جوانكاریی ماڵ و کاریگەری لەسەر دەروونی مرۆڤ

12:07 - 2022-12-18
دووتوێ
389 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی، هێمن ئەحمەد


جوانكاری لە هەر سەردەمێكدا تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەپێی رۆژگار گۆڕانی بەرسەردا دێت و دەچێتە چوارچێوەی مۆدێلەوە، بەوەی كەرەستەکانی جوانكاری لە ساڵێكەوە بۆ ساڵێكی تر دەگۆڕێن، هەروەها جوانكاری لە نێو ماڵدا کاریگەری لەسەر دەروونی مرۆڤ هەیە.
جوانكاری لە ماڵدا دەكەم
رۆشنا عەلی، لەسەر جوانكاری نێو ماڵەكەی، وتی: ناوە ناوە دەچمە بازاڕ هەوڵدەدەم ئەو كەرەستە و كەلوپەلانە بكڕم كە بۆ جوانكاری ماڵەكەم گرنگن، لە هەمان كاتدا هەوڵدەدەم بیانگونجێنم لەگەڵ ئارەزووی منداڵەكانم و راو بۆچوونەكانی ئەوانیش بەهەند وەردەگرم.
هەندێ لەو كەرەستە جوانكارییانە هەمە چەشنن لە دارو شوشە و سیرامیك و ئاسن و گەلێك كەرەستەی تێهەڵكێشی تر دروستکراون و لە شوێنە جیاوازەكانی ماڵدا دادەنرێن وەكو چێشتخان و كتێبخانە و ژووری نووستن.
هەست بە ئاسوودەیی دەكەم
رێناس محەمەد، یەكێكی ترە لەو كەسانەی گرنگی بە جوانكاری ماڵەكەی دەدات و دەڵێت: هەر لە سەرەتای ژیانی خێزانیمەوە بایەخم بە رازاندنەوە و جوانكاری و پاكوخاوێنی ماڵ داوە، هەردەم لەو بوارەدا سوود لە دەوروبەرو ئەو كتێبانە دەبینم كە باس لە رازاندنەوەی ماڵ دەكەن، چونكە رازاندنەوەی ماڵیش یەكێكە لە پێویستییەكانی ژیان و خۆی دەبینێتەوە لە هاوسەنگكردنی بۆ هەموو ئەندامانی خێزان بەبێ جیاوازی، بەتایبەتی لەو كاتانەی لە رووی مادییەوە توانات هەبێت و بتوانی هەندێك لە پارەی رۆژانەت تەرخان بكەیت بۆ جوانكاری ناو ماڵ.
جۆری سادە و ئاڵۆزیان هەیە
وتیشی: جوانكاریش، هەندێكیان چوارچێوەیەكی سادەی رۆژانە وەردەگرن، هەندێكی تریشی دەچێتە چوارچێوەی بەرنامەیەكی داڕێژراو بۆ ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێبكرێت ئەویش لە رێگەی ئەو پانتاییەی لە ماڵەكەتدا هەیە بۆ رازاندنەوە لە سووچی «ژوورو شوێنی دانیشتن، كتێبخانە، چێشتخانە»  هەندێكیان گۆڕانكاری بەسەردا دێت لە چوارچێوەی ئارەزووەكانی ئەندامانی خێزان.
باسی لەوەشكرد زیاتر ئارەزووی ئەو جوانكاری و رازاندنەوانە دەكات كە گونجاون لەگەڵ خواستی كۆمەڵگە و ئەو جۆرانەی مادەکەیان لە شووشە و سیرامیكە، چونكە جوانكارییەكی تایبەتیان هەیە و بە ئاسانیش خاوێن دەكرێنەوە.
ئارامیی ببەخشێت
د. عەبدولكەریم حەسەن، پسپۆری نەخۆشییە دەروونییەکان لەسەر جوانكاری دەڵێت: رازاندنەوە و جوانكاری ماڵ ئارامی و ئەندێشەیەكی خەیاڵاوی بە مرۆڤ دەبەخشێت، لەڕووی دەروونییەوە ئارام بەخشە و ناخی مرۆڤ ئارام دەكاتەوە و دەبێتە هۆی راهێنانی دەروونی مرۆڤ، بەڵام بە مەرجێک ئەو رەنگانە بەكاربهێنرێن کە لەگەڵ خواستی دەروونی مرۆڤدا دەگونجێن، چونكە راهێنانە دەروونییەكان بۆ مرۆڤ لە چوارچێوەی ماڵدا هەمە جۆرن كە هاوپەیوەستە بە ژینگە و خەڵكانی دەوروبەرەوە.
لە نێو بالەدا
رێبوار عەلی، دوكاندارێکی بالەی ئەوروپییە لەو بارەیەوە وتی: ماوەی یانزە ساڵە كار لە هێنانی كەرەستە و كەلوپەلی جوانكاری بالەی ئەوروپی دەكەم، لە جۆرەكانی كۆتەڵ، سیرامیك، كەرەستە مۆسیقییەكان، گوڵی دەستكرد، تەختەو جۆرەكانی، رەنگی جۆراو جۆر، كە هەر هەمووی زیاتر تایبەتن بە زەوق و سەلیقەی ئەوروپییەكان.
هەروەها دەڵێت: خەڵكی زۆر لە كوردستان سەردانمان دەكەن بۆ كڕینی ئەم جۆرە كەلوپەلانە بۆ ناو ماڵەكانیان، بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی خانووی تازەیان دروستكردووە، یان خانووەكانیان دووبارە بۆیە كردۆتەوە، بۆیە هەوڵدەدەن بەشێوازێكی تازەتر ماڵەكانیان بڕازێننەوە بە سەلیقە و ئارەزووی ئەوانەی لە نێو ئەو ماڵەدان.
بۆ سەردەمی زوو دەگەڕێتەوە
ئەو دوكاندارە باسی لەوەشكرد بەشێك لەو كەرەستانەی لە ناو بالەی ئەوروپیدان تایبەتن بەو ماڵە ئەوروپییانەی كەرەستەكانیان هەڕاج دەكەن، بۆیە لە نێو هەندێكیاندا شتی دەگمەن و ناوازە دەدۆزنەوە كە لە رازاندنەوە و جوانكاری ماڵدا گرنگی خۆی هەیە، هەندێكی بۆ سەردەمە كۆنەكان دەگەڕێنەوە، وەكو «مۆمدان و چرای نەوتی» جاران زیاتر بەكاردەهێنران، یان هەندێ لەو كەرەستانەی هاوردەی دەكەین خۆمان گۆڕانكاری تێدا دەكەین بۆ ئەوەی لەگەڵ ئارەزووی خەڵكی رۆژهەڵاتدا بگونجێت و پەیوەستی ئارەزووی ئەو خەڵكە بێت.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان