یادێك لە داستانێكی كەموێنە

11:29 - 2022-04-09
ڕاپۆرت
409 جار خوێندراوەتەوە
#شەهید غالیب عەبدوڵڵا

 رۆژی 9/4/1988   لە گوندی (تازە شاری بناری گل) پێشمەرگەكانی كەرتی یەكی تیپی 51ی گەرمیان  بە فەرماندەیی شەهید نازم بچكۆل و پۆلێك لە پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی عیراق و هێزی پشتگیریی سنووری بناری گل، روبەڕووی سوپای داگیركەری بەعس بوونەوە و  داستانێكی كەم وێنە تۆماركرا.
هاوكات لە گوندی ( گەڕاوی)یش كە نزیكی تازەشارەو هاوسنوورە، بەرگرییەكی هاوشێوە كراو داستانێكی دیكە دژی سوپای بەعس تۆماركرا، هەردوو داستانەكەش لە مێژوودا بە داستانی گەڕاوی و تازەشار ناوی دەكردووە.
دیارە رژێمی بەعس لە گەرمەی سەركەوتنەكانیدابوو لە هێرشەكانی ئەنفالدا بۆ سەر ناوچە رزگاركراوەكان، بۆیە ئەو رێگرییەی پێشمەرگە لە پێشڕەوییەكانی دوژمن، داستانێكی گەورەو كاریگەر بوو، زەرەرێكی زۆریشیان بە دوژمن گەیاند.
دیارە  سەركەوتنیش بەبێ نرخ نابێت، بۆیە نرخی داستانی تازەشاریش شەهیدبوونی زیاتر لە 20 پێشمەرگەی یەكێتی و شیوعی بوو، یەكێك لە شەهیدەكانیش (غالب)ی برام بوو.
ئەوەی بیستوومە سەبارەت بە شەهید غالب لە وشەڕەدا، لەزاری دووو پێشمەرگەی بەشداربووی شەڕەكەوە بەناوەكانی (كەمال حەمە بەكر و ئەحمەد مەجید هەیەرە سوری) قارەمانێتی و ئازایەتییەكی زۆر بووە.

بەداخەوە كاك كەمال ساڵانێك لەمەوپێش بەنەخۆشی كۆچی دوایی كردو خۆشبەختانەش كاك ئەحمەد ئێستا لە ژیاندایە.
ئەوان باسیان لە رۆڵی گرنگی شەهید غالب دەكرد كە چۆن رووبەڕووی هێزە هێرشبەرەكانی دوژمن دەبۆوە و تا شەهیدبوونی نەیدەهێشت نزیكی سەنگەرەكانی پێشمەرگە ببنەوە.
شەڕەكە زۆر نابەرامبەر بووە، دوای شەهیدبوونی پێشمەرگەكان، هێزی رژێم چوونە ناو گوندی (تازە شار)ەوە و تەرمی شەهیدەكانیان بردوو لە نزیك دوزخورماتوو بە شۆفڵ خرانە ژێر خاكەوە، دوای پڕۆسەی ئازادی لە 2003 دا بە هەوڵ و هیمەتی دڵسۆزان شوێنەكە دۆزرایەوەو تەرمەكان دەرهێنرایەوەو  دووبارە لە گۆڕستانی شەهیدانی خورماتوو بەخاك سپێردرانەوە.
دیارە  رۆژی 9-4/ 2003  رژێمی بەعس رووخا و عیراق لە حوكمی بەعسییەكان ئازادكرا، بۆیە رووخانی بەعس رۆژێكی خۆش و مێژووییە بۆ خەڵكی عیراق و كوردستان،  بەڵام بۆ ئێمە و تەواوی خانەوادەی شەهیدانی داستانی (تازە شار و گەڕاوی) دیوێكی خەمئازێمی هەیە، رۆژێكی خەمهێنەرە، چونكە لەو رۆژەدا خۆشەویسترین كەسمان لەدەستدا.
سڵاو بۆ رۆحی شەهیدان

عەمید/ تالیب عەبدوڵڵا ئەمین
 برای شەهید غالیب


بابەتە پەیوەندیدارەکان