نۆستالجیا، دەرمانی خەمی رابردوو

11:09 - 2022-04-09
کەلتور
197 جار خوێندراوەتەوە

جۆنی تۆمسۆن*
لە فارسییەوە: كوردەوان محەمەد سەعید

 تا تەمەنمان بەرەوژوورتر هەڵدەكشێ، زیاتر ئاوڕ لە رابردوو دەدەینەوە، هەموو رۆژە خۆشەكانی رابردوو، ئارامی و بێباكی منداڵی، دڵداری، هاوڕێیەتی، هەموو ئەمانە بوونەتە یادگاری، یادگەی ئێمە شتێكی سەرسوڕهێنەرە، تەنیا ئەرشیفی وێنە نییە، بەڵكو هەوڵ دەدات هەموو شتێك كۆ بكاتەوە، دەیەوێ زیادەڕۆیی بكات، هەندێك جار لە ڕێ لا بدات، بەو جۆرەش هەموو هەورازو نشێوی ژیانمان، سەركەوتنەكان، شكستەكان، خۆشی و ناخۆشییەكان لە رابردووەوە دێنێتەوە بەردەستمان، ئەوەی باسمان كرد لە چوارچێوەی نۆستالجیادا جێگەی دەبێتەوە، نۆستالجیا هەستێكی سەیرە، جێگیر نییە، لە هەندێك رووشەوە ناتوانرێ پێناسەی بۆ دەستنیشان بكرێت، بەڵام نكۆڵی لەوە ناكرێت یەكێكە لە لایەنە گرنگەكانی مرۆڤ بوون، نۆستالجیا واتە تاسەی رابردووكردن.
نۆستالجیا بریتییە لە هەست كردن بە خۆشی لەگەڵ بیرەوەرییەكانی رابردووماندا، بەڵام لە هەمان كاتدا هەستی خەمباریشمان لا دەبزوێنێت، بە گوێرەی لێكۆڵینەوە تازەكان نۆستالجیا دەتوانێ لە پەشێوییەكانی مرۆڤ كەم بكاتەوە، یان یارمەتیدەر بێت بۆ كەمكردنەوەی، ئەم جۆرە هەستە لەوانەیە لە توانایدا بێت هەمان كاری دەرمانی ئازارشكێن لە لەشی مرۆڤدا بكات.
وێڵبوون بە دوای تەمەنی لەدەستچوودا
نۆستالجیا هەستێكی قووڵە، هەستەكانی وەك ترس، خۆشەویستی، یان تووڕەیی رەنگە مرۆڤ ببزوێنێت و تووشی هەڵچوونی بكات، بەڵام لە شوێنێكی زۆر قووڵترەوە رەگی داكوتاوە، هەمان ئەو هەستە خەمبارانەیە كە سۆزی لایلایەی دایك و خۆشەویستی باوك و ئەو وشە شیرینانەی بۆ یەكەم جار لە زاری ئەوانەوە بیستووتن لە تۆدا زیندوو دەكاتەوە، بیرەوەری پێكەنینی ئەو هاوڕێیانەی رۆژانێك لەگەڵتدا بوون لە گوێتدا دەزرینگێتەوە، هەستی یەكەمین ئەوینداریی، یادەكانی سەری ساڵ، سەیر كردنی فیلمە كۆنەكان، یادی ئەو ئاژەڵە ماڵیانەی كاتێك تۆ منداڵ بوویت لە ماڵەكەتاندا دەهاتن و دەچوون، ماڵاواییەكان..
لەو هەستەدا دڵخۆشییەكی قووڵ هەیە، قووڵ بە قەد قووڵایی هەستی تەنیایی مرۆڤ، ئەو تەنیاییەی هێندە بە قووڵایی رابردوودا رۆچوویت، كە بانگت دەكەن و بەئاگات دێننەوە، یەك بەخۆت دادەچڵەكێیت، بەڵام ئەو هەستی دڵخۆشییە بە تەمێكی خەماوی دەورە دراوە، خەمی تاسەو حەزی گەڕانەوەی هەموو شتە لەدەستچووەكان، قووڵایی ئەو خەمە تاریكەش كەم نییە كە ئاوات بە رابردوو بخوازیت و دەستت پێی رانەگات، تاسەی عومری بابردوو، زەردەخەنەیەكی كاڵ لەسەر لێوەكان دروست دەكات و رۆندكیشت پێ هەڵدەوەرێنێ، بزەی سەر لێوان هەستی ئەو كاتەیە لە رابردوودا خۆشحاڵ بوویت و ئەسرینیش خەمی لەدەستچوونییەتی.
نۆستالجیا رۆڵی گرنگ و بنیاتنەرانە لە ناسنامەی ئێمەدا دەگێڕێت، كام ئێمە؟ ئێمە كە ئێستا هەین، شانبەشانی ئێمە رۆژانێك هەبووین، میشێل دۆ مۆنتینێ بیریاری فەرەنسی دەڵێ: ئەگەر بتوانی چێژ لە ژیانی رابردووت وەربگریت، وەك ئەوە وایە دوو جار ژیابیت. خاڵێكی جوان لە نۆستالجیادا بۆ ژیانی مرۆڤ ئەوەیە، ئێمە تا زیاتر بچینە تەمەنەوە، زیاتر لەوە تێدەگەین كە ژیان بریتییە لەو وێستگەو رووداوانەی لە سەردەمە جیاجیاكانی تەمەنماندا پێیدا تێپەڕیوین و ئەمەش تا رادەیەك بۆ هەموومان جێگیرە، بەڵام ئێمەی ئەمڕۆ جیاوازە لە ئێمەی منداڵییمان، هەڵبەت وا دەردەكەوێت، لەبەر ئەوە ژیانی رابردوومان بە جۆرێك دەبینین وەك ئەوەی چیرۆكێك بێت پێشتر خوێندومانەتەوەو پێی ئاشناین.
لەبەر ئەوە لەگەڵ هەستی نۆستالجیادا جۆرێك لە هەستی لەدەستچوونی خۆمان و نامۆبوون بە خۆمان دروست دەبێت، ئێمە دەڕوانینە خۆمانی رابردوو، هەست دەكەین گۆڕاوین و وا نەماوین، دەبینین رێڕەوی ژیانمان زۆر لە رێڕەوەكەی یەكەم جار لای داوە، زۆر جار لەبیرمان دەچێتەوە كە پێشتر چی بووین و ئێستا چین.
سوودەكانی نۆستالجیا
هۆكاری ئەوەی نۆستالجیا شتێكی زۆر سەیرو سەمەرەیە، ئەوەیە بە ئاسانی ناتوانین بڵێین شتێكی خراپە یان شتێكی باشە، چونكە هەردوو هەستی خۆشی و ناخۆشی تێدایە، بزەو فرمێسك پێكەوە دەهێنێت، بیرەوەری رۆژانی خۆشبەختیی رابردوو هەستێكی خۆش و جوانە، بەڵام لە هەمان كاتدا هەستی لەدەستدان و نەبینینەوەی ئەو رابردووە خۆشەو حەزو خولیا بۆ ئەو رابردووەو ئاواتخواستن بە شتێك هەرگیز ناگەڕێتەوە ئازاربەخشە.
بەڵام خاڵێكی سەرنجڕاكێش هەیە، ئەویش بە پێی توێژینەوەیەكی تازە، نۆستالجیا وامان لێ دەكات توانای بەرگەگرتنمان بۆ ئازار زیاتر بێت، تەنانەت زۆر جار وامان لێ دەكات هەست بە ئازار نەكەین، واتە هەستی نۆستالجیاو تاسەو خۆشەویستیمان بۆ رابردوو دەتوانێ سوودیشی هەبێت بۆ ژیانی ئەمڕۆ، هۆكارەكەیشی ئەوەیە خەم و پەژارەمان بەبا دەدات و ئارامی و ئاسوودەییمان بەهێزتر دەكات، ئەم تایبەتمەندیانەش بۆ مرۆڤ زۆر گرنگە، چونكە دەبێتە هۆی باشتربوونی باری دەروونی و یارمەتیدەرێكی باش بۆ دەروونێكی ساغ و سەلامەت، هەر لەبەر ئەوەشە كە دەوترێ، نۆستالجیا دەرمانێكی ئازارشكێنە، بە زیادبوونی هەستی نۆستالجیا، هەستكردن بە ئازارمان كەم دەكاتەوە.

