قوباد تاڵەبانی: چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم

09:34 - 2022-04-11
کوردستان
597 جار خوێندراوەتەوە

«هەرێمی كوردستان دەتوانێ بارگرانی قەیرانی گاز لە چەندین ناوچەی جیهان چارەسەر بكات، بەڵام بەر لەهەموو شتێك دەبێ چارەسەری ناكۆكی سیاسی بكرێت لەنێوان بەغدا و هەولێر، ئەوەی پەیوەندیدارە بە وزە و نەوت و غازەوە چارەسەر بكرێن»
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران تەئكید لە پێویستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم، دەكاتەوە.

رۆژی 9/4/2022، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی ئابووری دێڵفی لە یۆنان، رایگە‌یاند: ئەو قەیران و گرفتانەی كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بۆتەوە بە هەوڵی تاكەكەسی چارەسەر ناكرێت، چونكە كێشە نێودەوڵەتییەكان كاریگەرییان لەسەر هەموانە، بۆیە گرنگە سود لە ئەزموون و شارەزایی یەكتر ببینین، وتیشی: هەموان باس لە گۆڕانكاریی كەشوهەوا دەكەن، راستە ئێمە لە هەرێمی كوردستان هۆكاری گۆڕانی كەشوهەوا نین، بەڵام كەوتووینەتە ژێر گۆڕانكارییەكانییەوە، ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەش كە رووی كردۆتە هەرێمی كوردستان نموونەیەكی زیندووە. 
وتیشی: عیراق هێشتا لە جەنگدایە و قەیرانەكانی چارەسەر نەكراوە، نزیكی حەوت مانگ لەمەوبەر هەڵبژاردنمان كرد، بەڵام تائێستاش نزیك نەبووینەتەوە لە پێكهێنانی حكومەت. 
سوود لە ئەزموونی وڵاتان و كەسانی شارەزا ببینین
جێگری سەرۆك وەزیران لە درێژەی وتەكانیدا راشیگەیاند: كوردستان هەرێمێكی سەقامگیرترە، لەهەمانكاتدا رووبەڕووی ئاستەنگ و قەیرانەكان بەتایبەت قەیرانی دارایی بۆتەوە. هەروەها بەسەرسووڕمانەوە باسی لەوەكرد كە یەكێك لەو بابەتانەی لە پانێلەكانی كۆڕبەندی ئابووری دێڵفی-دا بەدینەكردووە و باسنەكراوە، بابەتی حوكمڕانی بووە، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: گەندەڵی جێی نابێتەوە ئەگەر حوكمڕانێكی باش هەبێت و شەفافییەت هەبێت و خزمەتگوزارییەكان بگاتە دەست هاووڵاتیان. 
هە‌ر لەمبارەیەوە وتی: خۆشحاڵم یۆنان توانیویەتی رووبەڕووی ئاڵنگارییەكانی ببێتەوە و زۆربەی دامەزراوەكانی بەدیجیتاڵی بكات ئەمەش وادەكات شەفافتر بێت، لەم چوارچێوەیەشدا دەتوانین سوود لە ئەزموونی یۆنان ببینین، بەتایبەت لە بواری گەشتیاریدا، هەرێمی كوردستان خاوەنی چەندین دیمەنی سروشتی و دڵڕفێنە، بەڵام دەبێ سوود لە ئەزموونی وڵاتان و كەسانی شارەزا ببینین و خۆمان لە نەفرەتی نەوت رزگار بكەین. 
گرتنەبەری ستراتیژێكی  راست و دروست
جێگری سەرۆك وەزیران وتیشی: لەڕووی كشتوكاڵیشەوە ئێمە خاوەن خاكێكی بەپیتین و بە گرتنەبەری ستراتیژێكی راست و دروست دەتوانین نەك تەنیا خۆراك بۆ 6 ملیۆن هاووڵاتی خۆمان یان 40 ملیۆنەكەی عیراق دابین بكەین، بەڵكو دەتوانین بۆ تەواوی بازاڕێكی فراوانتر خۆراك دابین بكەین بەتایبەت ئەوانەی بەهۆی شەڕەوە زیان بەر ئاسایشی خۆراكیان كەوتووە، راشیگەیاند: ئێمە لە هەرێمی كوردستان خاوەنی یەدەكی گەورەی نەوتین، هیچ گومانی تێدا نییە هەرێمی كوردستان دەتوانێ بارگرانی قەیرانی گاز لە چەندین ناوچەی جیهان چارەسەر بكات، بەڵام بەر لەهەموو شتێك دەبێ چارەسەری ناكۆكی سیاسی بكرێت لەنێوان بەغدا و هەولێر، ئەوەی پەیوەندیدارە بە وزە و نەوت و غازەوە چارەسەر بكرێن بەتایبەت كە بەم دواییانە دادگای فیدراڵی بڕیارێكی دەركرد و خەڵكی هەرێمی كوردستانی نیگەران كرد، بەڵام لەهەمانكاتدا بە شوێن دەرفەتێكدا دەگەڕێیین ئەم كێشانە چارەسەر بكەین لەگەڵ بەغدا و هەرێمی كوردستان بكەینە لایەنێكی كارا.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان