بەر لە یارییە ئاگرینەكە ستایشی یەكتر دەكەن

09:10 - 2022-04-10
وەرزش
267 جار خوێندراوەتەوە

ستایشكردنی یەكتری و ناوهێنانی یەكتری بە باشترینی جیهان ناونیشانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەریەك لە یۆرگن كلۆپی راهێنەری یانەی لیڤەرپوڵ و پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی بوو بەر لە یارییە ئاگرینەكەكەی نێوانیان كە سەعات 6:30 دەقیقەی ئێوارەی ئەمڕۆ دەست پێدەكات.
ئەم یارییە كە لە یاریگای ئیتیحاد بەڕێوەدەچێت، بە گرنگترین یاری ئەم وەرزی پریمەرلیگ دادەنرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر دیاریكردنی پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولەكە.
پێش یارییەكە یانەی مانچستەر سیتی خاوەنی 73 خاڵەو پێشەنگی ریزبەندی گرتوەو بەجیاوازی تەنها خاڵێك لە پێش یانەی لیڤەرپوڵەوە دێت، بۆیە ئەگەر مان سیتی براوەبێت ئەوا تا رادەیەكی زۆر نازناوەكە یەكلایی دەكاتەوەو ئەگەر لیڤەرپوڵیش براوە بێت ئەوا دەچێتە پێشەنگی ریزبەندی.
لیڤەرپوڵ لە دۆخێكی زۆر باشدا گەشت دەكات بۆ یاریگای مان سیتی ، چونكە بەرم لەم یارییە 10 یاری لەسەریەكی لە پریمەرلیگ بردۆتەوە، لە پاڵ ئەوەشدا بووەتە پاڵەوانی كاراباو كەپ و بلیتی قۆناغی پێش كۆتایی چامپیۆنس لیگیشی لە یاری چونەوە یەكلایی كردۆتەوەو لە جامی یەكێتی ئینگلتەراش هەفتەی داهاتوو لە پێش كۆتایی هەر رووبەڕووی مان سیتی دەبێتەوە.
لەبەرامبەردا مان سیتی هەلی یەكلاییكردنەوەی نازناوەكەی لە هەفتەكانی پێشوو لەدەستداوە، چونكە لە 10 یاری رابردوو حەوت خاڵی لەدەستداوە، ئەمەش هیوای بۆ یانەی لیڤەرپوڵ گەڕاندەوە.
مان سیتی لە ماوەیەكی چارەنووسسازدایە، چونكە رۆژی سێشەممەی پێشوو لە چامپیۆنس لیگ بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر لە ئەتلەتیكۆ مەدریدی بردەوە، دوای ئەم یارییەش جارێكی تر رووبەڕووی ئەتلەتیكۆ دەبێتەوەو دوای ئەوە لە پێش كۆتایی ئێف ئەی كەپ رووبەڕووی لیڤەرپوڵ دەبێتەوەو دەكرێت ئەم سێ یارییە چارەنووسی یانەكە لەم وەرزە دیاری دەكەن.
بەر لە یارییەكە هەردوو راهێنەر لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیەكانیان ستایشی یەكتریان كرد كە پیپ گواردیۆلا یۆرگن كلۆپی بە گەورەترین ركابەری لە كاروانی وەرزشی خۆی ناو بردو ئەویش لە وەڵامدا رایگەیاند پیپ باشترین راهێنەری جیهانە.
 پیپ لە كۆنگرەكە وتی: لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو ئەوان ركابەری گەورەی ئێمە بوون، ركابەرێكی زۆر بەهێز و نایاب بوون و بەهۆیەوە لە ماوەی رابردوو یاری زۆر بەهێزمان بەیەكەوە كردوە.
سەبارەت بە كلۆپیش وتی: كلۆپ وەكو راهێنەر گەورەترین ركابەری منە لە كاروانی وەرزشیم دا، هەبوونی ئەو بۆ تۆپی پێ زۆر گرنگە، جگە لەو وەرزەی 100 خاڵمان بەدەستهێنا زۆرینەی ساڵەكانی تر جیاوازی نێوانمان زۆر كەم بووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تیپێكی زۆر باشن، هەمیشە ئەم ركابەریەم بیردەمێنێت و كاتێك وازم هێناو كاتم دەبێت بۆ یاری گۆڵف هەمیشە ئەوەم لە بیر دەبێت لیڤەرپوڵ گەورەترین ركابەرم بووە.
لەبەرامبەردا كلۆپ وتی: پیپ باشترین راهێنەری جیهانەو پێم وایە هەموومان لەسەر ئەمە كۆكین، رەنگە تەنها رێككەوت بێت كە لەم چەند وەرزەی پێشوو لە چامپیۆنس لیگ نازناوی نەبردۆتەوە، ئەگەر كەسێك گومانی لەو هەبێت نازانم ئەمەی لە كوێوە بۆ هاتووە.
لەوەڵامی ئەمەشدا پیپ وتی: زۆر سوپاس بەڵام من باشترینی جیهان نیم، پێم خۆشە پێی بڵێم من باشترینم بەڵام وانیم، یۆرگن جیهانی تۆپی پێ دەكاتە شوێنێكی باشتر، ئەمەش بەو شێوازەی تیپەكەی یاری پێدەكات.
كلۆپیش وتی: هیچ یارییەكی تۆپی پێ ناكرێت بەراورد بكرێت بە یارییەك كە بەرامبەر بە ان سیتی دەیكەیت، چونكە ئەوان لە هەموو روویەكەوە بەهێزن و خاڵی لاوازیان نییە.
وتیشی: لەماوەی ساڵانی رابردوو پاڵنەری یەكتری بووین بۆ ئەوەی خاڵی زیاتر بەدەست بهێنین، ئەمەش شتێكی شێتانەبوو، هەرگیز پێشبینی ئەوەم نەدەكرد ركابەریەكە بەم شێوەیە بێت، جێگیری ئاستی هەردوو تیپ لەو ماوەیەدا شتێكی شێتانە بوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان