لە یادی دوو تێكۆشەرە دڵ گەورەكەی كوردایەتیدا

09:52 - 2022-04-11
کوردستان
290 جار خوێندراوەتەوە

مەریوان مەسعود

(43) ساڵ لەمەوبەر، لە رۆژێكی شوومی نیسانی ئەو ساڵەدا، لە كاتی دەوامی رەسمیدا،  دڕندەكانی بەعس، حورمەتی دادگای هەولێریان شكاند و هەردوو پارێزەر و نووسەر و رۆژنامەنووس و تێكۆشەر (عەلی هەژار و كاردۆ گەڵاڵی)یان دەستگیركرد و بۆ هەتا هەتایە سەرنگومیان كردن.
ئەو رۆژە، پەڵەیەكی رەش، هەولێری داگرتبوو، چونكە دوو خوێنەواری گەورە، دوو تێكۆشەری چاونەترس و بە جەرگ-ی ئەوێ‌ رۆژێیان لە چاو تروكانێكدا ون كرد و شەمشەمە كوێرەكانی بەعس و خۆفرۆشان، ئەم دوو جوامێرەی كوردایەتییان بە گرتدا.
عەلی هەژار، بە تەمەن لە كاردۆ گەورەتر بوو، بەڵام لە هاوڕێیەتی و دۆستایەتی و تێكۆشان، هەمیشە وەكو برایەك هەڵسوكەوتیان لەگەڵ یەكتر دەكرد، كاردۆ گەڵاڵیش هەمیشە وەكو مامۆستایەك و تێكۆشەرێكی سەر راست و بە ئەزموون لە هەژار-ی دەڕوانی... هیچ مەجلیسێكی رۆشنبیران و ئەدیبان و یاساناسانی هەولێر نەبوو ئەم دوو جوامێرە بە ئەزموونی خۆیان دەوڵەمەندی نەكەن. خۆ ئەگەر بە دەگمەن یەكێكیان بە تەنیا ببینرایە، دەبووە پرسیار لای خەڵكی (ئەی كوا ئەوەی تر؟)... بۆیە گرتنەكەیان لە یەك رۆژ و لە 9/4/1979 بوو، هەر چەندە تەرمی پیرۆزیان تا نووسینی ئەم ستوونەش كە 43 ساڵ بەسەریدا تێدەپەڕێت نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لە دوای راپەڕینی 1991، بە پێی چەند بەڵگەیەكی بەعسییەكان كە لە فەرمانگە ئەمنییەكان دۆزرانەوە، ئەم دوو تێكۆشەرە، لە یەك رۆژیش لە ساڵی 1985 لە سێدارە دراون لەسەر ئەو شكۆمەندیی و كوردایەتییەی بۆ هەتا هەتایە بوونەتە جێگای شانازیی بنەماڵەكانیان.
ئەگەر، ئەو هاوكێشەیە راست بێت كە لە كوردەواریی هەیە، دەڵێت (خاڵ) لە (مام) خۆشەویسترە، ئەوا كاردۆ خاڵی بچووكی من بوو، خاڵێك تەمەن رێگەی پێنەدا تاسەر هەست و سۆزیی خۆیمان بۆ دەربڕێت، هەرچەندە كە بەعسییەكان دەستگیریان كرد، من تەمەنم دوو ساڵ بووە و بەپێی گێڕانەوەكانی دایكی ئازیزم بێت كە خوشكی گەورەی شەهید كاردۆیە، هەمیشە كە چووە بۆ دەوام و دوای نیوەڕۆیانیش بە نهێنیی چووە بۆ شاخ و گوندەكان تا مناڵانی لادێ‌ فێری خوێندەواریی بكات، كە گەڕاوەتەوە ماچێك و باوەشێكی منی كردووە و ئینجا چۆتەوە ماڵەوە.
شەهیدبوونی كاردۆ گەڵاڵی و عەلی هەژار، هەر ئێمەیان خەمبار و داخ لە دڵ نەكرد، بەڵكو هەموو تێكۆشەران و نووسەران و رۆژنامەنووسان و یاساناسان و پێشمەرگەكانیشیان خەمباركرد، چونكە ئەم دوو زاتە، بە دوو تێكۆشەرە دڵ گەورەكە ناسرابوون، بە رۆژ لە خزمەت یاساو پارێزەری خەڵكی هەژاربوون، دوای نیوەڕۆیان مناڵانی لادێ‌ و گوندەكانیان فێری خوێندەواری دەكرد، ئێوارانیش كۆڕی نووسەران و رۆژنامەنووسانیان گەرم دەكرد بە دەم گوێگرتن لە شیعرەكانی (هێمن موكریانی) شاعیری هاوڕێیان كە دۆستی نزیكیان بوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان