ئەوانەی بژێوی ژیانیان لەسەر خۆڵ ‌و خاشاكە

09:26 - 2022-04-09
ڕاپۆرت
489 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی، هێمن ئەحمەد

كەركوك خاوەنی نەوت و ئابوورییەكی بەرزە، بەڵام نەتوانراوە خەڵكەكەی لە بارێكی ئاسودەدا بژین، بۆیە بەشێكی زۆری خەڵكەكەی روو دەكەنە كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، قوتوی جۆراو جۆر، شوشە، كاغەز، دارو پلاستێكی جۆراو جۆر لەو شوێنانەی كە شارەوانی خۆڵ و خاشاكی لێ فڕێ دەدات.

رێژەیەكی زۆر خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە
بەپێی ئەو سەرچاوانەی كە لەشارەوانیەوە بەدەستمان گەیشتووە رۆژانە 800 تۆن خۆڵ‌و خاشاك لەشارێكی وەكو كەركوكدا كۆ دەكرێتەوەو لەناو دەبرێت‌ و خەڵكێكی زۆریش پیشەیان لەسەر ئەو خۆڵ‌و خاشاكەیە.
كەریم عەلی، كە بژێوی ژیانی لەسەر كۆكردنەوەی قوتوی بیبسییەو خاوەنی سێ منداڵە، دەڵێت: ماوەیەكی زۆر بەدوای كاردا گەڕام و كاری جۆراو جۆرم كرد، بەڵام نەمتوانی بژێوی ژیانم بەدەستبهێنم، بۆیە پەنام بردە بەر كۆكردنەوەی پاشماوەكانی خۆڵ و خاشاك كە بۆ ئەم مەبەستە دەتوانم رۆژانە نزیكەی 15 ـ 20 هەزار دینارم دەستبكەوێت، هەر چەندە كارەكە زۆر قورسەو لە هەندێ رۆژدا كە باران و تۆز و با دەبێت، تەنها پێنج هەزارێكمان دەستدەكەوێت یان بەدەستی خاڵی دەگەڕێینەوەو خەڵكەكەش ئەوەند زۆرن كە لە هەندێ باردا لەسەر كۆكردنەوەی شت شەڕو ناخۆشی دروست دەبێت.

ژن بەشداری كۆكردنەوەی خۆڵ ‌و خاشاك دەكات
درەخشان ئەحمەد، خاوەنی چوار منداڵەو دانیشتووی گەڕەكی ئازادی شاری كەركوك، كاری كۆكردنەوەی خۆڵ ‌و خاشاكە و لەو بارەیەوە دەڵێت: ماوەی چەند ساڵێكە هاوسەرەكەم پەكی كەوتووەو لەناو جێگەدایە، بۆیە ئەركی بەخێوكردنی ئەم منداڵانە كەوتۆتە ئەستۆی من، ماوەیەك نەوتی بایەعیم بۆ ماڵان دەبردەوە، بەڵام لە ئێستادا خۆڵ‌و خاشاكی ماڵان بەپارە كۆدەكەمەوە و لە پاشماوەی ئەو خۆڵ و خاشاكەدا سوود لە قوتو، شوشەو پێویستیەكانی تر دەبینم و نرخێكی بەرچاوم دەستدەكەوێت كە بژێوی ژیانی خۆم و منداڵەكانی پێ بەڕێوە دەبەم.

