قوباد تاڵەبانی: چارەسەركردنی كێشە یاساییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و فیدرال

08:57 - 2022-04-10
کوردستان
633 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووریی دێلفی لە یۆنان، دوێنێ لەگەڵ نیكۆس دێندیاس وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبووەوە و پێكەوە پرسی وزە و پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووریی نێوان دوو وڵاتیان تاوتوێكرد.
لە تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكەدا، باس لە پرسی وزە و پێگەی كوردستان لەڕووی نەوت و گازەوە كرا. لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی یۆنان ئاماژەی بەوەدا كە كوردستان لەبەردەم دەرفەتێكی مێژووییدایە بۆ هەناردەكردنی نەوت و گاز بۆ ئەوروپا. لای خۆیەوە جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: راستە دەرفەتی مێژوویی لەبەردەم كوردستاندایە، بەڵام حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرال سەبارەت بە پرسی هەناردەكردنی نەوت و گاز ناكۆكن. «هەربۆیە پێویستە سەرەتا كێشە یاساییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرال چارەسەربكرێن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بتوانێت بەبێ كێشە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرس و سامانە سروشتییە بكات».
لە تەوەرێكی دیكەدا باسی هاندانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی یۆنان كرا تا لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن، لەوبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە كە حكومەتی هەرێم كارئاسانی تەواو دەكات بۆ وەبەرهێنەرانی یۆنانی كە بیانەوێت لە كەرتەكانی پیشەسازی، كشتوكاڵ و گەشتوگوزاردا وەبەرهێنان بكەن.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دەستپێكردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان هەرێمی كوردستان و یۆنان، بۆ ئەوەش وەزیری دەرەوەی یۆنان بەڵێنیدا لە ماوەیەكی نزیكدا كۆبوونەوە لەگەڵ كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی دەكات.
پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، هەردوولا هاوڕابوون كە دەبێت لایەنە عیراقییەكان لێكتێگەیشتنی زیاتریان هەبێت و تەئكیدیان كردەوە كە»بەردەوامیدان بە ناكۆكییەكان نەك تەنها پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دوادەخات، بەڵكو سەقامگیریی عیراقیش دەخاتە مەترسییەوە».

تاوتوێكردنی كێشەی كۆچەران
هەر دوێنێ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، سەبارەت بە كێشەی كۆچەرانی كورد، بە جیا لەگەڵ نۆتیس میتراكی وەزیری كۆچ و پەنابەرانی یۆنان و فابریس لیگێری سەرۆكی ئاژانسی فرۆنتێكسی یۆنان لە یەكێتیی ئەوروپا بۆ سنوور و پاسەوانی دەریایی كۆبووەوە.
لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆك وەزیران نیگەرانی خۆی لە دۆخی كۆچەرانی كورد لە سنوورەكانی یۆنان و یەكێتیی ئەوروپا دەربڕی و داوایكرد بەشێوەیەكی مرۆڤدۆستانە مامەڵە لەگەڵ ئەو كۆچەرانەدا بكرێت و جەختیكردەوە «بۆ چارەسەركردنی كێشەی كۆچەران، وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا لەجیاتی ئەوەی بودجەیەكی زۆر بۆ تۆكمەكردنی سنوورەكان تەرخان بكەن، باشترە بیر لەوە بكەنەوە كە هانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرەكانیان بدەن لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن و هەلی كاری زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنن، كە لەڕێگەی وەبەرهێنان و كاری هاوبەشی ئابوورییەوە جگەلەوەی دەكرێت بەشێوەیەكی بەرچاو كێشەی كۆچكردن بەرەو ئەوروپا چارەسەربكرێت، بەڵكو لەڕووی ئابوورییشەوە لە بەرژەوەندیی وڵاتانی ئەوروپادایە».
لە كۆبوونەوەكاندا، هەردوولا هاوڕابوون لە داهاتوودا كاری هاوبەش بكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەكانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە، كە بوونەتە هۆی رووتاندنەوە و تەنانەت كوشتنی كۆچەران لەسەر سنوورەكان.
قوباد تاڵەبانی داوای لە بەرپرسانی یۆنان و یەكێتیی ئەوروپا كرد ئاسانكاریی زیاتر بكرێت لە پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتیانی كوردستان و پرۆسەی گەشتی یاسایی ئاسانتربكرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان چیتر بیر لە رێگەی قاچاخ نەكەنەوە.
دیداری ئابووریی دێلفی، تایبەتە بە گفتوگۆكردن لەبارەی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئابووریی جیهانی و رێگاكانی پێشخستنی، گۆڕانی كەشوهەوا، داهاتووی یەكێتیی ئەوروپا، گۆڕانكارییە تەكنەلۆجی و ئابوورییەكان و كۆمەڵگە.

 

کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یۆنان

چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یۆنان
شایانی باسە، لە سێ رۆژی رابردوودا، قوباد تاڵەبانی، بەجیا لەگەڵ سانۆس دۆكۆس راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی یۆنان، ڤاسیلیس كیكیلیاس وەزیری گەشتوگوزار یۆنان و دیمیتریس ئاڤرامۆپۆلۆس كەسایەتی ناوداری سیاسیی یۆنان و یەكێتیی ئەوروپا و وەزیری پێشووی دەرەوە و بەرگریی یۆنان و پارێزگاری پێشووی ئەسینا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكاندا، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و دابان شەدەڵە جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم، یاوەری قوباد تاڵەبانی بوون.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان