کورتەچیرۆک

دوژمنی پزیشكان

09:53 - 2022-04-07
ئەدەب و هونەر
436 جار خوێندراوەتەوە

سەعید گلی زادە

ئێمه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ حه‌زمان له‌ چاره‌ی پزیشكان نییه‌. ده‌كرێت بڵێین به‌ جۆرێك باوه‌كوشته‌ی یه‌كترین. ره‌گوڕیشه‌ی رق و كینه‌كه‌ش له‌و رۆژه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد كه‌ باپیره‌م شه‌وێك حاڵی خراپ ده‌بێت و به‌ گومانی ئه‌وه‌ی تووشی سیل بووه‌ ده‌چێته‌ لای دكتۆر. ئه‌ویش دوای پشكنین به‌ باپیره‌گه‌وره‌م ده‌ڵێت هیچی نییه‌. رێك هه‌مان شه‌و باپیرم له‌ خه‌فه‌تی ئه‌وه‌ی به‌خۆڕایی هه‌ندێ پوول و پاره‌ی داوه‌ به‌ پزیشك، جه‌ڵته‌ی دڵ لێیده‌دات و ده‌مرێت. له‌و كاته‌وه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئێمه‌ هه‌رچی پزیشك و حه‌كیم و پسپۆڕ و نه‌شته‌رگه‌ر هه‌یه‌ تڕۆی دەکەن. با ئه‌وه‌ش بڵێم دوژمنایه‌تییه‌كه‌ به‌ڕاده‌یه‌كه‌ ته‌نانه‌ت جارێكیان، ئامۆزایه‌كم كه‌ نامه‌به‌ری پۆسته‌ بوو به‌ ماتۆڕ، گورزه‌یه‌كی گه‌یانده‌ ده‌رمانخانه‌یه‌ك. له‌ به‌یانی ئه‌و رۆژه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌موو بنه‌ماڵه‌كه‌مانه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ تڕۆ كرا. دواجاریش به‌ هه‌زار سوێند و قورئانی دایكی قایل بوون بۆ میواندارییه‌كان داوه‌تی بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌تا ئێستاش سفره‌ی نانخواردنی ئێواره‌ی له‌ دووری خه‌ڵكه‌كه‌وه‌ له‌به‌ر ده‌رگای ئاوده‌سته‌خانه‌دا بۆ راده‌خه‌ن.
به‌داخه‌وه‌ دووری ئێمه‌ له‌ پزیشكانه‌وه‌ نه‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئیتر نه‌خۆش نه‌كه‌وین. به‌ڵام به‌ حسابكردن بۆ هه‌وڵ و كۆششی به‌رده‌واممان توانیمان له‌ پزیشكیدا بگه‌ینه‌ خۆبژێوی. به‌پێی ئه‌زموون و هه‌ڵه‌ی شێوازه‌ جیاوازه‌كانی تیماركردن، ده‌ره‌قه‌تی هه‌موو جۆره‌ نه‌خۆشییه‌ك بێین. ته‌نانه‌ت دروستبوونی ركابه‌ری له‌ نێوان خێزانه‌كاندا بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی شتی وا كه‌شف بكه‌ین كه‌ عه‌قڵ سه‌رسام بكات. بنه‌مای ئیشی ئێمه‌ به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ شتی سروشتی به‌كاربێنین نایابتره‌ و رێوشوێنی به‌كارهێنانی سه‌رسوڕهێنه‌ر تره‌ و به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ به‌هاتر و كاریگه‌رتره‌. بۆ نموونه‌ له‌م دواییانه‌دا مێردی پوورم بۆ تیماری (شه‌فیقه)، هه‌وڵیدا ناوكی مانگۆ له‌ لووتییه‌وه‌ بگه‌یه‌نێته‌ مێشكی. (هه‌ڵبه‌ته‌ ئێمه‌ بۆ نیشاندانی خۆبژێویمان خۆمان ناومان بۆ نه‌خۆشییه‌كان داناوه‌. دكتۆره‌ نه‌خوێنده‌واره‌كان به‌ شه‌فیقه‌ ده‌ڵێن شه‌قیقه‌). هه‌رچه‌نده‌ له‌و كاته‌وه‌ كونه‌ لووتێكی هیچ بۆنێك ناكات و ده‌ره‌جه‌ی چاوێكیشی پێنج ده‌ره‌جه‌ دابه‌زیوه‌، به‌ڵام خۆی ده‌ڵێت نه‌خۆشییه‌كه‌ی به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر