بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میدیای ئەڵمانیادا

10:29 - 2022-04-11
ڕاپۆرت
311 جار خوێندراوەتەوە

ئا: بورهان ئەمین

وەکو سزایەک لە بەرامبەر هێرشکردن و پەلاماردانی ئۆکراینا و ئەو کوشتارەی کە لە ئەنجامی جەنگ دروست بووە، پێش ماوەیەک رێكخراوی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، روسیای لە کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی رێکخراوەکە دوورخستەوە، لە کۆی 193 وڵاتی ئەندام 93 وڵات بە بەڵێ بۆ بڕیارەکە و24  بە نەخێر بوو 58 وڵاتیش دەنگیان بۆ نەداو بێلایەنیان هەڵبژارد، UN ئەو وڵاتەی به‌ ئه‌نجامدانی پێشێلكاریی و خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ جه‌نگی ئۆكرانیا تۆمەتبار کرد، ئەو کەیسە لە کەناڵەڵەکانی میدیای ئەڵمانیا پانتاییەکی زۆری داگیرکرد و چاودێرانیش لەسەری دووان.

روسیا هەموو مافەکانی خۆی لەدەست دەدات
Spigel Online لەراپۆرتێکیدا نووسیویەتی روسیا بەم بڕیارە هەموو مافەکانی خۆی لەناو رێکخراوەکە لەدەست دەدات تەنانەت نابێتە چاودێریش کە ئەمە بۆ وڵاتێکی وا گەورە لە شایستەیی کەم دەکاتەوە.گۆڤارەکە دەڵێت: وڵاتانی ناو گروپی  G7 هەر لەسەرەتای جەنگەکەوە ئەو پێشنیارەیان کردبوو بەتایبەتیش ئەڵمانیا هەمیشە پێداگیری کردووە، هەربۆیەش پێش لە دەرکردنی بڕیارەکە، نوێنەری ئەڵمانیا روونکردنەوەی لەسەر پیشێلکاریەکانی سوپای روسیا دا لە دژی ئۆکرانییەکان.
 رۆژنامەی Bild لە راپۆرتێکی شیکاریدا دەڵیت: هەرچەندە بڕیارەکە رەمزیە و لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بۆ روسیا باش نییە، بەڵام «فلادیمێر پوتین» گوێ بەو بڕیارە نادات و کاتێک ئەو جەنگەی هەڵگیرساندووە، حیسابی بۆ هەموو ئەو ئەگەرانەش کردووەو کاردانەوەشی دەبێت.  

شكستێکی گەورەیە بۆ  روسیا 
رۆژنامەی Badische Zeitung نوسیویەتی ئەو بڕیارە شكستێکی گەورەی روسیا نیشان دەدات لە بواری مافی مرۆڤ و ئەنجامی ئەو پیشێلکاریانەیە کە رۆژانە سەربازانی روسی لە بەرەکانی جەنگ دەرهەق بە خەڵکی بێتاوان و مەدەنی ئۆکرانیا دەیکەن. 

هەڵوێستی چین
Nord Bayerische Kurier  دەڵێت: دەنگدان لەسەر ئەو بڕیارە مەیلی چینی بە تەواوی دەرخست لە پشتیوانی پوتین، ناتۆش بەوە دەزانێت هەربۆیە هەڵوێستی پەکین کاریگەری زۆری بەسەر بڕیارەکانی ناتۆدا هەیە، ئەمریکاش دەمێکە درکی بەو راستیە کردووە کە چین لەگەڵ روسیایە، بەڵام ئەوروپییەکان تازە پێی دەزانن و دەبێت هەڵوێستی جدیان بەرامبەر بە چین هەبێت.

فینلەندا و سوید
رۆژنامەی Suddeutsche Zeitung  لەمبارەیەوە نوسیویەتی ئەو دیمەنە تراژیدیانەی کە رۆژانە لەو جەنگە روودەدەن وایکردووە سەرتاپای جیهان ترسی لێ بنیشێت بەتایبەتیش دراوسێکانی روسیا وەک فینلەندا و سوید، هەربۆیە زوو داوای ئەندامێتیان لەناو هاوپەیمانی ناتۆدا کردوەو ناتۆش لاری لەوە نییە، هەروەها نویسیویەتی جەنگ یاسا و رێسای خۆی هەیە و نابێت لە هێڵە سوورەکان لابدرێت، ئەوەی لە ئۆکرانیا روودەدات وایکرد نەتەوە یەکگرتوەکان ئەو سزایە بسەپێنێ و هەڵبەت چاوەڕوان دەکرێت روسیا کاردانەوەی خراپ بنوێنێت.

سەرچاوە:  میدیاکانی ئەڵمانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان