جیاوازی نرخ لە نێوان ئارایشتگا و سەرتاشخانەکاندا

09:28 - 2022-04-07
ڕاپۆرت
529 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ میهرەبان عەبدول

ناسک محەمەد سێ سەعات لە ئارایشتگا چاوەڕوانی کردووە تا قژی ببڕێت و مووی دەموچاوی لاببات و وتی، بۆ هەردوو کارەکە 50 هەزار دینارم داوە.
هاوکات هۆزیار یەحیا کوڕێکی گەنجە و مانگانە سێ بۆ چوار جار دەچێتە سەرتاشخانە و وتی،  بە 8 هەزار  دینار قژ چاک دەکەم ئەگەر مەساجێکی دەم و چاویش بکەم 15 هەزارێکی تێ دەچێت و واتە تەواوی مانگەکە 30 بۆ 40 هەزار خەرج دەکەم.
هەموان دەزانین لە رووی نرخ یاخود جۆری کار جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئارایشتگای ژنان و سەرتاشخانەکانی پیاوان، زۆرێک لە هاووڵاتیان و خاوەن سەرتاشخانە و ئارایشتگەکان و سەندیکاش جیاوازییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە پیاوان پێویستە زوو زوو قژیان چاک بکەن و سەردانی سەرتاشخانەکان بکەن بۆ ئەو کارە لە کاتێکدا خانمان لەوانەیە ساڵی جارێک یان کەمتر سەردانی ئارایشتگا بکەن بۆ بڕینی قژ یان رەنگکردنی ئەویش زیاتر لە کاتی بۆنەکاندایە.

لە کاتی خۆیدا کارەکان ناکەن
ناسک محەمەد گلەیی لە دواکەوتنی کارەکان هەبوو لە ئارایشتگەکان و وتی، خاوەن ئارایشتگەکان لە کاتی خۆیدا کارەکان ناکەن و نرخیشیان زۆر بەرزە لە کاتێکدا پێشتر تەلەفۆنم کردوە و ناوم نووسی بوو، خانمان کەمتر لە پیاوان سەردانی ئارایشتگا دەکەن، بەڵام من  وەک خۆم گرنگی زۆر بە خۆم دەدەم و زووزوو سەردان ئەکەم و بۆ ئەم مەبەستە مانگانە 100 هەزار دینار خەرج دەکەم. 

زەریبەیەکی زۆریان  لەسەرە
نیگار قادر خاوەنی ئارایشتگەیەکە لە شاری سلێمانی وتی، خانمان کاتێکی زۆریان پێویستە بۆ رازاندنەوە و خۆ جوانکردن، بەڵام هاتنیان بۆ ئارایشتگا درەنگ درەنگە و هەر خانمێک شەش مانگ جارێک یان ساڵی جارێک پێویستیان بە قژبڕینە.
وتیشی، نرخی کارەکانمان بۆ ژنان لە پێنج هەزارەوە دەست پێدەکات تا 250 هەزار دینارە و پێشتر بە تەلەفۆن مەوعید بۆ مشتەرییەکانمان دادەنێین بۆ ئەوەی زۆر چاوەڕێ نەکەن و ئێمەش رۆژانە کارەکانی خۆمان بزانین.
باسی لەوەکرد، گەورەترین کێشەیان زەمانی ئەو کرێکارانەیە کە لەلایان کاردەکەن، هەموو پێنجسەد هەزارییەک ئێمە ئەبێت مانگانە 85 هەزاری لێ بدەین بە زەریبە کە پێی دەڵێن زەمان ئەمەش رێژەیەکی زۆرە.
هۆشدار محەمەدی دەلاک،  دەربارەی هەرزانی نرخی سەرتاشخانەکان لە ئارایشتگاکان وتی، ئەو کارەی بۆ پیاوان دەکرێت لە سەرتاشخانەکان زیاتر ئیشی دەستە و کەمتر کەرەستە بەکاردەهێنێن بۆیە نرخی کارەکانی سەرتاشخانە هەرزانترە لە ئارایشتگای ژنان.
وتیشی، جگە لە سەر چاککردن و کارە باوەکانی تر کە بۆ پیاوان دەکرێن، کاری مەساج و پاکردنەوە و هەندێ جار ماکیاژیش بەکاردێنین بە تایبەت بۆ زاوا ئەو کارانە دەکرێن لەسەر داواکاری خۆیان.
ئەو دەلاکە ئاماژەی بەوەشکرد،  نرخی کارەکانمان لە پێنج هەزار دینارەوە دەستپێ دەکات و تا 75 بۆ سەد هەزار دینار ئەگەر هەموو ئیشەکان بە یەک جار بۆ 
پیاوێک بکەین. 
باسی لەوەشکرد، جیاوازی نرخ لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و لە کەرەستە و هەر شتێکی تر جیاوازی هەیە خۆشم سەرەتا لە شوێنێکی بچووک و کەرەستەی هەرزانەوە دەستم پێکردووە دواتر دەگۆڕێ بۆ مەوادی باشتر و ئامێری  گەرمی و ساردی و خزمەتگوزاریی باشتر و شوێنێکی گەورە تر و دیزاینێکی جوانتر، ئەمانە هەمووی هۆکارە بۆ جیاوازی نرخەکان و کوالێتی باشتر.

نرخیان بۆ دیاری دەکرێت 
ئاسۆس مستەفا  نوێنەری سەندیکای خزمەتگوزاری لە هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستانی نوێی راگەیاند: پلەمان داناوە بۆ هەموو ئارایشتگەکان بەپێی قەبارەی کار و کوالێتی موادەکانی کە هەیەتی نرخ دیاری دەکرێت، ئەگەر نرخەکان کەمتر بێت لەوەی کە بۆمان دیاریکردون ئاساییە، بەڵام ئەگەر زیاتر بێت و سکاڵای لێبکرێت ئەوا سزا دەدرێن.
 وتیشی، لیژنەکان و چاودێری بازرگانی بەردەوامە لە بەدواداچوون بۆ ئارایشتگا و سەرتاشخانەکان و  لە ساڵی رابردوودا لیژنەکانمان سەردانی 1700 شوێنیان کردووە.
باسی لەوەشکرد، بە هیچ شێوەیەک کاری جوانکاری وەک تاتۆ یان لێزەر کاری ئارایشتگەکان نییە و تەنها کلینیک و دکتۆرەکان دەبێت بیکەن ئەگەر نا سزا دەدرێن. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان