ستران عەبدوڵڵا: هەوڵی ئەمڕۆی یەكێتی بۆ ئەوەیە سامانی غاز بە دەردی دۆسێی نەوت نەبرێت

10:33 - 2022-12-06
کوردستان
310 جار خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵڵا لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی لە سەکۆی راگەیاندنی حزبەکەیەوە ئاماژەی بەوە کرد (باوی ئەو خەیاڵپڵاوییە نەماوە كە باسی تاقم و دەستە لەناو یەكێتی بكرێت. یەكێتی ئێستا یەك دەستە و یەك ئاراستەیە بە سەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەکردنی تەنگژەی سیاسیی کوردستان و چاکردنی گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک و نەهێشتنی جیاکاری نێوان شارەکان) وتیشی (ئێمە  هیوامانە پارتی دوای كۆنگرەی چواردەیەم بەشی ئەوە ئاراستەكانی یەكخستبێت كە دەرفەتی هەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەی تیابێت لەگەڵ لایەنەكان وەکو خۆشیان هەستیان پێکردووە، ئێمە پێمان ناخۆشە برادەرانی پارتی وا تەنگەتاو بوون كە بەراورد لە نێوان دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی حكومەت بكەن لە كابینەی نۆ و كابینەكانی پێشتردا ، لە کاتێکدا کە سەرۆكایەتی حكومەت ئەوسا و ئێستاش هەر لە حزبەكەی ئەوان بوو. ئێمە ئەم بەراوردە هەستیارە ناكەین و کارمان پێی نییە،  بەڵام دەزانین سەرۆكی حكومەتی ئێستا سیاسەتە هەژموون و فراوانخوازییەکەی وا پەرەی سەندووە هیچ مانایەكی بۆ هاوبەشێتی و بەشداری كارای حكومڕانی بۆ لایەنەکان نەهێشتۆتەوە بە جۆرێک تەنانەت گۆڕانكاری وەزاری لە پشكی یەكێتیش پەك دەخات) 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی ئاماژەی بەوەش کرد (جێگری سەرۆکی حکومەت هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی  کێشەی سەڵاحیاتی لا ئەوەلەویەت نییە، ئەگەرچی حکومەتی ئیئتلافی کارا دەبێ دەستی بەشداری لە کۆشش و خزمەتکردن بۆ هاوبەشەکەی واڵابکات، راستییەکەی خەم و ئەولەویەتی جێگری سەرۆکی حکومەت عەدالەت و چوونیەکی خزمەتە لە سەرتاسەری کوردستاندا بە سلێمانی و گەرمیانیشەوە) 
ڵێپرسراوی راگەیاندنی یەکێتی  پێچەوانەی خیتابی چەواشەکاری هەندێک لە لێپرسراوانی پارتی پێی وایە (هەموو هەوڵی ئەمڕۆی یەكێتی بۆ ئەوەیە سامانی غاز بە دەردی دۆسێی نەوت نەبرێت، نەك پشك و پشككاری. چونکە بەداخەوە  قسەی ئەو لێپرسراوانە لەسەر كەیسی نەوت و غاز وەك قسەیانە لەسەر كەیسی ئەمنی و گوایە یاساسەروەری، هەردووكیان جێی باوەڕی نەك جەماوەر، بەڵكو جێی باوەڕی كادیرانی پارتیش نین) چونكە (هەموو لایەك دەزانن ئەوە یەكێتی بوو بۆ نیازباشی لە حكومەت بە گۆڕانكاری لە ئەنجومەنی باڵای ئابووری رازی بوو. بەداخەوە  پارتی لە كەیسی ئەمنی لە خۆی بەشكە،  بۆیە ئەم بابەتەی لێ بۆتە فۆبیا و سیناریۆ بۆلیۆدییەکەی پێ پەردەپۆش ناكرێت. ئەگەرنا هەموو جەماوەر دەزانێت لەودیو دێگەڵەوە چەند شتی گوماناوی دەكرێت. لەوێ لادەرەكانی یاسا و سیاسەت هێز و فەوجیان بۆ دەكرێتەوە). 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی دەڵێ (لای یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان  سلێمانی و هەولێر و دهۆك و گەرمیان جوگرافیای یەك نیشتمانن،  پێمان خۆشە پارتیش بەو ئاراستە كوردستانییە بیر لە سلێمانی و گەرمیان بكاتەوە و گەمارۆی سەریان هەڵبگرێت، دەست لە فەرق و جیاوازی نێوان دەڤەرەکان هەڵبگرێت کە دیفاکتۆی دوو زۆنی قووڵ دەکاتەوە)
ستران عەبدوڵلا  ئاماژەی بەوەشدا سلێمانی هەمیشە پایتەختی جووڵانەوەی سیاسیی کوردستان بووە و ئێستاش هەروا بە روانینێکی فراوان و کراوەوە ئەم گیانە دیموکراسییەی خۆی دەپارێزێ و شۆخی بە نەغمەی پەرۆشی پارتی دێت بۆ دۆخی شارەکە) بە پێچەوانەوە (سلێمانی و تەواوی کوردستان کێشەیان لەگەڵ ئەم شێوە حوکمڕانییە بێباکەی تیمی سەرۆکی حکومەت هەیە و لێی ناڕازییە) ( یەکێتی هیچ کێشەیەکی حزبی بەرتەسکی لەگەڵ پارتی نییە.. یەکێتی کێشەی خەڵکی کوردستانی هەیە لەگەڵ ئەم تەرزە حوکمڕانییەی پارتی).

بابەتە پەیوەندیدارەکان