بووه‌. یان بۆ نموونه‌ باوكم كاتێ من مناڵ بووم بۆ تیماری زه‌ردووییه‌كه‌م هه‌موو رۆژێك دۆشاوی كردۆته‌ شیره‌كه‌مه‌وه‌. یان پوورم بۆ تیمار چه‌وری جگه‌ری مێرده‌كه‌ی رۆژی سێ جار بوخاری زاهی قاپ شۆرینی کردووە بە لووتیدا. ئێستا له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ به‌لاتانه‌وه‌ پرسیار بێت ئێمه‌مانان كه‌ ناچین بۆ لای پزیشك و ناچینه‌ تاقیگه‌ چۆنچۆنی ده‌توانین ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ین. ده‌بێت عه‌رزی جه‌نابتانی بكه‌م كه‌ له‌ سایه‌ی ئه‌و ئه‌زموون و توانا زۆره‌ی باپیرم له‌ ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشیدا هه‌یه‌تی خێزانه‌كه‌ی ئێمه‌ هیچ كاتێك له‌م باره‌یه‌وه‌ كێشه‌ی نه‌بووه‌. له‌ راستیدا هه‌موو خێزانه‌كه‌ی ئێمه‌ مانگی جارێك له‌ ماڵی باپیرم كۆده‌بینه‌وه‌ و ئه‌ویش به‌ نۆره‌ یه‌ك یه‌ك سه‌یری ددانمان ده‌كات و به‌و ته‌ماشاكردنه‌ ده‌توانێت هه‌موو نه‌خۆشییه‌كان ده‌ستنیشان بكات. بۆ نموونه‌ جارێك سه‌یری ددانی منی كرد و وتی سكم هه‌یه‌ و سێ مانگه‌. یه‌كه‌م شت هه‌موو خێزانه‌كه‌ تووشی شۆك بووین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من كوڕم. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌مانزانی له‌ سه‌دا سه‌د هه‌ڵه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی باپیرمدا سفره‌. گه‌یشتینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی حاڵه‌ته‌كه‌ی من، حاڵه‌تێكی ده‌گمه‌نی پزیشكییه‌. سوپاس بۆ خوا دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی سێ حه‌فته‌ دایكم مه‌رگه‌مووشی كرده‌ چاومه‌وه‌، توانی مناڵه‌كه‌م له‌باربه‌رێت. هه‌ڵبه‌ته‌ باپیرم ته‌نیا یه‌ك جار ده‌ستنیشانكردنه‌كه‌ی هه‌ڵه‌ بووه‌. ئه‌ویش ئه‌و كاته‌ بوو كه‌ سه‌یری ددانه‌ شاشه‌كانی باوكمی كرد و وتی هیچی نییه‌. به‌ڵام  هه‌مان شەو باوكه‌ نه‌گبه‌ته‌كه‌م دڵی وه‌ستا و مرد. پاشان تێگه‌یشتین باوكم له‌ كاتی پشكنینه‌كه‌دا ددندانه‌ ده‌سكرده‌كه‌ی ده‌رنه‌هێنابوو، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی باپیرم ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵه‌ی پزیشكی بكات.
هه‌ڵبه‌ته‌ توانا و بلیمه‌تی خێزانه‌كه‌مان ته‌نیا له‌ بواری نه‌خۆشییه‌ میكرۆبییه‌كاندا كورت نابێته‌وه‌. ئێمه‌ توانیمان زۆر نه‌خۆشی مێشكیش تیمار بكه‌ین. بۆ نموونه‌ كوڕه‌كه‌ی خاڵم له‌ كاتی له‌دایكبوونه‌وه‌ زمانی ده‌یگرت. بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پزیشكیی خێزانه‌كه‌ماندا بڕیار درا هه‌ر كاتێ وشه‌ له‌ قوڕگی گیر بوو، ده‌ستیكرد به‌ ته‌ته‌ و په‌ته‌، نزیكترین كه‌س له‌ لایه‌وه‌، بكێشێت به‌ پشت ملیدا ، بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌كان له‌ ده‌مییه‌وه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌نجامه‌كه‌شی