پرۆسەی گەشەكردن
لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا ئێمە كاتی زیاتر بۆ ئاوڕدانەوەو بیركردنەوە لە رابردووی خۆمان تەرخان دەكەین، ئاوات دەخوازین ئەو ئازیزانەی لە دەستمان داون ببینینەوە، تاسەی ئەو رۆژانە دەكەین كە بێ خەم و بێباك ژیاوین، ئاوات بۆ منداڵیمان دەخوازین، پڕ بە دڵ حەز بە گەڕانەوەی ئەو رۆژانە دەكەین كە دڵخۆش بووین و پێكەنیوین و یاریمان كردووە، هەڵبەتە ئەم خاڵە رەنگە بۆ هەموان راست دەرنەچێت، بەڵام بۆ زۆرینەمان راستە، راستە ئەو بیركردنەوەیەی دەڵێ: پەژارە وەلا بنێ و هێندە بیری لێ مەكەرەوەو گەشبین بە بەرامبەر بە داهاتوو، بیرۆكەیەكی گرنگ و بەسوودە، رەنگە ئەوە باشترو سەلامەتتریش بێت، بەڵام نۆستالجیا خۆلادانی نییەو ئەزموونێكی پڕ لە هەستە كە هەر یەكەمان پێیدا تێدەپەڕین، بگرە بەشێكیشە لە گەشەو قۆناغەكانی ژیانی هەر تاكێك، دۆخێكە هەر دەبێت ئاوڕی لێ بدرێتەوە، وەك ئەو مارەی كاتێك كاژ فڕێ دەدات، ئاوڕێك دەداتەوەو نیگایەكی سەرلەبەری كاژە كۆنەكەی خۆی دەكات و جێی دەهێڵێت.
نۆستالجیا هەستی حەسرەت و لەدەستدانی ئەو شتانەیە كە ئێستا نەماوەو تازە لە دەست چووە، دەی خۆ تازە هەر لەدەست چووە، كەواتە هەمووی دەبێتە بیرەوەری و بیرەوەری و یادگاری ژیانی رابردووش شتێكی خراپ نییە، چونكە لە كۆتاییدا دەزانیت كە ئەوە ئەزموونەو سوودت لێ وەرگرتووە.

*مامۆستای فەلسەفە لە زانكۆی ئۆكسفۆرد

سەرچاوە: Nebesht.com


بابەتە پەیوەندیدارەکان