بۆچی بە گۆڵف دەوترێت وەرزشی دەوڵەمەندەكان

11:57 - 2022-04-09
وەرزش
661 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئارۆ سەنگەر

یاری گۆڵف یەكێكە لە وەرزشە ئۆڵۆمپیەكان و سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پانزەیەم لە سكۆتلەندا و لە جیهاندا ناوبانگێكی زۆری هەیە و جیاواز لەو یارییانەی تر كە بە تۆپ دەكرێن گۆڵف پێویستی بە شوێنێكی گەورەیە بۆ ئەوەی یارییەكەی تێدا بکرێت كە ئەو شوێنە دەبێت 3 بۆ 7 كیلۆمەتر بێت و یاریگای گۆڵفیش لە سەوزایی و خۆڵ یان لم پێكهاتووەو تەنانەت دەبێت گۆمی ئاویشی تێدابێت.
ئەم وەرزشە لە ماوەی كۆرۆنا ناوبانگەكەی زۆر زیادی كردوەو كەسانی زیاتر رویان تێكردوەو بە پێی لێكۆڵینەوەیەكیش كە پێگەی گۆڵف مانتلی بڵاویكردۆتەوە لەماوەی كۆرۆنا رێژەی ئەو كەسانەی یاری گۆڵف دەكەن لە جیهاندا بە رێژەی لەسەدا 61 زیادی كردوە.
زۆر كەس پێیان وایە گۆڵف ركابەریەكی بەچێژە و راهێنانی جەستەیی و دەرونیشە لە پاڵ ئەوەی پێویستی بە جەستەیەكی بەهێز و نەرم و گونجاوە پێویستی بە سەرنجی زۆریشە و یارمەتی دەرە بۆ كەمبوونەوەی دڵەڕاوكێ، لە هەمانكاتیشدا یارییەكی چێژ بەخشە.
ئەم وەرزشە لە جیهاندا بە وەرزشی دەوڵەمەندەكان ناسراوەو زیاتر كەسانی دەوڵەمەند دەیکەن و چەندین هۆكاریش هەن كە بووەتە هۆی ئەم وەرزشە بە وەرزشی دەوڵەمەندەكان ناو ببرێت.
یەكەم هۆكار گرانی نرخی كەل و پەلەكانە لە پاڵ پێویستی بوون بە ئەندام لە یانەیەكی گۆڵف كە ئەمەش خەرجی زۆرە.
یاری گۆڵف پێویستی بە پێداویستی تایبەت هەیە لە پێڵاو و جل و بەرگ و تۆپ و ئەو ئاسنەی لە تۆپەكە دەدرێت كە پێی دەوترێت میگارا، بەپێی پێگەی گۆڵف مانتلی پێداویستیەكانی یاری گۆڵف هەمووی بەیەكەوە دەگاتە دوو هەزار دۆلار و كرێی ئەندامبوونیش لە یانەكانی گۆڵف 300 بۆ 600 دۆلارەو هەندێك یانەی تایبەتیش كرێی مانگانەی سێ هەزار دۆلارە، لەپاڵ ئەوەشدا فێربوونی گۆڵف پێویستی بە وانەی تایبەت هەیە كرێی مانگانەی مامۆستایەكی گۆڵف لەنێوان 20 بۆ دوو هەزار دۆلار دایە.
بەهۆی ئەو خەرجیە زۆرەی هەیەتی بەراورد بە وەرزشەكانی تر زۆر كەسانی دەوڵەمەند كە ئارەزوی زۆریشیان لەو یارییە نییە بەشداری لە یانەكانی گۆڵف دەكەن و یارییەكە دەكەن چونكە واباوە ئەو كەسانەی ئەو یارییە دەكەن دەوڵەمەندن و دەیانەوێت وەكو كەسی تایبەت دەربكەون بەتایبەت ئەو كەسانەی ئەندامی یانەی گۆڵفن ژمارەیان كەمە.
هەمیشە لە ناو یانەكانی گۆڵف ژمارەیەكی زۆری دەوڵەمەند و بزنسمانەكان و تەنانەت سیاسیەكانیش هەن كە بەشێكی زۆریان ئەم وەرزشە بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە یەك ببینن و باسی كارەكانیان و گرێبەستی نوێ بكەن.
یەكێكی تر لەو هۆكارانەی وادەكەن دەوڵەمەندەكان رووی تێبكەن ئەوەیە گۆڵف وەرزشێكە پێویستی بە توانای جەستەییەكی بەهێز نییەو جیاواز لە زۆرینەی وەرزشەكانی تر ماندوكەر نییە و پێویستی بەوە نییە ئەو كەسەی یارییەكە دەكات رابكات یاخود پارێزگاری لە توانا جەستەییەكەی بكات، ئەمەش بووەتە هۆی ئەم وەرزشە لای كەسانی بەتەمەنیش پەسەند بێت.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەك رێژەی تەمەنی دەوڵەمەندەكانی ئەمریكا 62 ساڵەو ئەو تەمەنەش بۆ کردنی وەرزشەكانی تر نابێت، بۆیە زۆرینەیان روویان لە یاری گۆڵف كردوە.
یەكێكی تر لە هۆكارەكان ئەوەیە دەوڵەمەندەكان زیاتر لە كەسانی ئاسایی كاتیان هەیە و بەهۆی ئەوەی یاری گۆڵف پێویستی بە كاتی زۆرە ئەو كەسانەی وەكو فەرمانبەر كاردەكەن كاتی ئەو یارییەیان زۆر نییە بە پێچەوانەی دەوڵەمەندەكان كاتی زیاتریان هەیە بۆ ئەوەی یارییەكە بكەن.
لەپاڵ ئەوەشدا گۆڵف تەنها وەرزش نییە بەڵكو هەلێكیشە بۆ بەسەر بردنی كات لە ژینگەیەكی پاك و دووركەوتنەوە لە جەنجاڵیەكانی ناو شارەكان چونكە یاریگای گۆڵف ناوچەیەكی سەوزایی گەورە و بێ دەنگە، ئەمەش وای كردوە لای دەوڵەمەندەكان زۆر پەسەند بێت.
یەكێكی تر لەو هۆكارانەی یاری گۆڵف لای دەوڵەمەندەكان زۆر پەسەند بێت ئەوەیە ئەم وەرزشە كەمترین مەترسی توشبوون بە پێكان یاخود ئازاری هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هیچ بەركەوتنێك لەنێوان ئەو یاریزانانە نییە كە ئەم یارییە دەكەن بۆیە گۆڵف بە وەرزشێكی سەلامەت دادەنرێت بۆ ئەو كەسانەی دەیکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان