دیاردەی بەرزبوونەوەی نرخ لە بۆنەکاندا

10:55 - 2022-04-11
ڕاپۆرت
357 جار خوێندراوەتەوە

كەركوك، هێمن ئەحمەد

بەرزکردنەوەی نرخی کەلوپەل و شتومەکەکان لە مانگی رەمەزان و بۆنەکاندا وەک دیاردەی لێهاتووە، لەبەرئەوەی لەکاتی بۆنەکاندا خواست لەسەر کەلوپەل و شتومەکەکان زیاد دەکات فرۆشیاران بە هەلی دەزانن بە رێژەیەکی بەرچاو نرخی شمەکەکان بەرز دەکەنەوە، هاووڵاتیان نیگەرانن لە دۆخی بازاڕ و لایەنی پەیوەندیداریش دەڵێن، چاودێری دەکەن.
 
ناهاوسەنگیی لەنێو هاووڵاتیاندایە
ئامانج محەمەد، فەرمانبەرە لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك لەسەر گرانبوونی نرخی شمەك بۆ كورستانی نوێ وتی: خەڵكی لەمانگی رەمەزاندا زیاتر بازاڕی دەكەن و پێویستیان بەشتومەك هەیە، رەنگە هەندێک کات لەبەرئەوە بێت کە حەزیان لێیە یان ئەوەی ناتوانن زوو زوو بچنە بازاڕ بۆیە بازرگان ‌و دوكاندارەكانیش بە هەلی دەزانن و بە ئارەزووی خۆیان نرخ بەرز دەكەنەوە.
وتیشی: حكومەت بەرپرسی یەكەمە لە كۆنترۆڵكردنی ئەم بارودۆخەی بازاڕەكانی شاری كەركوك و دانانی نرخ بۆ كاڵا و شتومەكەكان، تاكو هاووڵاتیانیش حسابی خۆیان بزانن و بتوانن بە ئارەزووی خۆیان پێداویستیەكانیان بكڕن، بەڵام هیچ چاودێرێك لەناو بازاڕدا نەبێت و لێپرسینەوە نەبێت، چۆن بازاڕ كۆنترۆڵ دەكرێت، بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەین لێپرسینەوە و سزای ئەو جۆرە بازرگان و دوكاندارانە بدەن كە خەریكی بەرزکردنەوەی نرخی شتومەكانن لەناو بازاڕەكاندا، چونكە بەڕاستی هاووڵاتیان توانای ئەو نرخە زۆرە و بازاڕە بێ‌ كۆنترۆڵەیان نییە و بژێوی ژیانیش زۆر قورسبووە.

دیاردەیەكی دزێوو نەشیاو
تەرزە فایەق، دانیشتووی گەڕەكی شۆریجەی شاری كەركوك، لەسەر گرانبوونی نرخی شتومەك لە مانگی رەمەزاندا بە كوردستانی نوێی وت: یەكێك لەو دیاردە دزێوە ناشیرینانەی  ساڵانە لە بازاڕی کەرکوک بەدیدەکرێت زیادكردنی نرخی شتومەكە لە مانگی رەمەزان،  ژمارەیەک فرۆشیار بەبێ گوێدانە پەیامەکانی ئەم مانگە بە ناوی بازاڕی ئازادەوە قۆڵی فەقیرو كەمدەرامەت دەبڕن.
وتیشی: حكومەت ‌و دەسەڵاتداران بە بەرپرسی یەكەم دەزانم لەم جۆرە دیاردانە، كە دەبێت ئەوان وەكو لایەنی پەیوەندیدار بێنە ناو بازاڕو چاویان بەخەڵك بكەوێت‌ و لە ژیانی رۆژانەیان بپرسنەوە.
باوكی جوامێر، سەرقاڵی بازاڕكردن بوو، پێیوا بوو ژمارەیەكی بەرچاو لە دوكاندارەکان نرخی خواردنیان بەرزکردۆتەوەو بەهەلی دەزانن و بازرگانان خۆیانی پێ‌ دەوڵەمەند دەكەن لەسەر گیرفانی هاووڵاتی، ئەویش پێیوابوو چاودێر لەسەر بازرگان و دوكاندارەكان نییە.
مامە حەمەی سەوزەفرۆش وتی، پێش رەمەزان کیلۆی تەماتە بە 750 دینار بوو، بەڵام ئێستا بەهەزارو 250 دینارە، ئەمەش بەس لەبەر ئەوەی رەمەزانە و هیچی تر، هەموو ساڵێك ئەم كاتانە وایە.