حكومەت بیرێك لە گوزەرانی هەژاران بكاتەوە
ئەحمەد فەیسڵ، دانیشتوی گەڕەكی دەروازەی شاری كەركوكە، لەسەر كۆكردنەوەی خۆڵ‌و خاشاك دەڵێت، ئێمە لە ماڵەوە پێنج سەرخێزانین، رۆژانە لە سەعات سێی عەسرەوە خۆم‌و خێزانم‌و منداڵێكم بە عەرەبانەیەكی دەستیەوە لەماڵەوە دەردەچین بۆ كۆكردنەوەی كاغەزو قوتوی بیبسی، دوو منداڵی بچووكیشم لە ماڵەوە بە تەنیا بە جێدەهێڵم‌و بەردەوام دڵیشم لایانە، من رۆژانە بە كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك نزیكەی پێنج هەزار یان دە هەزار دینارم دەستكەوێت كە ئەمەش بەشی بژێوی ژیانی خێزانێكی پێنج سەرخێزانی ناكات، چونكە ئەو كاغەزانەی ئێمە كۆیدەكەینەوە كیلۆی بەسێ یان چوار هەزار دینار لێمان دەكڕن، بۆیە داواكارم حكومەت بیرێك لەبارو گوزەرانی هەژاران بكاتەوەو لەم بار خراپییە رزگارمان بكات.
وتیشی: لە هەندێ كاتدا ئەو پارەیەی بەكۆكردنەوەی خۆڵ‌و خاشاك دەستمان دەكەوێت دەیدەم بە دەرمان بۆ منداڵەكەم، چونكە ئەویش رۆژانە لەگەڵ من‌و دایكی بۆ كۆكردنەوەی خۆڵ‌و خاشاك لەگەڵمان دێت.

تایبەتمەندی لە كۆكردنەوەدا
عەباس مەحمود، هەمان كاری كۆكردنەوەی قوتو و شوشە دەكات، وتی، من تەنها كار لە كۆكردنەوەی قوتوی بیبسی جۆراو جۆر دەكەم، لەبەر ئەوەی كارەكەی ئاسان دێتە دەست و فرۆشتنیشی بەئاسان دەكەوێتەوە بۆ من، بۆیە هەر لەبەرە بەیانی زووەوە كە هێشتا دنیا تاریك و روونە دەكەومەڕێ لەهەندێ رۆژا بژیوی ژیانیشم دابین ناكەم، هەر چەندە شوێنی كۆكردنەوەی ئەو خاشاكانە جێگەی مەترسیەو لەبەر ئەوەی شۆڤڵ و گەڵابەیەكی زۆر كار دەكەن لەشوێنی كۆكردنەوەی خۆڵ‌و خاشاك كە ئەمەش هەندێکجار بە زیان دەكەوێتەوە لەسەر باری تەندروستیمان، بۆیە دەبێت زۆر بە وریاییەوە ئاگاداری باری تەندروستیمان بین، چونكە وا نەبێت هەموو ئەوەی كە كۆی دەكەینەوە دایدەنێن بۆ نەخۆشی.

كڕیارەكانیش گلەییان هەیە
محەمەد عەلاوی، كە لەسەر پردە بەردینەكەی كەركوك دوكانی كڕینی قوتوی بیبسی دەكات، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: ماوەی دە ساڵە كار لە كڕینی ئەو قوتوی بیبسی و ئەو خواردنانە دەكەم كە خەڵكی بۆم دەهێنن ‌و بەپێی بەرزو نزمی نرخی دۆلار لەبازاڕدا و بەنرخێكی دیاریكراو لێیان دەكڕم، چونكە ئێمە هەڵسوكەوتمان بۆ فرۆشتن لەگەڵ ئێران و توركیادایە، بۆیە لە هەندێ كاتدا ئێمەش تووشی زیان دەبین، بۆ نموونە من كلیۆیەك قوتوی بیبسی كەپسكراو بە 10 هەزار دینار وەردەگرم‌و بەرامبەر ئەوە كە كاتێك دەیفرۆشم لەهەر كیلۆیەكدا شتێكی كەمم دەستدەكەوێت.

هەمەچەشنی كڕیارەكان
كەریم جومعە كاری كڕینی قوتو و شوشە دەكات لەهەمان شوێن، بۆمان دواو وتی، من لەماوەی كاركردنمدا جۆرەها پاشماوەی وەكو قوتوی بیبسی، شوشە، مس، فافۆن، دەكڕم و كۆیان دەكەمەوە و قازانجی باش دەكەم، بەڵام لە هەندێ رۆژی تردا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار زیانی ماددیم بەر دەكەوێت و دەستمایەی چەند رۆژێكم بە فیڕۆ دەچێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان