارەیەكی زۆری فرۆشیاری گەڕۆك و دەستگێڕ كاڵای جۆراوجۆر لە دوای نیوەڕۆی هەموو رۆژانێكی هەینی روو لە شێخەڵڵا دەكەن و كاڵاكانیان لەسەر شەقامەكان رۆدەكەن، یان لەسەر ئۆتۆمبێل و عەرەبانەكانیان کاڵاکانیان بۆ فرۆشتن نمایش دەكەن، ئەو دیاردەیە هەندێك لە هاووڵاتیان بە هەفتە بازار ناوزەند دەكەن، بەڵام ئەو جۆرە بازاركردنە بەشێوەیەكی زۆر ناڕێك بەڕێوەدەچێت كە هەر فرۆشیارێك شوێنێك بۆ خۆی داگیردەكات و قەرەباڵغی دروست دەبێت و زبڵ و خاشاكیش فرێدەدرێت و پێناچێت شارەوانی ئەو شارە هیچ چاودێریەكی ئەو بازاڕە بكات.
محەمەد، یەكێكە لەو فرۆشیارانەی بەشێوەی گەڕۆك بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری دوو تۆنی كاڵای جۆراوجۆر بە مەبەستی فرۆشتن دەهێنێتە بازاڕی شێخەڵڵا، ئەو بەهۆی ئەوەی خەڵكی شارەكە نییە، ناتوانێت هەموو رۆژ بێـتە بازاڕەكە، هەروەك شارەوانی هەولێریش رێگە نادات ئۆتۆمبێلەكەی جگە لە رۆژانی هەینی لەو بازاڕە بوەستێنێت، وتی: دوكانم نییە و تەنها رۆژانی هەینی دێمە ئەو بازاڕە لە سلێمانیەوە دێم و كاڵاكانم لێرە دەفرۆشم و فرۆشیشی باشە، چونكە نرخەكانیان هەرزانە نرخیان لەنێوان 1000 تا 1250 دینارە هۆكارەكەش ئەوەیە خۆم لە دەرەوەی هەرێم هاوردەیان دەكەم، كاڵاكانم توركی و چینین، شارەوانی هەولێر لەو رۆژە هیچ رێگرییەكمان لێناكات بۆ وەستاندنی ئۆتۆمبێلەكانمان و فرۆشتنی كاڵاكانمان.
كارزان ئەحمەد-یش، فرۆشیارە بە ئۆتۆمبێل، هەموو رۆژانێكی هەینی چەند كاڵایەكی تایبەت بەچێشتخانە و مەتبەخ دەهێنێتە ئەو بازاڕە و بەهۆی هەرزانی نرخەكانی و باشی كوالێتی كاڵاكانی کڕیارێکی زۆر لە بەردەم ئۆتۆمبێلەكەی كۆدەبنەوە، كارزان وتی: ئەو كاڵایانە هەمووی جۆری باشن كە من دەیانفرۆشم، فرۆشیان لەوڵاتانی تر نابێت و دەیهێنن بۆ هەرێم، من دوكانم نییە و كاڵاكانم لە ناوچەی پیشەسازی هەولێرو بازاڕی پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل دەفرۆشم هەركاتێك رۆژی هەینی هاتەوە دیسان دێمەوە سەیداوە و شێخەڵڵا، ئیتر ئەوە كاسبیەكەی منە.
لە شارەکانی دیکەوە دێن
جگە لە كاسبكاری شارەكە كاسبكاری شارەكانی تری هەرێمیش كاڵاكانی خۆیان دەهێننە ئەو بازاڕە و دەیفرۆشن، بۆ نموونە خاوەن بەرهەمە كشتوكاڵی و ئاژەڵییەكانی شارۆچكەكانی ئاكرێ و ئامێدی دەڤەری بادینان و گوندەكانی خۆشناوەتی و باڵەكایەتی بەرهەمە شیرەمەنیەكان و رووەكیەكانیان لەو بازاڕە نمایش دەكەن و دەفرۆشن، خەڵكێكی زۆر بەهۆی ئەوەی بەرهەمی خۆماڵین لێیان دەكڕن.
هەروەها، نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی ناوەندی هەولێر، لە بارەی كەموكوڕی ئەو هەفتە بازاڕەوە، رایگەیاند: ئەو پاشماوانەی كاسبكارانی ئەو بازارە لە دوای خۆیان بەجێی دێڵن لەلایەن تیمەكانی شارەوانیەوە پاكدەكرێتەوە، بەڵام داواكارین كاسبكارەكان هاوكاربن ئەو زبڵ و خاشاكانە فڕێنەدەن و خۆیان كۆیبكەنەوە بۆ ئەوەی كاری تیمەكانی شارەوانی ئاسانتر بەڕێوەبچێت، وتیشی: لەپلان و بەرنامەماندایە كاری رێكخستنەوەی بازاڕەكانی شارەكە بکەین، پلانێکمان چارەسەری  قەرەباڵغییەی بازاڕی شێخەڵڵایە.  

بابەتە پەیوەندیدارەکان