زۆر باش بوو. دوای چه‌ند مانگێك كێشان به‌ پشت ملیدا، كوڕه‌كه‌ی خاڵم به‌ ته‌واوی زمانگیرانه‌كه‌ی نه‌ما. هه‌ڵبه‌ته‌ هێشتا قسه‌ی نه‌كردووه‌ و نوقه‌ی لێوه‌ نه‌هاتووه‌، به‌ڵام خۆی به‌ ئاماژه‌ تێمان ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌ته‌واوی كێشه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر بووه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ چه‌ند تێستێكی بێژه‌ریشدا به‌شداری كردووه‌. هه‌موو بنه‌ماڵه‌كه‌مان ئومێده‌وارن كوڕه‌ خاڵه‌كه‌م له‌ یه‌كێ له‌م تێستانه‌دا وه‌ربگیرێت و ده‌می دراوسێكانیان دابخات كه‌ ده‌ڵێن خاڵم مناڵه‌كه‌ی به‌ مقاش له‌ سكی دایكی ده‌رهێناوه‌ بۆیه‌ زمانی ده‌یگرێت.
ته‌نانه‌ت ئێمه‌ توانیمان زۆر له‌و كه‌لوپه‌لانه‌ دروست بكه‌ین، كه‌ دكتۆره‌كان له‌ خه‌سته‌خانه‌ به‌كاریدێنن. بۆ نموونه‌ ئامێری شۆك یان كاره‌با لێدان كه‌ دكتۆره‌كان به‌ هه‌زار ناز و مه‌كر به‌كاریدێنن. ئێمه‌ به‌ پاترییه‌كی ئوتومبیل و دوو وایه‌ر دروستمان كرد. هه‌ر چه‌ند مانگی پێش ئێستا بوو به‌كارمان هێنا. كاتێ مێردی پوورم ده‌یه‌ویست ناوكی هه‌ڵووژه‌ بۆ چاره‌سه‌ری قورحه‌ی گه‌ده‌ به‌باشی قووت بدات، له‌پڕ ناوكه‌كه‌ په‌ڕییه‌ قوڕگی و چووه‌ ناو بۆری هه‌ناسه‌دانه‌وه‌. باوكم كه‌ تازه‌ گه‌یشتبووه‌ ماڵه‌وه‌، كاتێ بینی مێردی پوورم وه‌كو مارماسی له‌سه‌ر عه‌رده‌كه‌ ده‌تلێته‌وه‌. وایزانی ئه‌و نه‌گبه‌ته‌ خه‌ریكه‌ جه‌ڵته‌ لێیده‌دات. بۆیه‌ بێ ئه‌وه‌ی گوێ به‌ هاتوهاواری ئێمه‌ بدات، چوو ئامێری شۆكه‌كه‌ی هێنا و هه‌موو كاره‌باكه‌ی تێدا به‌تاڵ كرده‌وه‌. راسته‌ مێردی پوورم له‌ هه‌مانشوێندا به‌ كاره‌باكه‌ مرد، به‌ڵام له‌وه‌ تێگه‌یشتین ئامێرەكه‌مان ئیش ده‌كات.
یان بۆ نموونه‌ ئامێری نازوور، خاڵم توانی به‌ دوو مه‌تر سۆنده‌ و كامێرایه‌كی بچووك كه‌ له‌ دوكانی سه‌ته‌لایت ده‌یفرۆشن دروستی بكات. هه‌ڵبه‌ته‌ ناچار بوو دووجار كامێرا بكڕێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی كامێرای یه‌كه‌م له‌ كاتی نازووره‌كه‌دا له‌ناو گه‌ده‌ی مێردی پوورمدا لێبۆوه‌ و تیا مایه‌وه‌. هێشتا وێنه‌ی گه‌ده‌ی ده‌گرێت. بۆیه‌ هه‌ركاتێ خاڵم ته‌له‌فۆن بۆ ماڵه‌وه‌یان ده‌كات ده‌ڵێت: «دیسان چوویت كه‌بابت خوارد و داوه‌تت نه‌كردین.»
زۆر حه‌زده‌كه‌م سه‌باره‌ت به‌ ده‌سكه‌وته‌ پزیشكییه‌كانی بنه‌ماڵه‌كه‌مان زیاتر بنووسم. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، خاڵم به‌ گۆچانه‌وه‌ به‌سه‌ر سه‌رمه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بێهۆشم بكات و یه‌كه‌م نه‌شته‌رگه‌ریم بۆ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی په‌نكریاس له‌ مێشكم ده‌ربێنن. با باقیه‌كه‌ی بمێنێت بۆ دوای نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌.

لە فارسییەوە: محەمەد کەریم

سه‌رچاوه‌:  Nebesht.com

بابەتە پەیوەندیدارەکان