بازاڕ لە رەمەزاندا جێگەی نمایشە 
گەیلان عەلی دوكانی وشكەی هەیە لەبازاڕی رەحیماوا بە كوردستانی نوێی وت: بازاڕ داواكاریی و نمایشە، ئەم حاڵەتە زۆر ئاساییە هەموو ساڵێك لەم كاتەدا شت كەم دەبێت و بازاڕیش گران دەبێت، بۆ نموونە نیسك و فاسۆلیا و ئەو شتانە نرخەكەی دەوەستێت و گران دەبێت.
ئەو دوكاندارە وتیشی: هۆكاری ئەمەش نەبوونی كۆنترۆڵی بازاڕە لەلایەن چاودێری داراییەوە، ئێستا من دەتوانم شتێك بە (10) هەزار بفرۆشم، دەشتوانم بیدەم بە هەزار دینار، بەڵام ئەگەر كۆنترۆڵ هەبوو ئەوە نابێت هەر كەسە و بە ئارەزووی خۆی نرخ دابنێت.
هاوڕێ زەنگەنە ئەندامی لیژنەی قائیمقامییەتی كەركوك و چاودێر لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی شمەك لە بازاڕەكان، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هەر دوكاندارێك لەم مانگەدا نرخی شتومەك بەرز بكاتەوە ئەوە بەپێی یاسا سزای توند دەدرێت و هەندێ جار بەندیش دەكرێن، بۆ ئەو مەبەستەش چەند لیژنەیەكی چاودێری بۆ ئەم مانگە دیاریكراوە و لە نزیكەوە چاودێری بەرزبوونەوەی نرخی شتومەكەكان دەكەن.

لیژنەكان لەهەوڵی كۆنترۆڵكردنی بازاڕدان
وتیشی: ئێستا لیژنەیەكمان بۆ كۆنترۆڵی بازاڕ، بە هاوكاری شارەوانی و هێزەكانی پۆلیس بۆ چاودێرییكردنی بازاڕەكان و ئاگاداربوون لە بەرزبوونەوەی نرخی شتومەكەكان دیاری كردووە، خۆی بەگشتی لە رەمەزاناندا شتومەكەكان زیاد دەبێت نرخی كاڵاكان زیاد دەبێت، بەڵام هەر هەفتەیەك نابات نرخەكانیان كەم دەبێت و دێتە خوارەوە، هاووڵاتیانیش لەترسی ئەوەی كە لە بازاڕدا شت نەمێنێت، لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە دەكەونە شت كڕینێكی زۆر و دەیانەوێت كۆی بكەنەوە لەماڵەوە، دواتر ئێستا وەكو جاران نییە رۆژ بەرۆژ شتی زیاتر دێتە ناو بازاڕەكانەوە، ئەگەر هاووڵاتی خۆی شپرزە نەبێت بەهیچ شێوەیەك نرخی كاڵاكان زیاد ناكات.
وتیشی: لەبەرئەوەی بازاڕ ئازادە، سیستەمی بازاڕی ئازادیش یاسای تایبەتی خۆی هەیە، لەسەر بنەمای كێبڕكێیە، ئەو بازرگانانە لە هەموو شوێنێكی جیهانەوە شتومەك دەهێنن، لە یەک شمەک چەندین جۆر دەهێنن، ئەوەش كێبڕكێ لە نێوان بازرگانەكاندا دروست دەکات و نرخەكان بەرە و دابەزین دەڕۆن، بۆیە ئێمە ئەوەمان بەدیكردووە هیچ شتێك بەو جۆرە گران نەبووە، تا ئێستاش هیچ سكاڵایەكمان بە دەست نەگەیشتووە لەلایەن هاووڵاتی و لیژنەكانەوە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان