یوتیوب، منداڵ شەرمن و ترسنۆك دەکات

11:04 - 2023-01-08
هەمەرەنگ
411 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی، هێمن ئەحمەد


یوتیوب یەكێكە لە سایتەكانی ئینتەرنێت كە تایبەتمەندی خۆی هەیە و هەڵگری كۆمەڵێك خەسڵەتی تایبەتە بە منداڵ و خێزان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی نێو كۆمەڵگە، هەندێكجار ئەم سایتە جۆرەها بابەتی ڤیدیۆیی و فیلم كارتۆن و فیلمی كۆمەڵایەتی كە هەندێكیان شیاوە و هەندێكی تریشیان بەپێچەوانەوەیە تێدایە، بۆیە منداڵ دەكات بە رۆبۆت و دەكەوێتە ژێر كاریگەری ئاراستەكانی ئەو سایتەوە كە لەدوا رۆژدا دایك و باوك و كۆمەڵگە تووشی جۆرەها كێشە دەبن و منداڵەكەیان بەدەست كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە دەناڵێت ‌و چارەسەركردنیان زۆر زەحمەت دەبێت.

پێگەیاندنە دەروونییەكان لە یوتیوبدا گرنگە
دەروونناس تیشك حەمید، لەسەر تماشاکردنی یوتیوب لەلایەن منداڵەوە دەڵێت: لە زۆربەی وڵاتاندا تا ئێستا نەتوانراوە وەكو پێویست چارەسەر و پرۆگرامی تایبەتی بۆ دابنرێت كە بابەتە شیاوەكانی نێو كۆمەڵگە پیشانی منداڵان بدرێت، چونكە هەندێكجار بابەتە نەشیاوەكان دەبنە گرێیەكی دەروونی گەورە بۆ منداڵ كە لەدوا رۆژدا لێدەرچوون لێی زۆر زەحمەتە و چارەسەركردنیشی ئەستەم دەبێت.
وتیشی: راستە، یوتیوب كەشێكی ئارام بۆ منداڵ درووست دەكات، بەڵام لە دوا رۆژدا دەیكات بە منداڵێكی راڕاو ترسنۆك و شەرمن كە لە هەموو شتەكانی كۆمەڵگەو دەوروبەریدا دوو دڵ دەبێت، هاوکات لە پێكهێنانی خێزاندا كێشەی زۆری بۆ درووست دەبێت، چونكە كەسێكی راڕای لێدەردەچێت، بۆیە دەبێت زۆر بە وریایی مامەڵە لەگەڵ کاریگەرییەکانی یوتیوب بۆ منداڵ بكرێت، ئەویش لەسەر دایک و باوکان و دەسەڵاتدارانە بەرنامەی درێژخایەنی پەروەردەییان هەبێت بۆ ئەوەی لەدوا رۆژدا منداڵێكی تەندروست پێبگەیەنرێت.

لایەنە نەرێنییەكانی زیاترە
عەلی محمەد، خاوەنی دوو منداڵی تەمەن سێ ساڵ و چوار ساڵە، لەسەر بەكارهێنانی سایتی یوتیوب، وتی: راستە ئەم سایتە منداڵ سەرقاڵ دەكات و كەشێكی هێمن ‌و ئارامی بۆ دەخوڵقێنێت و سەرقاڵی دەكات بەجیهانی ناو شاشەو دەتوانێت بە یەك كلیك جیهان بهێنێتە بەر دەستی، بەڵام لە بەرامبەردا هەستەكانی دەمەیەت و دەیكاتە منداڵێكی رۆبۆت و لەنێو خێزاندا كۆمەڵێك كێشەی بۆ درووست دەبێت و دەستەمۆی ئەو داهێنانە ژەهراوییانە دەبێت و لەدوا رۆژیشدا كێشەی پشت ئێشە و لاوازی بینی بۆ دروست دەبێت و رەفتاری توندوتیژ دەبێت، چونكە یوتیوب جیهانێكە و كاتێك ئایپاتەكەی لێوەردەگریتەوە سەیر دەكات لە جیهانێكی تردا دەژی ئەمەش وایلێدەكات منداڵێكی دەروون راڕای لێدەرچێت.

پێویستی بە بەرنامەی دیاریكراو هەیە
رۆشنا عەلی، دایكی دوو منداڵە، لەسەر بەكارهێنانی یوتیوب دەڵێت: هەر چەندە منداڵەكانم تا رادەیەك لە كۆڵان و هەڵسوكەوتی خراپی منداڵی خەڵك دوورخستۆتەوە و سەرقاڵیانم كردووە بە بەكارهێنانی یوتیوبەوە، بەڵام دەبینم هەندێك هەڵسوكەوتی نامۆ تێیاندا روودەدات، بۆیە لەئێستادا بەرنامەیەكی دیاریكراوم بۆ منداڵەكانم داناوە ئەویش ئەوەیە لە ژێر چاودێری خۆم رۆژانە سەعاتێك یوتیوب و ئینتەرنێت بەكاربهێنن ‌و ئەو بەرنامانەیان بۆ هەڵدەبژێرم كە تایبەتە بە زمان و یاریكردن و وێنەكێشان، هەندێكجار خۆشم بەشداری سەیركردنەكانیان دەكەم و دووریان دەخەمەوە لە بەرنامە نەرێنییەكان.
وتیشی: پەروەردەكردنی منداڵ پێویستییەكی گرنگی هەیە لە نێوان دایك و باوكدا بۆ ئەوەی ئەو منداڵە پێبگەیەندرێت كە لەڕووی ئاوەز و رۆشنبیرییەوە بۆ هەردوولا گرنگە، لەهەمان كاتیشدا پەروەردەی كوڕ لەگەڵ كچدا جیاوازییان هەیە، بۆیە بەكارهێنانی ئەم سایتەش لە نێوان هەر دوولادا جیاوازی هەیەو بەكارهێنانی پرۆگرامەكانیش بۆ هەر یەكێكیان جیاوازی هەیە.

پێویستی بە چارەسەری دەروونییە
شادیە محەمەد، دایكی كوڕێكی تەمەن شەش ساڵانەو دەڵێت: سەرەتای ئەمساڵ منداڵەكەم خستەبەر خوێندن و دوای دە رۆژ سەردانی قوتابخانەكەم كرد بۆ ئەوەی بزانم ئاستی خوێندن و تێگەیەشتنی چۆنە، ئەوە بوو مامۆستاكەی پێی راگەیاندم ئایا ئەم منداڵە ئایپاد و مۆبایل دەگرێتە دەستەوە؟ پێموت بەڵێ بۆ مامۆستا؟ وتی: ئەم منداڵە لەناو پۆل دانانیشێت بەردەوام خەیاڵی لە شوێنێكی ترە، بۆیە منیش هەمان رۆژ ئایپاد و یارییەكانیم لێشاردەوە، ئەوە بوو دوای چەند هەفتەیەكی تر دووبارە سەردانی قوتابخانەكەیم كردەوە هەمان مامۆستا وتی كە 70 % ی هەڵسوكەوتی دەروونی منداڵەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و بەرەو باشبوون دەچێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد پێویستە ئایپاد و كەرەستەكانی تری منداڵ سنووردار بكرێت و فێری ئەوە بكرێت چۆن و چ كاتێك بەكاریبهێنێت، بزانێت هەموو شتێك كاتی دیاریكراوی خۆی هەیە، بۆیە لێرەوە داوا لە گشت دایك و باوكان دەكەم تا دەتوانن منداڵەكانیان لە ئامێرەكانی ئایپاد و سەیری كردنی یوتیوب كەمبكەنەوە.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان